وریا مەعرووف
نووسەر
بازاڕی بێمتمانە؛ لە 'قسەی پیاو'ەوە بۆ 'قەیرانی گومان'
ئەگەر جاران بازاڕ لەسەر 'بەڵێن' راوەستابوو، ئێستا لەسەر 'گومان' بەڕێوە دەچێت. چۆن متمانە وەک گەورەترین سەرمایەی مرۆیی لە بازاڕەکاندا تێکشکا، تەنانەت مۆر و واژۆی سەر کاغەزەکانیش ناتوانن دڵنیایی بە کڕیار ببەخشن، پاشهاتە مەترسیدارەکانی ئەم 'جەنگە ساردە'ی نێوان کڕیار و فرۆشیار چی دەبن؟
ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین کە تێیدا "متمانە" بووەتە گرانبەهاترین کاڵا و "گومان" بووەتە یەکەم کاردانەوەی هەر کڕیارێک. لە سەردەمانی رابردوودا، بازاڕەکان لەسەر کۆڵەکەیەکی بەهێز راوەستابوون کە بە چاو نەدەبینرا، بەڵام لە گرێبەستە نووسراوەکان بەهێزتر بوو؛ ئەویش "قسەی پیاو" بوو. بەڵام ئێستا پەیوەندی نێوان کڕیار و فرۆشیار لە 'پەیمانێکی ئەخلاقی'یەوە گۆڕاوە بۆ جەنگێکی سارد، ئەمەش كۆمەڵێك لێككەوتەی دەروونی و ئابووری لێدەكەوێتەوە
بۆ چەندان سەدە، بازاڕ، لە کۆمەڵگەی کوردیدا تەنها شوێنی ئاڵوگۆڕی شتومەک نەبووە، بەڵکو مەیدانی تاقیکردنەوەی شکۆ و رەوشتی تاکەکان بووە. لە مێژوویەکی نێزیکدا، دەستەواژەی "قسەی پیاو وەک نووسراوی سەر بەردە" تەنها ئیدیۆمێکی زمانەوانی نەبوو، بەڵکو بنەمایەکی ئابووریی بەهێز بوو کە بازاڕی لەسەر بونیاد نرابوو. بەڵام ئەمڕۆ، کاتێک بە شەقام و بازاڕەکاندا تێدەپەڕیت، هەست بە شتێکی جیاواز دەکەیت؛ جۆرێک لە "تەمومژی گومان" کە بەسەر هەموو مامەڵەیەکدا نیشتووە.
داڕمانی سیستەمی "زارەكی" و بەرزبوونەوەی دیواری گرێبەست یەکەم نیشانەی ئەم پاشەکشەیەیە. لە رابردوودا، بازرگانانی کوردستان بەبێ بوونی هیچ دامەزراوەیەکی بانکی یان گرێبەستی یاسایی، تەنها بە یەک تەلەفۆن، بڕێکی زۆر پارەیان لە نێوان شارەکاندا ئاڵوگۆڕ دەکرد. متمانە وەک "سەرمایەیەکی نادیار" کارئاسانیی بۆ هەمووان دەکرد. بەڵام ئەمڕۆ گەیشتووینەتە قۆناخێک کە مرۆڤەکان ناچارن بۆ بچووکترین مامەڵە پەنا بۆ دادنووس و شاهێد بەرن، چونکە "قسە" چیتر کەس پشتی پێ نابەستێت. ئەم گۆڕانە، نیشانەیەکە لە پاشەکشەی ئەخلاقیی ئابووری کە تێچووی ژیان بۆ هەموو لایەک بەرز دەکاتەوە.
ئەم پاشەکشەیە بە تەنها لە ئاستە گەورەکاندا نییە، بەڵکو ناو جەرگەی ژیانی رۆژانەی گرتووەتەوە. بۆ نموونە؛ کولتووری دواخستنی کارەکان بوووەتە دیاردەیەكی بێزاركەر، بۆ چەندین رۆژ و هەفتە كارەكان دوادەخرێن و جێبەجێ ناکرێن ، ئەمە تەنها دواکەوتنی كار نییە، بەڵکو سووکایەتیکردنە بە کات و کوشتنی متمانەیە، کە وایکردووە خەڵک وا هەست بکەن بەڵێنی زۆربەی لێزانانی كار تەنها بۆ رێگرییە لەوەی کڕیارەکە بچێتە لای کەسێکی تر.
یاخود لە كاتی كڕینی كەلووپەلە پێویستییەكان و ئامێرەكان، گوێ بیستی دەستەواژەی "ئەسڵە و بە شەرت" دەبین؛ "قازانجی خێرا" جێگەی ناوبانگی بازرگانیی گرتووەتەوە. زۆرن ئەو کاسبکارانەی ئامادەن ناوبانگی چەند ساڵەی خۆیان بدۆڕێنن لەپێناو فرۆشتنی کاڵایەکی ساختە. فرۆشیار بە کڕیارەکە دەڵێت "ئەمە پارچەی ئەسڵییە و بە شەرتە!" بەڵام تەنها دوای چەند رۆژێک کاڵاکە لە کار دەکەوێت. کاتێک کڕیارەکە دەگەڕێتەوە، فرۆشیارەکە بە پاساوی جۆراوجۆر وەک "کارەبات خراپ بووە" یان "خۆت نەتزانیوە بەکاری بهێنیت"، خۆی لە بەرپرسیارێتی دەدزێتەوە. ئەم جۆرە مامەڵەیە وایکردووە کە هاووڵاتی هەمیشە بە ترسەوە پارە بدات و هەست بکات بازاڕ "شوێنی فێڵە" نەک شوێنی ئاڵوگۆڕی سوودمەند.
لەلایەکی تریشەوە، قەرز کە جاران نیشانەی "پشتیوانی" بوو، ئێستا بووەتە گەورەترین هۆکاری پچڕانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان. زۆرن ئەو کەسانەی بڕێک پارە لە هاوڕێیەکی نزیکیان بەقەرز وەردەگرن و پاشان نەک هەر پارەکە نادەنەوە، بەڵکو وەڵامی تەلەفۆنیش نادەنەوە. ئەم واقیعە تاڵە وایکردووە خەڵک چیتر هاوکاری دارایی یەکتر نەکەن و متمانە بپچڕێت، کە ئەمەش لێدانە لە یەکێک لە جوانترین بەهاکانی کوردەواری کە "دەستگرتنی یەکتر" بوو لە تەنگانەدا.
بۆ ئەوەی متمانەی کۆمەڵایەتی لە کایەی ئابووریدا جارێکی تر بونیاد بنرێتەوە، پێویستە چەمکی بەرپرسیارێتیی هاوبەش لە نێوان دەسەڵات و تاکدا کارا بکرێت. گەڕانەوەی متمانە تەنها بە ئامۆژگاری نایەتە دی، بەڵکو پێویستی بە بونیادنانی سیستەمێکی چاودێریی توند هەیە کە تێیدا یاسا لە سەرووی هەمووانەوە بێت. کاتێک کاسبکارێک دڵنیا بێت کە فێڵکردن سزایەکی یاسایی قورسی لێ دەکەوێتەوە، بە ناچاری پەنا بۆ راستگۆیی دەبات. هەروەها پێویستە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کار لەسەر هۆشیاریی کڕیار بکەن تا "بایکۆتکردن" ببێتە کەلتوورێک بەرامبەر بەوانەی متمانە دەشکێنن.
متمانە تەنها هەستێکی دەروونی نییە، بەڵکو بناغەی هەر گەشەپێدانێکی راستەقینەیە کە مرۆڤ دەخاتە سەرووی کاڵاکانەوە و ژیانێکی ئارامتر بۆ نەوەکانی داهاتوو مسۆگەر دەکات.