د. سامان سۆرانی
نووسەر
ماف و هێز و حیکمەت، خوێندنەوەیەکی فەلسەفی بۆ ئەزموونی سەرۆك مەسعود بارزانی
لە ناو ئەو گۆڕانکارییە قووڵانەی کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوودەدەن، کە پڕۆژەکانی کاریگەری نێودەوڵەتی یەکتردەبڕن لەگەڵ دابەشبوونی هەرێمیی و ململانێی ناسنامە، ئەزموونی بێ وێنەی سەرکردایەتی دەردەکەون، کە توانیویانە کڕۆکی پرسە ڕەواکان بپارێزن، بەبێ ئەوەی بخزێنە ناو سەرکێشی و دابڕان.
ئەزموونی سەرۆك مەسعود بارزانی نموونەیەکی زۆر بەرجەستەیە، چونکە هەڵگری ئەزموونێكە، کە شەرعییەتی مێژوویی و بەڕێوەبردنی دەسەڵات و حیکمەتی سەرکردایەتی تێکەڵ کردووە.
دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان، وەکوو دۆزی گەلێکی بێ بەشکراو لە لە مافە سیاسییەکانی بۆ چەندین دەیە، هەرگیز تەنیا دروشمێکی سۆزداری یان داواکارییەکی کاتی و تێپەڕ نییە، بەڵکو مەسەلەی بوون و ناسنامە و شکۆمەندییە.
سەرۆك مەسعود بارزانی لە ڕێگەی زیاتر لە شەش دەیە لە خەبات و ئەزموونی سیاسییەوە گەیشتۆتە ئەو باوەڕەی، کە بەرگریکردن لەم مافە بە دروشم و سەرلێشێواوی بەدەست ناهێنرێت، بەڵکو بە تێگەیشتنێکی قووڵ لە ئاڵۆزییەکانی واقیع و هاوسەنگییەکانی دەستەبەر دەکرێت.
هزری سەرۆك مەسعود بارزانی لەسەر ئەو باوەڕە پتەوە بونیادنراوە، کە مافی ئازادی و مافی چارەی خۆنووسینی گەلی کوردستان مافێکی سروشتی و ئەخلاقییە، پێش ئەوەی ببێتە مافێکی سیاسی.
ئەم تێگەیشتنە دۆزی کورد دەخاتە چوارچێوەی فەلسەفەی سیاسیی مۆدێرنەوە، کە شەرعییەتی داخوازییە نەتەوەییەکان بە ئیرادەی خەڵك دەزانێت، نەك لە بڕیاری زلهێزەکانەوە هەڵقووڵابێت.
لەگەڵ ئەوەشدا، سەرۆك بارزانی ئەم مافەی وەکوو بیانوویەك بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بەردەوام نابینێت، بەڵکو بە سەرچاوەیەکی ئەخلاقی دادەنێت، کە ڕێنمایی کرداری سیاسی دەکات.
بۆیە هەمیشە هەوڵی داوە پرسی کورد وەکوو دۆزی گەلێك نیشان بدات، کە بۆ شکۆمەندی و ئاشتی تێدەکۆشن، نەك وەکوو هەڕەشەیەك بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە، یان بوون بە سەرچاوەی ئاژاوە. لە ڕێگەی ئەم گفتوگۆ هاوسەنگەوە توانیویەتی ئەم دۆزە لە پەراوێزی ململانێ هەرێمییەکانەوە بگوازێتەوە بۆ بواری دانپێدانانی نێودەوڵەتی.
لە فەلسەفەی سیاسیدا، هەبوونی ماف کافی نییە ئەگەر لەلایەن دەسەڵاتەوە پشتگیری نەکرێت، بەڵام دەسەڵات لێرەدا مانای توندوتیژی تەواو نییە. سەرۆك بارزانی مۆدێلێکی پێشکەوتووی پێشکەش کردووە لە پێناسەکردنەوەی چەمکی دەسەڵات، گواستنەوە لە هێزی چەك بەتەنیا و بۆ دەسەڵاتی دامەزراوەکان و شەرعییەت و سەقامگیری.
ئەم تێگەیشتنە بە ڕوونی لە بنیاتنانی هەرێمی کوردستان وەکوو قەوارەیەکی سیاسی خاوەن دامەزراوە فیدرالییەکان و ئەزموونێکی دیموکراسی تازەپێگەیشتوو و پێکهاتەیەکی ئابووری دەردەکەوێت، کە بە بەراورد لەگەڵ دەوروبەرە شڵەژاوەکەیدا وایکردووە هەرێم دورگەیەکی ئارام و تەژی سەقامگیری بێت. هەر وەها ئەم هێزە لە ڕۆڵی گرنگی هەرێمی کوردستان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بەتایبەتی داعش، دەرکەوت، کە بووە هاوبەشێکی باوەڕپێکراو بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
سەبارەت بە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ساڵی 2017، دەتوانرێت لە ڕووی فەلسەفییەوە وەکوو بەرجەستەکردنی ئیرادەی هۆشیارانەی گەلی کوردستان لێکبدرێتەوە، تەنانەت ئەگەر ئەنجامە سیاسییە ڕاستەوخۆکانیشی بەدەست نەهاتبێت.
ڕیفراندۆم دەربڕینی پێگەیشتنی سیاسی و هەوڵێکی ئاشتیانە بوو بۆ دانانی مافی گەلی کوردستان لەسەر مێزی مێژوو، نە بە توندوتیژی بەڵکو لە ڕێگەی سندووقەکانی دەنگدانەوە.
حیکمەت لە بیری فەلسەفیدا، توانای جیاکردنەوەیە لە نێوان ئەوەی کە دەبێت بەرگری لێبکرێت و ئەوەی کە دەبێت دوابخرێت، و لەنێوان نەگۆڕ و گۆڕاو.
لێرەدا یەکێك لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی ئەزموونی سەرۆك بارزانی بەدی دەکرێت. سەرۆك بەوە ناسراوە، کە زۆر هۆشیارە لە تێوەگلانی کورد لە ململانێی بێهوودە، کە خزمەت بە کڕۆکی پرسی کورد ناکات، جا هەوڵ و پیلان و فشارەکان بۆ ئەو کارە هەر شێوەیەك لەخۆ بگرن.
ئەم ڕێبازە واقیعیانە ڕەنگدانەوەی لاوازی نییە، بەڵکو تێگەیشتنێکی قووڵە لە سروشتی قۆناغی مێژوویی. سەرۆك بارزانی لەوە تێگەیشتووە، کە گەورەترین ئالنگارییەك، کە ڕووبەڕووی نەتەوە بچووکەکان دەبێتەوە نەبوونی ئازایەتی و دلێری نییە، بەڵکو هەڵەیەكە لە بڕیاردانی ئێستا. بۆیە هەمیشە ڕێگای دیالۆگ و هەماهەنگی و بنیاتنانی هاوپەیمانێتی هەڵبژاردووە، چ لەسەر ئاستی ناوخۆی کوردستان بێت یان لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراق بێت یان لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی.
لە ڕەهەندی فەلسەفی قووڵتردا، ئەزموونی سەرۆك بارزانی دەتوانرێت وەکوو بەرجەستەکردنی چەمکی سەرکردایەتی خزمەتکار ببینرێت، نەك سەرکردایەتی دەسەڵاتدار.
ئەو کولتوورێکی سیاسی دامەزراند کە سەرکردەی ڕاستەقینە وەکوو کەسێك دەبینێت، کە گەلەکەی لە سەرکێشی دەپارێزێت، نەك بە ناوی پاڵەوانێتییەوە گەلی خۆی بەرەو لێواری مەرگ پاڵ پێوە بنێت.
سەرۆك بارزانی کاری کردووە بۆ بنیاتنانی کولتوورێکی نەتەوەیی هاوچەرخی کوردی لەسەر بنەمای پێکەوەژیانی ئاشتیانە و ڕێزگرتن لە هەمەچەشنی نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبی و بەستنەوەی خەباتی نەتەوەیی بە بەها دیموکراسییەکان.
لێرەدا گرنگی ئەزموونەکەی وەکوو قوتابخانەیەکی ڕۆشنبیری و سیاسی بۆ نەوەکانی داهاتوو دەردەکەوێت.
لە کۆتاییدا، ئەزموونی سەرۆك مەسعود بارزانی ناتوانرێت کورت بکرێتەوە بۆ بڕیاری سیاسی یان هەڵوێستی کاتی. بەڵکو تێڕوانینێکی گشتگیرە کە میراتی خەبات و ڕیالیزمی سیاسی و خواستی نەتەوەیی ڕەوا تێکەڵ دەکات. حیکمەتی سەرۆك بارزانی توانیویەتی کوردستان بکاتە فاکتەرێکی سەقامگیر لە هەرێمێکی پڕ لە ئاژاوەدا و پرسی کورد وەکوو بابەتی ماف و دادپەروەری بە جیهان بناسێنێت، نەك وەکوو قەیرانی ئاسایشی.
لە کاتێکدا کە نەخشە و بەرژەوەندییەکان دەگۆڕدرێن ئەزموونی سەرۆك بارزانی وەکوو نموونەیەك دەردەکەوێت، کە مافەکان بۆ پاراستنیان پێویستیان بە دەسەڵاتە و دەسەڵات پێویستی بە حیکمەت هەیە بۆ ڕێنماییکردنیان. بەم هاوسەنگییە وردە، ناوی سەۆك بارزانی وەکوو سەرکردەی قۆناغێك و وەکوو سیمبولی ڕێگایەکی درێژی خەباتی عەقڵانی بۆ ئازادی و شکۆمەندی و ئاشتی بە بەردەوامی حزووری دەبێت.