ئەندازیاریی کێبڕکێی ستراتیژی لە نێوان ترەمپ و شی جینگ پینگ

ئەندازیاریی کێبڕکێی ستراتیژی لە نێوان ترەمپ و شی جینگ پینگ
ئەندازیاریی کێبڕکێی ستراتیژی لە نێوان ترەمپ و شی جینگ پینگ

لە دیدی تیۆری ستراكچڕاڵ ڕیالیزمی (Structural Realism) پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانەوە، کە جەخت لەسەر کاریگەریی دابەشبوونی هێز و دۆخی هەمیشەیی "ئەنارشی" (نەبوونی دەسەڵاتێکی ناوەندیی جیهانی) دەکاتەوە، لوتکە دووقۆڵییەکانی نێوان واشنتن و پەکین لە چوارچێوەی پرۆتۆکۆڵی کلاسیکی خۆیان دەرچوون. 

ئەم کۆبوونەوانە ئێستا وەک میکانیزمێکی بونیادیی حەتمی بۆ "بەڕێوەبردنی قەیرانەکان" و "داڕشتنی هاوسەنگیی کێبڕکێکاری" سەیر دەکرێن. لوتکەی ئەم دواییەی نێوان هەردوو جەمسەرەکە، مۆدێلێکی شیکاریی گونجاوە بۆ تێگەیشتن لە داینامیکی جیۆپۆلەتیکی هاوچەرخ؛ بەو پێیەی گوزارشت لە هاوسەنگییەکی ئاڵۆز دەکات کە تێیدا چەمکی "پشتبەستنی دوولایەنەی قەیراناوی" (Critical Interdependence) هەمیشە لە ململانێدایە لەگەڵ ستراتیژیی پاراستنی سەروەریی ڕەها.

 ئەم کارلێکانە نیشاندەری قۆناغێکی ڕاگوزەری هەستیارن، کە تێیدا پێکهاتەی گشتیی سیستمی نێودەوڵەتی بەرەو فرەجەمسەریی (Multipolarity) ڕادەکێشرێت.

دۆناڵد ترەمپ بەپێچەوانەی خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەی، کە تێیدا لەلایەن "هەڵۆ کۆمارییەکانی واشنتن"ـەوە دەورە درابوو، ئەوانەی هەر جۆرە کرانەوەیەکیان بەڕووی پەکیندا ڕەتدەکردەوە و تەنها لە چوارچێوەی هاوکێشەی (Zero-Sum Game)  ململانێی توندیان دەکرد ــ پێدەچێت لەم خولەدا پێی نابێتە قۆناغێکی نوێ لە ڕیالیزمی پراگماتییەوە. سەرۆکی ئەمریکا، دوای ئەزموونکردنی زیانەکانی سیاسەتی بەرزکردنەوەی باجی گومرگی و تێپەڕاندنی جەنگێکی بازرگانیی توند، دانی بە گرنگیی بنیاتنانی پەیوەندییەکی ڕێزلێگیراو و دانپێدانانی دوولایەنە لەگەڵ "شی جین بینگ"ی سەرۆکی چین نا. ئێستا هەردوولا گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە دابڕانی تەواوەتی (Decoupling)  مەحاڵە، بە جۆرێك لایەنی ئەمریکی ئامانجی سەرەکی خۆی لە کەمکردنەوەی ڕەهای کورتھێنانی بازرگانییەوە گۆڕیوە بۆ بەڕێوەبردنی کورتهێنانەکە، ئەمەش دانپێدانانێکی ڕاشکاوە بەوەی کە بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی ئەم دوو زلهێزە بە شێوازێك تێکەڵ بوون کە جیابوونەوەیان ئەستەمە.

واشنتن و پەکین لە پێشبڕکێی هەژموونی جیهانی درك بەوە دەکەن، کە شەڕی ڕاستەقینە لە چەکداریی نەریتییەوە گۆڕاوە بۆ باڵادەستیی تەکنەلۆژی، بە تایبەتی لە هەردوو بواری داتای کوانتەمی (Quantum Computing) و ژیریی دەستکرد. لەم دوو بوارە یەکلاکەرەوەیەدا، پێویستە لەسەر هەردوو زلهێز هاوسەنگییەك لە نێوان "واقیعی پشتبەستنی ناچاریی بە یەکتر" و "خواستە سەربەخۆکانیان" دروست بکەن، چونکە ئەمریکییەکان خاوەنی پێشکەوتووترین ته‌کنه‌لۆژیان و مۆنۆپۆلی پیشەسازیی چیپە ئەلیکترۆنییە پێشکەوتووەکان دەکەن، لە کاتێکدا چینییەکان کۆنتڕۆڵی تەواوی زنجیرەکانی دابینکردنی کانزا دەگمەنەکانی زەوییان (Rare Earth Minerals) کردووە، کە پێکهاتەی ستراتیژین و بەبێ ئەوان دروستکردنی ئەو چیپانە مەحاڵە. لێرەوە، کێبڕکێی تەکنەلۆژیی نێوانیان کۆتایی نایات، بەڵکو بەرەبەرە دەگۆڕدرێت بۆ جەنگێکی ساردی تەکنەلۆژیی پڕ لە پشوودرێژی، کە لەسەر بنەمای داخورانی هێزی بەرامبەر کار دەکات.

هاوشانی ئەم کێبڕکێیە، کۆمەڵێك مانۆڕی جیۆپۆلەتیکی زبر لەسەر تەختەی شەترەنجی جیهانی بەڕێوەدەچن. واشنتن لە سەرەتای ئەمساڵدا بە "ئۆپەراسیۆنی کاراکاس" جیهانی شۆککرد، کاتێك سەرکەوتوو بوو لە بێبەشکردنی چین لە نەوتی هەرزانی ڤەنزوێلا و دەستبەسەرداگرتنی هاوپەیمانێکی پەکین لە "باخچەی پشتەوەی" ویلایەتە یەکگرتووەکان. بەڵام ئەم سیناریۆیە نەیتوانی لە تاران دووبارە ببێتەوە؛ چونکە سەرۆکی ئەمریکا خۆی لەبەردەم بنبەست و مەترسییەکانی دەرئەنجامی جەنگی ئێران بینییەوە، بە جۆرێک وادەی سەردانەکەی بۆ چین دواخست، وەکوو ئەوەی ئێستا ترەمپ پێویستی بە هێزی دیپلۆماسی هاوتا چینییەکەی بێت بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لەم چوارچێوەیەدا، گەرووی هورمز لە پشت پەردەی لوتکەکەدا ئامادەیی بەهێزی هەبوو؛ چونکە چین نزیکەی چل لەسەدی نەوتی هاوردەکراوی خۆی لە ڕێگەی ئەم ڕێڕەوە ئاوییە ژیارییەوە دابین دەکات. لەسەر ئەم بنەمایەش، پەکین خاوەنی چەندین کارتی گوشارە کە ڕێگەی پێدەدات ڕۆڵی نێوەندگیرێکی کاریگەر لە ململانێی ئەمریکا و ئێراندا بگێڕێت، و خۆی وەک هاوبەشێکی نێودەوڵەتیی جێگەی متمانە لە پاراستنی سەقامگیری بە جیهان بناسێنێت، ئەمەش ڕێك خاڵی پێچەوانەی ڕۆڵە دەستێوەردەرە کلاسیکییەکانی واشنتۆنە.

سەرەڕای ئەوەی لوتکەکە لەسەر بنەمای مامەڵەی ڕاستەوخۆ یان بەڵێننامەی نووسراوی مۆرکراو بنیات نەنرابوو، بەڵام لێکتێگەیشتنە ناڕاستەوخۆکان (نهێنییەکان) بە بەهێزی ئامادەییان هەبوو بۆ ڕێگریکردن لە خزانی دۆخەکە بەرەو پێکدادان. لە بەرامبەر ڕاگەیاندنی نافەرمی چین بەوەی کە نیازی نییە چەکی زیاتر بە ئێران بفرۆشێت، ویلایەتە یەکگرتووەکان هەنگاوێکی هێورکەرەوەی هاوتای هاوێشت بە ڕاگرتن یان جێبەجێنەکردنی گرێبەستێکی چەک لەگەڵ تایواندا بەھاکەی ١٤ ملیار دۆلار. لەگەڵ ئەوەشدا، داهاتووی تایوان وەکوو گەورەترین بەربەستی جیۆستراتیژی دەمێنێتەوە، چونکە چین بە شێوازێکی بڕیاردەرانە ئەوەی دووپاتکردەوە، کە هەر ڕاگەیاندنێکی فەرمی بۆ سەربەخۆیی دوورگەکە، هێڵێکی سووری نەبەزێنراوە، ئەمەش بابەتێکە کە واشنتۆن بە باشی لە قورسایی و مەترسییەکەی تێدەگات.

ئەم لێکتێگەیشتنە کاتییانە بە هیچ شێوەیەك بەو مانایە نین، کە سەرۆکی چین دەستبەرداری گرەوکردنە ستراتیژییە هاوبەشەکەی بووبێت لەگەڵ ڤلادیمیر پوتینی هاوپەیمانی ڕووسیای بۆ کۆتایهێنان بە هەژموونی ڕۆژئاوا بەسەر سیستمی نێودەوڵەتی، بە هەمان شێوە بەو مانایە نییە کە سەرۆکی ئەمریکا وازی لە خەونی "پێشینە بۆ ئەمریکای مەزن" و پاراستنی سیستمی تاکجەمسەری هێنابێت. بەڵام لە ئەگەری سەرکەوتنی هەردوولا لە ڕێکخستنی ئەم کێبڕکێیە و بەدوورگرتنی پێکدادانی سەربازیی ڕاستەوخۆ، ڕەنگە جیهان سوودمەند بێت لە دۆخی "سەقامگیریی ستراتیژیی بونیادنەر" لە نێوان ئەم دوو زلهێزەدا، وەکوو جێگرەوەیەکی حەتمی بۆ پاشاگەردانیی ستراتیژیی گشتگیر لەم قۆناغە ڕاگوزەرەدا بەرەو سیستمێکی نوێی جیهانی. پێش گەیشتن بە "یاڵتایەکی جیهانیی"  Yalta Conferenceنوێ، کە تێیدا نەخشەی هەژموون و ناوچەکانی هەژموون دابەش بکرێتەوە، سێکتەرەکانی وزە، لە کاتێکدا چیپە ئەلیکترۆنییەکان و کانزا دەگمەنەکان وەکوو بەهێزترین چەکی جیۆپۆلەتیکی دەمێننەوە لە شەڕی دووبارە داڕشتنەوەی هاوسەنگیی هێز لە جیهان.