وەهمی درەوشانەوە؛ لە کۆمەڵگەی بەهادار بۆ کۆمەڵگەی نمایش

وەهمی درەوشانەوە؛ لە کۆمەڵگەی بەهادار بۆ کۆمەڵگەی نمایش
وەهمی درەوشانەوە؛ لە کۆمەڵگەی بەهادار بۆ کۆمەڵگەی نمایش

لەم سەردەمەدا كە مرۆڤایەتی لەناو گێژاوی ڕەنگ و ڕووناکییە دەستکردەکاندا شوناسی ڕاستەقینەی خۆی ون کردووە. کاتێک "بوون" دەگۆڕدرێت بۆ "دەرکەوتن" و سەنگی مرۆڤ تەنها لە چوارچێوەی ئەو وێنەیەدا دەپێورێت کە نیشانی ئەوانی تری دەدات، لێرەدا قەیرانێکی بێدەنگ لە شوناس سەرهەڵدەدات. پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە کێ شوناسی ئەم نەوەیەی تێکدا؟ ئایا کێشەکە لە خودی گەنجەکاندایە، یان لەناو گێژاوی مۆدێرنەیەکی شێواودان؟

بۆ ماوەی چەندین سەدە، کۆمەڵگەی کوردی لەژێر سایەی سیستەمێکی توندی ئەخلاقیدا دەژیا کە چەمکی بەها ڕەسەنەکان تیایدا وەک دەستوورێکی نەنووسراو ڕۆڵی دەگێڕا. ئەم بەهایانە تەنها ڕێسایەک نەبوون بۆ شەرمەزارکردن، بەڵکو دیوارێکی پۆڵاین بوون بۆ پاراستنی شکۆی مرۆیی، ڕێزگرتن لە گەورە، ئەمەکداری و پاراستنی سەنگی کەسایەتی. بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ لە کوچە و کۆڵانەکان، لەناو ماڵەکان و بەتایبەتی لە جیهانی دیجیتاڵیدا دەیبینین، شۆڕشێکی پێچەوانەیە. ئیتیكی کۆمەڵایەتی وەک چەمک نەفەوتاوە، بەڵکو پێوەرەکانی گۆڕاون. ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین کە تیایدا فەزیڵەتەکان کاڵ بوونەتەوە و فاشیۆن و نمایش بوونەتە پێوەری نوێی شکۆمەندی.

یەکێک لە گەورەترین وەرچەرخانە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێستادا، گواستنەوەیە لە کۆمەڵگەی بەهاوە بۆ کۆمەڵگەی وێنە. لەم سەردەمەدا، لەدەستدانی ئیتیك (وەک درۆکردن، غەدرکردن یان بێوەفایی) چیدی کەسایەتی مرۆڤ لەکەدار ناکات، هێندەی ئەوەی نەبوونی ستایلێکی مۆدێرن یان نەچوون بۆ شوێنە گرانبەهاکان دەبێتە مایەی کەمبوونی سەنگی کەسەکە لە چاوی دەوروبەریدا.

سۆشیاڵ میدیا، ئاراستەیەكی بیركردنەوەی نوێیان لەناو گەنجاندا دروستكردووە کە دەڵێت "هەبوونی تۆ بەندە بە درەوشانەوەی وێنەکانت"، ئەم نمایشە بەردەوامە وایکردووە شکۆی مرۆڤ ببەسترێتەوە بەو ڕوکارەی کە نیشانی خەڵکی دەدات. کاتێک گەنجێک دەبینێت ناودارانی بەتاڵ بە نمایشکردنی ژیانی تایبەتی خۆیان و شکاندنی سنوورە ئەخلاقییەکان دەبنە جێی سەرنج و ڕێزی کۆمەڵگە، بە شێوەیەکی خۆنەویست ئەو مۆدێلە دەبێتە نۆرمی نوێ لای ئەو. لێرەدا شکۆمەندی مانایەکی مادی وەردەگرێت؛ ئەگەر مۆبایلەکەت مۆدێل کۆن بێت، هەست بە کەمبوونی سەنگت دەکەیت، بەڵام هەمان ئەو هەستەت نییە ئەگەر بۆ گەیشتن بەو مۆبایلە پەنا بۆ فێڵ و ناڕاستی ببەیت.

ناکرێت تەنها گەنجان تۆمەتبار بکەین. خێزانی کوردی لەم دە ساڵەی دواییدا تووشی جۆرێک لە شۆکی کەلتووری بووە. باوان، کە خۆیان لەژێر فشارێکی ئابووری و کۆمەڵایەتی تونددان، پەروەردەیان کورت کردووەتەوە لە دابینکردنی پێداویستی مادی. کاتێک خێزان هەموو هەوڵێکی ئەوەیە منداڵەکەی لە هاوڕێکانی کەمتر نەبێت لە ڕووی مادییەوە، بەبێ ئەوەی کات بۆ بونیادنانی ویژدان تەرخان بکات، ئەوا خۆی بەشدارە لە دروستکردنی نەوەیەک کە تەنها سەیری ڕوکاری شتەکان دەکات و بەها مەعنەوییەکان بە پاشکۆ دەبینێت.

هەروەها قوتابخانەکان لەبری پێگەیاندنی تاکێکی بەرپرسیار، زۆرتر ڕووی لە پێشبڕکێی نمرە و ڕەچاوکردنی تێڕوانینی کۆمەڵایەتی کردووە بۆ ئەوەی شکۆی خێزانەکەمان لەبەر چاوی خەڵک نەشکێت. ئەم دۆخە بووەتە هۆی دروستبوونی جۆرێک لە بۆشایی مەعریفی، کە وایکردووە نەوەی نوێ لەبەردەم کاریگەرییەکانی شاڵاوی کەلتووری مۆدێرن و ترێندەکاندا پێویستی بە بەرگرییەکی ئەخلاقی و هۆشیاریی قووڵتر هەبێت، كە پێویستە سیستەمی پەروەردە و فێركردن بازنەی بەرپرسیاریەتی فروانتر بكات وەك پەروەردەكردنەوەی ڕۆحی.

تاڵترین ڕاستی ئەوەیە کە لە کۆمەڵگەی ئێمە لەمڕۆدا، پێوەرەکانی شکۆمەندی جیاکارییان تێدایە. ئەگەر خاوەن سەرمایە یان دەسەڵات بیت، دەتوانیت زۆربەی بەها ئەخلاقییەکان پێشێل بکەیت و کۆمەڵگە هێشتا بە چاوی ڕێزەوە سەیری سەرکەوتنە مادییەکانت بکات. ئەمە وایکردووە گەنج بگاتە ئەو بڕوایەی کە ڕەوشت بارگرانییە و ڕێگری لێ دەکات بگاتە لوتکەی کۆمەڵایەتی كاتێك دەبینێت کە نمایشکاری و خۆدەرخستنی درۆینە، خێراترین ڕێگەی سەرکەوتنن. 

بۆ ڕزگاربوون لەم قەیرانە، پێویستمان بە پێناسەکردنەوەی چەمکی شکۆی مرۆیی هەیە. شکۆی ڕاستەقینە ئەوە نییە جلەکانت چەند گرانبەهان، بەڵکو ئەوەیە مێشک و ویژدانت چەندە پڕن. سەنگی کەسایەتی لەوەدا نییە لە گرانترین کافێ دانەنیشیت، بەڵکو لەوەدایە نەکەویتە ژێر کاریگەری ئەو شەپۆلە بێمانایانەی کە مرۆڤ دەکەنە کاڵایەکی بازرگانی.

گەنجانی ئێستا پێویستی بە مۆدێلی زیندووی وەک گەنجە داهێنەرەکان، نووسەرە جدییەکان و وەرزشوانە خاوەن پرەنسیپەکان هەیە، نەک بە ناودارانی بەتاڵ بە نمایشکردنی ژیانی تایبەتی خۆیان و بەزاندنی سنوورە ئەخلاقییەکان دەبنە ترێند. شکۆی ئەم نەوەیە تێكنەچووە، بەڵکو تەنها پێوەرەکانی لێ تێکدراوە. ئەگەر بمانەوێت نیشتمانێکی ئاوەدانمان هەبێت، دەبێت سەرەتا مرۆڤی خاوەن بەها بونیاد بنێینەوە، چونکە نیشتمان بەو ئیتیك و ڕەفتارانە دەناسرێتەوە کە تاکی ئەو کۆمەڵگەیە لە ژیانی ڕۆژانەیدا پیادەی دەکات.