دیدگەی سەرۆك بارزانی بۆ سەقامگیریی لە ڕۆژئاوای کوردستان

دیدگەی سەرۆك بارزانی بۆ سەقامگیریی لە ڕۆژئاوای کوردستان
دیدگەی سەرۆك بارزانی بۆ سەقامگیریی لە ڕۆژئاوای کوردستان

سووریا و ناوچەکە بەگشتی بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕن، کە پێویستی بە ژیرییەکی سیاسی قووڵ هەیە. پێویستە لۆژیکی ئارامی لە پێش لۆژیکی ڕووبەڕووبوونەوە دابنرێت. لەم چوارچێوەیەدا، هەڵوێستەکانی سەرۆك مەسعود بارزانی وەکوو دەربڕینی دیدێکی سیاسی دەردەکەون، کە بەدوای سەقامگیری و ئاشتییەکی هەمیشەییدا دەگەڕێت، نە تەنها بۆ کورد، بەڵکو بۆ هەموو گەلانی ناوچەکە. 

بانگەوازەکەی سەرۆك بارزانی لە سەر تۆڕی کۆمەڵایەتی (X) بۆ دەسەڵاتدارانی سووریا بۆ ئەوەی ناکۆکییە سیاسییەکان نەگۆڕن بۆ ململانێی نەتەوەیی و نەژادی، ڕێبازێکی بەرپرسیارانەیە، کە لەگەڵ بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی و ڕۆحی پێکەوەژیان لە نێوان پێکهاتەکاندا دەگونجێت.

ئەو پەرەسەندنانەی لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە لە شاری حەلەب ڕوویان داوە نیگەرانییەکی ڕەوایان دروست کردووە؛ بەتایبەتی، لەبەر ڕۆشنایی ئەو ڕاپۆرتانەی باس لەوە دەکەن، کە گوشار دەخرێتە سەر دانیشتووانی کورد تاوەکوو زێدی خۆیان جێ بهێڵن، ئەمەش هەڕەشە لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی دەکات و متمانە بە پرۆسەی چارەسەری سیاسی لاواز دەکات. 

لەم ڕوانگەیەوە، چارەسەرکردنی ئەم کێشانە پێویستی بە ڕێبازێکی گشتگیر هەیە لەسەر بنەمای پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی و ڕێزگرتن لە تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگا و ڕێگریی لە هەر کردارێك، کە ببێتە هۆی گۆڕانی دیمۆگرافی یان ئاوارەبوونی زۆرەملێ.

کورد، هەمیشە فاکتەرێکی سەقامگیری بووە لەو ناوچانەی کە تێیدا دەژین و ئەزموونیش دەری خستووە، کە بەشدارییان لەژیانی سیاسی لەسەر بنەمای هاوبەشی و دانپێدانانی هاوبەش کاریگەری ئەرێنی لەسەر ئاسایش و گەشەپێدان دەبێت، کەواتە دەستەبەرکردنی مافەکانی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان ناکۆك نییە لەگەڵ یەکڕیزیی سووریا، بەڵکو بەهێزی دەکات و بناغەیەکی پتەو بۆ دەوڵەت دابین دەکات بۆ پێکەوەژیانی ناوخۆیی.

لەم چوارچێوەیەشدا، سەرۆك بارزانی بەردەوام جەختی لەوە کردۆتەوە، کە دۆزی ڕەوای کورد بابەتێکی دەستووری و مافەکانی مرۆڤە، نەك پرۆژەی ململانێ و ڕووبەڕووبوونەوە. ئەم تێڕوانینەی سەرۆك بارزانی کە لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتییەکان تەبایە، کە جەخت لەسەر پاراستنی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکان دەکاتەوە وەکوو بەردی بناغەی سەقامگیریی درێژخایەن.

بێ گومان ناکرێت نکۆڵی لەوە بکرێت، کە ئاڵۆزییەکانی سووریا کاریگەری کارلێكی لە بەرژەوەندییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان هەیە. بەڵام قۆناغی ئێستا پێویستی بە هەموو لایەنە هەرێمییەکان هەیە، کە لۆژیکی کێبڕکێ بگۆڕن بۆ لۆژیکی هاوبەشی و سەقامگیری. 

بەردەوامیی گرژی لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان خزمەت بە بەرژەوەندی هیچ لایەنێك ناکات ،بەڵکو دەرگا بۆ شەپۆلی نوێی ناسەقامگیری دەکاتەوە، کە کاریگەرییەکانی سنوورەکان تێدەپەڕێنێت.

لەم ڕوانگەیەوە، پشتیوانیی لە چارەسەری سیاسی، هاندانی دیالۆگ لە نێوان پێکهاتەکانی سووریا، و دوورکەوتنەوە لەو سیاسەتانەی کە نیگەرانییە نەتەوەییەکان زیاتر دەکەن، بەرپرسیارییەتییەکی بەکۆمەڵە، کە دەکەوێتە سەر شانی ئەکتەرە هەرێمییەییەکان. ئاسایشی ناوچەکە بەیەکەوە بەستراوە و هەر تێکچوونێك لە سووریا کاریگەری لەسەر ژینگەی دەوروبەر دەبێت.

ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە دروستکردنی هاوسەنگی لە پەیوەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بەرچاوە، چونکە کاری لەسەر دروستکردنی پردی دیالۆگ و دوورکەوتنەوە لە سیاسەتی جەمسەرگیری و هەوڵدان بۆ چارەسەری پراکتیکی کردووە، کە شکۆمەندی گەلان بپارێزێت و بەرژەوەندیی دەوڵەتان لەبەرچاو بگرێت. لەم ڕوانگەیەوە هەڵوێستەکانی سەرۆك بارزانی سەبارەت بەوەی، کە لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕوو دەدات لە چوارچێوەی دیپلۆماسی خۆپارێزیدایە، کە ئامانج لێی ڕێگرییە لە پەرەسەندنی قەیرانەکان پێش ئەوەی لە کۆنترۆڵ دەربچن و تەشەنە بکەن.

پەیامی سەرەکی سەرۆك بارزانی ڕوونە: بەبێ دادپەروەری سەقامگیری نابێت، ئاشتیش بەبێ ڕێزی هاوبەش نابێت، و هیچ ئایندەیەك بۆ ناوچەکە نابێت، ئەگەر سیاسەتی پەراوێزخستن بەردەوام بێت، یان ئەگەر ئازارەکانی خەڵکی سیڤیل پشتگوێ بخرێت.

لە کۆتاییدا: لە جیهانێکدا کە بەرژەوەندییەکان بەیەکەوە گرێدراون، ژیریی سیاسی کورتترین ڕێگایە بۆ سەقامگیری. پاراستنی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە و دەستەبەرکردنی ئاسایش بۆ دانیشتووانەکەی، تاقیکردنەوەیەکی گرنگە بۆ جددییەتی قۆناغی نوێ لە سوریا و دەرفەتێکە بۆ سەلماندنی ئەوەی، کە لۆژیکی دەوڵەت پێش لۆژیکی چەك دەکەوێت، لەهەمانکاتدا وەڵامدانەوەی ئەرێنی بۆ بانگەوازەکەی سەرۆك مەسعود بارزانی هەنگاوێکە بەرەو ئاشتیی بەردەوام لەسەر بنەمای هاوبەشی و ڕێگریی لە قەیرانی زیاتر لە ناوچەکە.