د. سامان سۆرانی
نووسەر
ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە نێوان گۆڕانکارییەکان و سەرکردایەتی مەسرور بارزانی
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەم چەند ساڵەی دواییدا گۆڕانکاری خێرای بەخۆیەوە بینیوە، کە پرسی ئاسایشی ناوچەکەی گەڕاندەوە بۆ پێشینەی گفتوگۆی سیاسی و هزری، بەتایبەتی لە سایەی تێکەڵبوونی قەیرانەکانی ناوچەکە لەگەڵ ململانێ نێودەوڵەتییە گەورەکان. پەرەسەندنەکانی وەکو شەڕی غەززە لە تشرینی یەکەمی 2023و گرژییە بێ وێنەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل و شەڕی رووسیا و ئۆکرانیا یارمەتیدەر بوون بۆ قوڵترکردنی نادڵنیایی ستراتیژ لە ناوچەکە و ئەکتەرە هەرێمییەکان و فاکتەرە نادەوڵەتییەکانی خستە بەردەم ئالنگارییەکی ئاسایشی نائاسایی،کە پێویستی بە میتۆدێکی نەرم و گشتگیرتر هەیە. ژینگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەیان ساڵە بەدەست نەبوونی رێکخستنێکی ئاسایشی کاریگەری ناوچەیی دەناڵێنێت، بەڵام لەم چوارچێوەیەدا، هەرێمی کوردستان وەکو یەکێك لە سەقامگیرترین قەوارە سیاسییەکان ناو ئەم ژینگەیە بەرجەستەیە.
لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمەوە، وڵاتانی ناوچەکە شکستیان هێناوە لە پەرەپێدانی چوارچێوەیەکی ئاسایشی بەکۆمەڵ بەهۆی نەبوونی تێگەیشتنی هاوبەش سەبارەت بە سروشتی هەڕەشەکان، جیاوازی لە ئەولەویاتی نەتەوەیی و لاوازی متمانەی دوولایەنە. ئەم فاکتەرانە پێکەوە یارمەتیدەر بوون بۆ ئەوەی ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ببێتە بابەتێکی رکابەری و رووبەڕووبوونەوە نەك هاوکاری.
ئەم دیاردەیە لەڕووی تیۆرییەوە لە رێگەی رێبازی "ئاڵۆزی ئاسایشی ناوچەیی" باری بوزان Regional Security Complex روون دەکرێتەوە، کە وا دادەنێت ئاسایشی یەکە سیاسیەکان لە ناوچەیەکی دیاریکراودا بەیەکەوە بەستراوەتەوە، بە شێوەیەك، کە رێگە نادات جیابکرێتەوە، یان بە جیا لە چوارچێوەی ناوچەیی فراوانتر شیبکرێتەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، ئەزموونی مێژوویی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەریدەخات، کە ئەم پەیوەندییە بۆ هاوکاری دامەزراوەیی وەرنەگێڕدراوە، بەڵکو بووە بە ململانێیەکی، ئاڵۆز کە لەلایەن کەلتوورێکی ئاسایشییەوە سەرچاوەی سەرەکی هێزی سەربازی و فرە سەرچاوەی هەڕەشە و پێناسەی جیاوازی دۆست و دوژمن بووە.
ئەمەش هەموو هەوڵێکی جیددی بۆ بنیاتنانی ئاسایشی بەکۆمەڵی بەردەوام لاواز کردووە.
لەم چوارچێوە هەرێمییە شڵەژاوەدا هەرێمی کوردستان لە ژینگەیەکی جیۆپۆلەتیکی زۆر هەستیاردا کار دەکات، کە کاریگەری هێزە چالاکەکانی هەرێمی وەکو ئێران و تورکیا و ئاڵۆزییەکانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی بەغدا یەکتر دەبڕن.
لەگەڵ ئەوەشدا، هەرێمی کوردستان تا رادەیەکی زۆر سەرکەوتوو بووە لە دوورخستنەوەی خۆی لە زۆرێك لە ململانێ راستەوخۆکان و پشتی بە رێبازێکی ئاسایشی بەستووە، کە جەخت لەسەر سەقامگیری ناوخۆیی دەکات بەمەبەستی رێگەگرتن لە تەشەنەسەندنی قەیرانەکانی ناوچەکە بۆ ناو خاکی هەرێم.
رۆڵی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، لەم چوارچێوەیەدا بە گرنگ دادەنرێت، چونکە سیاسەتە ئاسایشییەکانی پەیوەستە بە هەوڵدان بۆ گواستنەوە لە چەمکی تەسکی ئاسایش کە تەنها لەسەر بەربەستی سەربازی دامەزراوە بۆ چەمکێکی فراوانتر کە ئاسایش لەگەڵ سەقامگیریی سیاسی و گەشەپێدانی ئابووری تێکەڵ دەکات. کابینەی نۆیەم گرنگی تایبەتی داوە بە رێکخستنەوەی دامەزراوە ئاسایشییەکان و پەرەپێدانی پرۆفیشناڵییان لەپاڵ فراوانکردنی مەودای هاوکاری ئاسایشی لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان بەتایبەتی لە بواری دژە تیرۆردا و سوود وەرگرتن لەو وانانەی کە ئەزموونی رووبەڕووبوونەوەی داعش و لێکەوتەکانی بەدەست هێنراون.
لەم قۆناغەدا بەڕێوەبردنی دۆسیەی ئاسایشی لە هەرێمی کوردستان بە رادەیەك پراگماتیزمی سیاسی لە مامەڵەکردن لەگەڵ هێزە هەرێمییەکان دەناسرێتەوە، بە ئامانجی کەمکردنەوەی ئاستی گرژی و هێشتنەوەی پەراوێزی مانۆڕ ،کە رێگە بە هەرێم بدات خۆی لە ململانێی بەرە رکابەرەکان دوور بخاتەوە.
ئەم بۆچوونە لە جەختکردنەوە لەسەر بەستنەوەی ئاسایش بە راکێشانی وەبەرهێنان و باشترکردنی ژینگەی بازرگانی رەنگی داوەتەوە، کە باوەڕی وایە، سەقامگیری ئابووری یەکێکە لە کۆڵەکەکانی ئاسایشی بەردەوام، بەتایبەتی لە ناوچەیەکدا کە بەدەست لاوازی پێکهاتەی سیستەمی سیاسی و ئاسایشییەوە دەناڵێنێت.
لەهەمانکاتدا داهاتووی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لەچارەکی دووەمی سەدەی بیست و یەکدا جیاناکرێتەوە، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی گرنگی گەشەسەندنی سەرچاوەکانی وزە و زیادبوونی رۆڵی تەکنەلۆژیا و زیرەکی دەستکرد لەهاوسەنگی هێزدا و بەردەوامی کاریگەری ئەکتەرەکانی دیکە لە داڕشتنی هاوکێشە ئاسایشییە هەرێمیەکان. ئەم گۆڕانکارییانە ئالنگارییەکی نوێ بەسەر هەرێم دەسەپێنێت، بەڵام لەوانەیە دەرفەت بڕەخسێنێت بۆ بەهێزکردنی رۆڵی هەرێم وەکو ئەکتەرێکی سەقامگیر لە ژینگەیەکی شڵەژاودا.
لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین، ئەزموونی هەرێمی کوردستان لە بەڕێوەبردنی ئەاسایشیدا سەرەڕای کۆسپ و تەگەرە ناوخۆیی و هەرێمییەکانی دەوروبەری، هەوڵێکی پراکتیکی بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ واقیعی Security Deficit "کەموکورتییە ئاسایشییەکان" لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نیشان دەدات. رۆڵی دەوڵەتمەدار مەسرور بارزانی لەم چوارچێوەیەدا رەنگدانەوەی رێبازێکە بۆ بنیاتنانی مۆدێلێکی ئاسایشی نەرمتر، کە هەوڵ دەدات، هەرێم لە ئاسەوارەکانی ململانێ هەرێمییەکان ببارێزێت، لە هەمان کاتدا پەیوەندییەکانی دەرەوەی بە هاوسەنگی بهێڵێتەوە. ئەمەش وادەکات داهاتووی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پشت بە توانای هەرێم ببەستێت بۆ بەردەوامبوون لەسەر ئەم رێبازە لە ژینگەیەکی هەرێمیی، کە هێشتا بەڕووی هەموو ئەگەرەکان کراوەیە.