د. سامان سۆرانی
نووسەر
بەشداریی هەرێمی کوردستان لە داڤۆسی 2026، ئامادەبوونێکی کارا لە کاتێکی نێودەوڵەتیی گرنگدا
کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە داڤۆس 2026، بە یەکێك لە گرنگترین پلاتفۆرمە نێودەوڵەتییەکان دادەنرێت، کە تیایدا سیاسەتەکانی ئابووری و سیاسیی جیهانی تاوتوێ دەکرێن؛ لە کاتێکدا جیهان لە هەندێك ناوچەدا گرژی جیۆپۆلەتیکی بێوێنە و سستیی ئابووری بەخۆیەوە دەبینێت.
کۆڕبەندی ئەمساڵ لە 19 تا 23 ی کانوونی دووەم لە داڤۆس کلۆستەرس لەژێر دروشمی "روحی دیالۆگ" لە سویسرا، بەڕێوە دەچێت، ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ پێویستی بەپەلە بۆ زیندووکردنەوەی کەناڵەکانی پەیوەندی و هاوکاریی نێوان وڵاتان لە جیهانێکدا، کە بەرەو جەمسەرگیریی زیاتر هەنگاو دەنێت.
کۆنفرانسی داڤۆسی 2026، بەشدارییەکی پێوانەیی سەرکردە و بڕیاردەران لەخۆ دەگرێت، چونکە چاوەڕوان دەکرێت ئەم ساڵ نزیکەی 65 سەرۆکی دەوڵەت و حکوومەت بەشداری تێدا بکەن، لەگەڵ زیاتر لە 1700 سەرکردەی بازرگانی جیهانی. جگە لە نوێنەرانی ئاست بەرزی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و دامەزراوە داراییە گەورەکان و پێشەنگەکانی تەکنەلۆژیا و داهێنان.
لەم چوارچێوەیەدا، ئامادەبوونێکی بەرچاوی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ بە سەرۆکایەتیی گەورەترین شاندی ئەمریکا، پێکهاتوو لە وەزیرانی دەرەوە و خەزێنەی ئەمریکا و وزە و بازرگانی، لە مێژووی کۆڕبەندەکەدا بەرجەستەیە. جگە لە بەشداریی سەرکردەکانی G7 و سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا ئورسولا ڤۆن دێر لاین و سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی و نوێنەرانی ئابوورییە گەورە و تازە پێگەیشتووەکان.
لەناو ئەم دیمەنە نێودەوڵەتییەدا بەشداریی هەرێمی کوردستان و دەوڵەتمەدار مەسرور بارزانی، بەهۆی ڕەهەندە سیاسی و ئابوورییەکانی بایەخێکی تایبەتی پێدەدرێت، کە لە پرۆتۆکۆلێکی سادە تێدەپەڕێت.
بەشداریی هەرێم، بە ناوی ماڵی كوردستان، لە چوارچێوەی پلاتفۆرمێکی جیهانی وەکوو داڤۆس، ڕەنگدانەوەی هەستێکی تەواوە بە گرنگی بەشداریی ڕاستەوخۆ لە پرۆسەی بڕیاردانی ئابووری جیهانیدا و جەخت کردنەوەیە لەسەر هەوڵی هەرێمی کوردستان بۆ پتەوکردنی پێگەی خۆی وەکوو هاوبەشێکی باوەڕپێکراو لە ژینگەیەکی ئاڵۆزی هەرێمیدا.
بەشداریی دەوڵەتمەدار مەسرور بارزانی، دەرفەتێك دەڕەخسێنێت بۆ خستنەڕووی ئەزموونی هەرێمی کوردستان لەبەدیهێنانی سەقامگیریی سیاسی و ئاسایش و کارکردن لەسەر جێبەجێکردنی چاکسازیی ئابووری و ئیداری بەمەبەستی باشترکردنی ژینگەی بازرگانی و هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات و بەرزکردنەوەی شەفافییەت و حوکمڕانی.
ئەم بەشدارییە، دەرفەتێکە بۆ تیشكخستنە سەر توانای وەبەرهێنان لە هەرێم، بەتایبەتی لە کەرتەکانی وزە، ژێرخان، کشتوکاڵ و وەرچەرخانی دیجیتاڵی، لە کاتێکدا وەبەرهێنەرە جیهانییەکان بەدوای ناوچەیەکی تا ڕادەیەك سەقامگیردا دەگەڕێن، کە بتوانێت وەبەرهێنانی درێژخایەنی تێدا جێبەجێ بکرێت.
ئامادەبوونی هەرێمی کوردستان لە داڤۆس، لەگەڵ بابەتە سەرەکییەکانی کۆڕبەندی ئەمساڵدا یەکتر دەبڕێت، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندیدارن بە ئاسایشی وزە و گۆڕانی ژینگە و تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی وەکوو زیرەکی دەستکرد و Quantum Computing (کۆمپیوتەری کوانتەم)، جگە لە وەبەرهێنان لە سەرمایەی مرۆیی.
هەرێمی کوردستان، خاوەنی سەرچاوەی سروشتیی بەرچاو و توانایەکی ئومێدبەخشی لە کەرتی وزەدا هەیە، هەروەها ژمارەیەکی زۆری گەنجی هەیە، کە دەتوانێت ببێتە بنەمایەکی سەرەکی بۆ ئابوورییەکی زانستی، کە بەڕووی جیهاندا کراوە بێت، بە مەرجێك هاوبەشی گونجاو و پشتیوانی نێودەوڵەتی بەردەست بێت.
ئەم کۆڕبەندە، هەروەها پانتاییەکی گرنگە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی دوولایەنە و چەند لایەنە لەگەڵ سەرکردەکانی دەوڵەتان و سەرۆکی کۆمپانیا جیهانییەکان و دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکان.
ئەم بەشداریکردنە دەرفەتێك بۆ هەرێمی کوردستان دەڕەخسێنێت بۆ بەهێزکردنی تۆڕی پەیوەندییە ئابووری و سیاسییەکانی و بەستنەوەی ئابووری ناوخۆیی بە بازاڕە جیهانییەکانەوە، ئەمەش هاوتایە لەگەڵ ئاراستەی گشتی بەرەو هاوکاری هەمەلایەنە، کە کۆڕبەندەکە وەکوو دروشم و ئامانجێك بانگەشەی بۆ دەکات.
لە کۆتاییدا، بەشداریی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسی داڤۆسی 2026 لە ژێر دروشمی "روحی دیالۆگ"بە سەرۆکایەتیی دەوڵەتمەدار مەسرور بارزانی، پەیامێکی سیاسی و ئابووریی ڕوونە، کە هەرێم دەیەوێت ببێتە بەشێکی چالاك لە دیالۆگی جیهانی سەبارەت بە ئایندەی ئابووری و گەشەپێدان و سەقامگیری، لە کاتێکدا پێداویستییەکانی سەکۆی نێودەوڵەتی پێویستی بە هاوبەشی فراوانتر و تێڕوانینی کراوەتر هەیە.