مەسرور بارزانی سەرکردایەتییەک لەنێوان چاکسازیی ناوخۆیی و دیپلۆماسیی هاوسەنگدا

مەسرور بارزانی سەرکردایەتییەک لەنێوان چاکسازیی ناوخۆیی و دیپلۆماسیی هاوسەنگدا
مەسرور بارزانی سەرکردایەتییەک لەنێوان چاکسازیی ناوخۆیی و دیپلۆماسیی هاوسەنگدا

راستە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهۆی تێکەڵبوونی قەیرانەکانەوە بە قۆناغێکی زۆر هەستیاردا تێدەپەڕێت و متمانەی نێوان ئەکتەرە هەرێمییەکان لە نزمترین ئاستدایە، ناوچەکەش پێویستی بە مۆدێلێکی حوکمڕانییە کە بتوانێت سەقامگیریی ناوخۆیی و کراوەییی دەرەکی تێکەڵ بکات. بەڵام بە خۆشحاڵییەوە دەتوانین بڵێین کە لەنێو ئەم گۆڕانکارییانەدا، هەرێمی کوردستان وەک حاڵەتێکی سیاسیی جیاواز دەردەکەوێت، چونکە توانیویەتی تا رادەیەکی زۆر لەناو ئەم ژینگە شڵەژاوەدا، لە دامەزراندنی هاوسەنگیی نێوان سەقامگیری و بونیادنان سەرکەوتوو بێت.

لەم چوارچێوە هەستیارەدا، بەشداریی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، دەوڵەتمەدار مەسرور بارزانی لە لووتکەی جیهانیی حکوومەتەکان لە دوبەی و دیدار و کۆبوونەوەکانی، بۆ دووپاتکردنەوەی ئەوەیە کە هەرێم بە روانگەیەکی سیاسیی واقیعی و دیپلۆماسییەتێکی هاوسەنگەوە، وەک ئەکتەرێکی چالاک هەوڵ دەدات بەشێکی سەرەکی بێت لە دۆزینەوەی چارەسەر، لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش، دراوسێیەتیی باش و تەواوکاریی هەرێمی.

دەوڵەتمەدار مەسرور بارزانی لە قۆناغێکدا سەرۆکایەتیی کابینەی نۆیەمی گرتە ئەستۆ کە ئاڵنگارییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان ئاڵۆز بوون. لەگەڵ ئەوەشدا توانی رێبازێکی حوکمڕانی دابڕێژێت و چاکسازیی دامەزراوەیی، بەهێزکردنی حوکمڕانی و دووبارە داڕشتنەوەی پەیوەندیی نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگە، بکات بە بناغەی گۆڕانکاریی چۆنایەتی لە بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستاندا.

کابینەی نۆیەم چاکسازیی ئابووری و کارگێڕیی خستە ناو کرۆکی کارنامەی کارەکانی و جەختی لەسەر هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات و بەهێزکردنی کەرتی تایبەت کردەوە، تا گەیشتە ئەوەی سیستەمی دیجیتاڵی بۆ بنیاتنانی دامەزراوەکانی حکومەت بەکار بهێنێت و کاراتر و شەفافتریان بکات.
ئەم چاکسازییانە لە سیاسەتی دەرەوەی هەرێم جیا نەکراونەتەوە، بەڵکو بوونەتە مایەی پێکهێنانی بناغەیەکی پتەو بۆ دیپلۆماسییەکی کاریگەرتر.

لەژێر سەرکردایەتیی دەوڵەتمەدار مەسرور بارزانی، هەرێمی کوردستان سیاسەتێکی دەرەکیی هێمن و هاوسەنگی پەیڕەو کردووە، دوور لە بنەمای جەمسەرگیری و سەرکێشیکردن. سەرۆکوەزیران هەوڵی داوە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و رێزگرتن لە تایبەتمەندییەکان، تۆڕێک بۆ پەیوەندییەکان دروست بکات و جوگرافیای هەرێمی لە بارگرانییەکی سیاسییەوە بۆ دەرفەتێک گۆڕیوە، بە مەبەستی یەکخستنی ئابوورییەکی دامەزراوە.

هەرێمی کوردستان توانیویەتی لە ناوچەیەکدا کە بەدەست ناسەقامگیرییەوە دەناڵێنێت، بە کرداری سیاسیی خۆی وەک هێزێکی هاوسەنگ و بنیاتنەر نیشان بدات. بەهێزکردنی ئاسایشی ناوخۆ، کرانەوە بەڕووی جیهاندا و پەرەپێدانی متمانە لەگەڵ هاوبەشە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، هەموو نموونەی ئەو کردارە سیاسییەن.
ئەمەش رەنگدانەوەی حیکمەتی سیاسی و توانای دیپلۆماسییە لە خوێندنەوەی گۆڕانکارییەکان و دیاریکردنی پێگەی هەرێم لەناویاندا، بەبێ سازشکردن لەسەر پرەنسیپە نەتەوەییەکان و بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردستان.

ئەوەی ئەزموونی دەوڵەتمەدار مەسرور بارزانی لە حوکمڕانیی هەرێم جیا دەکاتەوە، تێکەڵکردنی واقیعی سیاسی و خواستی نەتەوەییی بەرپرسیارانەیە. داکۆکیکردنی لە مافەکانی خەڵکی کوردستان لەسەر حیسابی سەقامگیری نەبووە، بەڵکو لە چوارچێوەی دیدێکی عەقڵانیدا داڕێژراوە کە سەقامگیری و گەشەپێدان بە کاریگەرترین رێگە دەزانێت بۆ چەسپاندنی ئەو مافانە و بەرزکردنەوەی پێگەی هەرێم لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی.

بەم پێیە، سەردانەکەی دەوڵەتمەدار مەسرور بارزانی بۆ دوبەی تەنها بەشدارییەکی رووکەش نییە لە رووداوێکی نێودەوڵەتیدا، بەڵکو رەنگدانەوەی ئاڕاستەیەکی سیاسیی گشتگیرە کە جەخت لەوە دەکاتەوە؛ کوردستان لەم قۆناغە هەستیارە مێژووییەی ناوچەکەدا بەشێک نییە لە کێشەکە، بەڵکو بەشێکە لە چارەسەر و سەرکردەکەشی خاوەن دیدگا و ئەزموونە و دەتوانێت ئاڵنگارییەکان بگۆڕێت بۆ دەرفەت.