د. چنار بابەکر بارزانی
نووسەر
سەرۆك بارزانی و گۆڕینی کرۆکی سیاسەت بۆ پێکەوەژیانی ئاشتیانە
لە سەردەمێکدا کە دابەشبوونەکان زیادیان کردووە و ئایینەکان لە پەیامی ڕزگارییەوە گۆڕدراون بۆ ئامرازی پەراوێزخستن، ئەزموونی دەگمەن دەردەکەون، کە ڕەهەندی ئەخلاقی بۆ ئایین دەگەڕێننەوە و دەیکەنەوە بە ئامرازێك بۆ پاراستنی مرۆڤایەتی و ناهێڵنن ئایین ببێت بە بیانوویەك بۆ سڕینەوەی مرۆڤایەتی.
لەم ڕوانگەیەوە، پێویستە ئەزموونی سەرۆك مەسعود بارزانی وەکوو ڕووداوێکی سیاسی کاتی سەیر نەکرێت، بەڵکو وەکوو نەخشە ڕێگایەکی ئەخلاقی و فەلسەفی تەماشا بکرێت بۆ بەڕێوەبردنی هەمەچەشنی ئایینی و زیندوو راگرتنی پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە ناو جەرگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
عێراق، بەتایبەتی لەگەڵ داگیرکردنی شارەکانی وەکوو مووسڵ و شنگال لەلایەن تیرۆریستانی داعش، دووچاری یەکێك لە سەختترین شەپۆلەکانی توندوتیژی تائیفی بوو، تیایدا خوشك و برا مەسیحی و ئێزدییەکانمان بەدەستی ئەو گرووپانەی، کە بە ناوی ئایینەوە بانگەشەی قۆرخکردنی راستی دەکەن رووبەڕووی جینۆساید بوونەوە. لەو ساتە هەستیارەدا هەڵوێستی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆك مەسعود بارزانی تەنیا وەڵامێکی مرۆیی کاتی نەبوو، بەڵکو دەربڕینی دیدگایەك بوو، کە پاراستنی جیاوازییەکانی وەکوو ئەرکێکی ئەخلاقی و سیاسی تەماشا دەکات.
هەرێمی کوردستان دەرگاکانی بەڕووی ئاوارەکان کردەوە، نەك وەکوو پەنابەر، بەڵکو وەکوو هاوبەشێك لە نیشتیماندا، ئازادی بیروباوەڕ و کەرامەتی مرۆڤی بۆ دابین کردن، ئەمە لە کاتێکدا، کە جوگرافیا تا دەهات سنووردار دەبوو و ویژدانی مرۆڤەکان تاقی دەکرایەوە.
لێرەدا، بڕیاری سیاسی گۆڕدرا بۆ کردارێکی ئەخلاقی، و چەمکی دەسەڵات وەکوو بەرپرسیارێتییەك بۆ پاراستنی پێکهاتە و کەمینەکان پێناسە کرایەوە نەك وەکوو ئامرازێك بۆ زاڵبوون و سەپاندنی هەژموون بەسەریاندا.
ئەم ڕێبازە لە سنووری لەخۆگرتن و داڵدەدان نەوەستا، بەڵکو پتەوکردنی کەلتووری لێبوردەیی وەکوو بژاردەیەکی ستراتیژی ئەنجام درا.
لە هەرێمی کوردستان پێکهاتە ئاینییەکان، بەتایبەتی خۆشک و برایانی مەسیحی و یەزیدی، ئازادی تەواویان هەیە لە ئەنجامدانی رێوڕەسمەکانیان و بەشداریکردنی چالاکانە لە ژیانی گشتیدا، لەسەر بنەمای ئەو باوەڕەی، کە جیاوازی ئایینی و نەتەوەیی سەرمایەیەکی ئەخلاقی و نەتەوەییە نەك هەڕەشە بۆ سەر دەسەڵات و دەوڵەت.
سەردانەکەی سەرۆك بارزانی بۆ ڤاتیکان و چاوپێکەوتنی لەگەڵ قەداسەتی پاپا لیۆی چواردەهەم رەهەندێکی سیمبولی زیاتر بەم ئەزموونە دەبەخشێت. ئەم دیدارەی تەنیا کۆبوونەوەیەکی دیپلۆماسی نییە، بەڵکو دانپێدانانێکی ئەخلاقی نێودەوڵەتییە بە ئەزموونێك، کە توانیویەتی کوردستان بکاتە پەناگەیەکی ئارام بۆ مەسیحییەکان، وەکوو پاپا خۆی لەو دیدارەی جەختی لەسەر کردەوە.
ئەگەر لە چوارچێوەی جوگرافیی و سیاسییەوە تەماشای هەرێمی کوردستان بکەین، ئەوا پێناسەکردنی کوردستان وەکوو "هەڵاواردنێکی ئەخلاقی" مانای قووڵتری خۆی وەردەگرێت. هەرێمی کوردستان لە بۆشاییەکی ئایدیالی دروست نەکراوە، بەڵکو لە نێو مێژوویەکی پڕ لە توندوتیژی و نکۆڵیکردن دەرکەوتووە. لەگەڵ ئەوەشدا بڕیاری دا، جیاوازی ئایینی بکاتە ستانداردێك بۆ ئاسایش، و پاراستنی پێکهاتەکان بکات بە بناغەیەك بۆ سەقامگیری. ئەم بژاردیە بە ڕێکەوت دروست نەبووە، بەڵکو ئەنجامی ڕێبازێکی سیاسی هۆشیارانەیە، کە سەرۆك بارزانی سەرکردایەتی دەکات.
لە روانگەیەکی فەلسەفییەوە دەتوانین بڵێین، سەرۆك بارزانی بەهای بیرۆکەی پێکەوەژیانی وەکوو کردارێکی خۆبەخشانە گەڕاندەوە بۆ ناو سیاسەت، کە لە ڕاستیدا پێویستی بە بوێری بڕیاردان هەبوو، بەتایبەتی لە سەردەمێکدا کە دیوار بە ناوی شوناسەوە دروست دەکرێت، بۆیە ئەزموونی کوردستان بەڵگەیە لەسەر ئەوەی، کە ئەگەر سیاسەت لەسەر بنەمای ئەخلاق بنیات بنرێت، دەتوانێت کردارێکی باوەڕداری بێت نەك ببێت بە پێچەوانەکەی.