کاتێ حیکمەتی سەرۆك بارزانی دەبێتە رێبازی گشتی گەلی کوردستان

کاتێ حیکمەتی سەرۆك بارزانی دەبێتە رێبازی گشتی گەلی کوردستان
کاتێ حیکمەتی سەرۆك بارزانی دەبێتە رێبازی گشتی گەلی کوردستان

بە دڵنیایی و هیواوە دەتوانین بڵێین، ئەمڕۆ گەلی کوردستان بە قۆناغێکی هەستیار و گرنگی مێژوویی تێدەپەڕێت؛ قۆناغێك کە تێیدا هەڵوێست و بڕیارەکان کاریگەرییەکی راستەوخۆیان لەسەر داهاتووی کورد هەیە. ئەم قۆناغە پێویستی بە روونبینی، هۆشیاری و بەرپرسیارێتییەکی باڵا هەیە و رێگە بە بێلایەنی یان دوودڵی نادات.

دۆزی کورد گەیشتووەتە ئەو قۆناغەی کە تێیدا هۆشیاری نەتەوەیی بووە بە بنچینەی پاراستنی ماف و ناسنامە، و لە هەمان کاتدا ئەگەر ئەم هۆشیارییە بە یەکگرتنەوە گرێ نەدرێت ئەوا رووبەڕووی مەترسیی دابەشبوون و لاوازبوون دەبێتەوە. 

لە جیهانی ئەمڕۆدا، نەتەوەکان نەک بە ژمارە، بەڵکو بە ئاستی هۆشیاری و توانای پاراستنی خۆیان دەپێورێن، و تەنیا ئەو نەتەوانە لاواز دەبن کە خۆیان لەبیر دەکەن.

لە ماوەی زیاتر لە یەك سەدەدا، هەوڵی زۆر دراوە بۆ لاوازکردنی ئیرادەی گەلی کورد، سڕینەوەی ناسنامە و دانانی سنووری جوگرافی دەستکرد، و سنووردارکردنی زمان و کولتووری کورد، بەڵام ئەزموونی مێژوو ئەوەی سەلماندووە، کە گەلی کورد لە پاش هەر قەیرانێك بە تواناتر و هۆشیارتر بووە، چونکە هۆشیاری نەتەوەیی لە ناو ئازار و بەرخۆداندا پەروەردە بووە و بە زۆر و فشاری دەرەکی دانامرکێتەوە.

ئەمڕۆ رۆژئاوای کوردستان رووبەڕووی قەیرانێکی قووڵ بووە، کە تەنیا مەترسییەکی جوگرافی نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ سنووردارکردنی بیرۆکەی ئازادی و مافی خۆبەڕێوەبردنی گەلێك. 

ئەو رووداوانەی لە کۆبانێ و رۆژئاوا روویان داوە، تاقیکردنەوەیەکی مێژوویین بۆ هەموو کوردستان و پێویستیان بە هەڵوێستێکی هاوبەش و بەرپرسیارانە هەیە.

دەنگی هاووڵاتیانی کورد، لە ناوخۆ و لە دەرەوە، کە بە یەکدەنگی پشتگیری لە رۆژئاوا دەکەن، نیشانەی هۆشیاری نەتەوەیی و تێگەیشتنی قووڵی ئەو راستییەیە، کە دۆزی کورد دۆزێکی یەکگرتووە و پارچە پارچەکردنی نەتەوەیی ناتوانێت هۆشیاری گشتی بشکێنێت.

لەناو ئەم هەلومەرجەدا، فەلسەفە و رێبازی سەرۆك مەسعود بارزانی وەکو  نموونەیەکی دیار و گرنگ دەردەکەوێت. 

ئەو رێبازە لەسەر بنچینەی دوربینینی، ژیری سیاسی و باوەڕ بە ئاشتی و دیالۆگ دامەزراوە؛ سەرۆك بارزانی هەرگیز لایەنگری جەنگ نەبووە، بەڵکو بەردەوام مەبەستی پاراستنی هاوسەنگی و یەکڕیزی نەتەوەیی کورد بووە.

سەرۆك بارزانی لە ئەزموونێکی مێژوویی دوور و درێژدا گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی کە یەکڕیزی گەلی کوردستان بەهێزترین ئامرازە بۆ پاراستنی ماف و داهاتوو، و دابەشبوون و پەرتەوازەیی کورد مەترسیدارترە لە هەر هێرشێکی دەرەکی. 

لەم روانگەیەوە، دیالۆگ، خۆڕاگرتن و ئەولەویەتدان بە بەرژەوەندی گشتی نەتەوە، بنچینەی گوتاری سیاسیی سەرۆك بارزانییە.

بانگەوازی سەرۆك بارزانی بۆ ئاشتی و ئارامی نیشانەی لاوازی نییە، بەڵکو تێگەیشتنێکی قووڵە لە مانای هێز؛ هێزێك کە لە پاراستنی یەکڕیزی، ریزگرتن لە مرۆڤ، و بڕیاردان بە لۆژیك و لێکدانەوەیەکی هێمنانە سەرچاوەی گرتووە.

مێژووی گەلی کوردستان بە روونی ئەوەی سەلماندووە، کە شکستەکان زۆرجار لە دووبەرەکییەوە سەرچاوەیان گرتووە، و سەرکەوتنەکانیش بەرهەمی یەکڕیزی و هاوکاری نێوان گەلی کوردستان بوون. دۆزی رەوای گەلی کوردستان بریتییە لە یەك جەستە؛ ئەگەر بەشێكی ئازار ببینێت، ئەوا هەموو جەستە ئازاری پێ دەگات. لەم روانگەیەوە، پشتگیری لە رۆژئاوا ئەرکێکی نەتەوەیی، ئەخلاقی و مێژووییە.

پرۆژەی ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان تەنیا لە رێگەی دیموکراسی، پلۆرالیزم و رێزگرتن لە مافی مرۆڤ دەستەبەر نابێت، بەڵکو لە رێگەی مرۆڤی ئازادەوە دەستەبەر دەبێت؛ مرۆڤێك کە بنچینەی بنیاتنانی نیشتیمانە، چونکە ئازادی تەنیا دروشم نییە، بەڵکو کردارێکی بەردەوامە.

ئەمڕۆ مێژوو چاودێری هەڵوێستەکانمان دەکات، لەم قۆناغەدا یەکڕیزی، دانایی و هۆشیاری نەتەوەیی لەگەڵ حیکمەتی سەرۆك بارزانی دەبێتە رێگایەکی روون بۆ پاراستنی داهاتووی کوردستان.

لە کۆتاییدا گەلی کوردستان بە یەکڕیزی پێش دەکەوێت، بە دانایی سەرکەوتن دەپارێزێت، و بە باوەڕی هاوبەش بە کوردستان، داهاتوو دیزاین دەکات.