سەرۆک بارزانی لە ڤاتیکان و ئیتاڵیا؛ دیپلۆماسییەتی لوتکە و پەیامی ئاشتی بۆ جیهان

سەرۆک بارزانی لە ڤاتیکان و ئیتاڵیا؛ دیپلۆماسییەتی لوتکە و پەیامی ئاشتی بۆ جیهان
سەرۆک بارزانی لە ڤاتیکان و ئیتاڵیا؛ دیپلۆماسییەتی لوتکە و پەیامی ئاشتی بۆ جیهان

سەردانە دیپلۆماسییەکانی سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ ڤاتیکان و کۆبوونەوەی لەگەڵ پاپای ڤاتیکان، و دواتریش دیدارەکانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا، گوزارشت لە پێگەی ستراتیژی و مێژوویی رابەرێک دەکەن کە لە ناوچەیەکی پڕ لە تەنگژەدا، وەک چەقی هاوسەنگی و سیمبولی پێکەوەژیان دەردەکەوێت. 
ئەم سەردانانە لەم کاتە هەستیارەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دووپاتکردنەوەی ئەو راستییەن کە هەرێمی کوردستان کارەکتەرێکی سەرەکییە لە نەخشەی سیاسی و مرۆیی جیهاندا.
پێشوازی گەرمی (پاپای ڤاتیکان) لە سەرۆک بارزانی، ئاماژەیەکی قووڵە بۆ رێزگرتن لەو کولتووری لێبوردەیی و تەباییەی کە لە هەرێمی کوردستاندا رەنگی داوەتەوە. 
پاپا وەک بەرزترین دەسەڵاتی رۆحی مەسیحییەکانی جیهان، باش دەزانێت کە لە ژێر سایەی رێبەرایەتی سەرۆک بارزانیدا، کوردستان بووەتە پەناگەیەکی ئارام بۆ مەسیحییەکان و هەموو کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکانی دیکە کە لە دەستی تیرۆر هەڵاتبوون. 

لە لایەکی دیکەوە، کۆبوونەوە لەگەڵ باڵاترین بەرپرسانی ئیتاڵیا، وەک جێگری سەرۆکوەزیران، رەهەندە سیاسی و ئەمنییە قورسەکەی ئەم سەردانە دەردەخات. سەرۆک بارزانی وەک رابەرێک کە خۆی لە سەنگەرەکانی پێشەوەی جەنگ، رابەرایەتی شکاندنی ئەفسانەی تیرۆریستانی داعشی کردووە، خاوەن گوتارێکی کاریگەرە سەبارەت بە مەترسییەکانی تیرۆر. جیهان بە چاوی رێزەوە دەڕوانێتە ئەو سەرکردەیەی کە نەک تەنیا بۆ پاراستنی کوردستان، بەڵکو بۆ پاراستنی بەها مرۆییەکان و ئاسایشی نێودەوڵەتی، گەورەترین هەڕەشەی سەدەی تێکشکاند. بۆیە، راوێژکردن لەگەڵ ئەو سەبارەت بە سەقامگیری ناوچەکە و بەرەنگاربوونەوەی توندڕەوی، بۆ وڵاتانی بڕیاربەدەستی ئەوروپا ئەولەوییەتێکی ستراتیژییە.
ئەو خاڵەی کە ئەم سەردانانە پتر مانادار دەکات، 
هەڵوێستە نەتەوەییە جێگیرەکانی سەرۆک بارزانییە بەرامبەر بە هەموو پارچەکانی کوردستان، بەتایبەت پاراستنی مافەکانی کورد لە رۆژئاوای کوردستان. سەرۆک بارزانی بە کردەوە سەلماندوویەتی کە خەمی ئەو سنوورە سیاسییەکان دەبەزێنێت و وەک "مەرجەعی نیشتمانیی گەلی کورد" مامەڵە دەکات. داکۆکیکردنی بەردەوامی لە مافە رەواکانی کورد و هەوڵدان بۆ دوورخستنەوەی مەترسییەکان لەسەر نەتەوەکەی، وای کردووە کە لە هەر کوێیەک بێت، وەک نوێنەری ویژدان و ئیرادەی نەتەوەیەک پێشوازی لێ بکرێت.

ئەم سەردانە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە گۆڕانکاری بەخۆیەوە بینی، ئامادەیی سەرۆک بارزانی لە ناوەەندە بڕیاربەدەستەکانی ئەوروپا، جەختکردنەوەیە لەسەر ئەوەی کە هەرێمی کوردستان هەمیشە بەشێکە لە چارەسەر و پایەیەکی جێگیری ئاشتییە. ئەمە نیشانەی تێگەیشتنی قووڵی سەرۆکە بۆ هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان، کە دەزانێت چۆن دۆزی رەوای گەلەکەی لە مینبەرە بەرزەکانی جیهانەوە بگەیەنێت، لە هەمان کاتیشدا سەرۆک بارزانی بۆ قۆناغی نوێی سیاسیش لە عێراق، ئامۆژگاری و دیدگاکانی دەبنە هەوێنی چارەسەری کێشە کەڵەکەبووەکان و گەڕانەوە بۆ دەستور و چارەسەرکردنی گرژییەکان لەسەر بنەمای هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان.

لەکۆتاییدا، سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ ڤاتیکان-ئیتاڵیا، دووبارە متمانەی جیهانی بە هەرێمی کوردستان نوێ کردەوە. ئەم جووڵە دیپلۆماسییە سەلماندی کە سەرۆک بارزانی، بەو مێژووە پڕ لە خەبات و قوربانییەی هەیەتی، تەنیا رابەرێکی سیاسی نییە، بەڵکو پارێزەری بەها مرۆییەکان، شکێنەری تیرۆر و مەرجەعێکی نیشتمانییە کە جیهان بە بایەخەوە گوێ بۆ دیدگا و ستراتیژییەکانی دەگرێت. ئەم سەردانە بێگومان دەبێتە هەوێنی قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و بەهێزترکردنی پێگەی کورد لە گۆڕەپانی جیهانیدا.