وریا مەعرووف
نووسەر
دادگای سۆشیال میدیا
لە کاتێکدا سیستەمی دادوەری شوێنی یەکلاکردنەوەی کێشەکانە، لە سۆشیاڵ میدیای کوردیدا جۆرێک لە 'دادگاییکردنی دیجیتاڵی' سەری هەڵداوە؛ دیاردەیەک کە تێیدا سنووری نێوان رەخنە و ناوزڕاندن لێڵ بووە. لێرەدا باس لە رەهەندە کۆمەڵایەتییەکانی ئەم دۆخە و کاریگەرییەکانی لەسەر شکۆی مرۆڤ و سەروەریی یاسا دەکەین.
ئەمڕۆ لە کوردستان، پێش ئەوەی پۆلیس بگاتە شوێنی ڕووداو و پێش ئەوەی دادوەر چەکوشی بڕیار لێ بدات، حوکمی کۆتایی لە سۆشیاڵ میدیا دەرچووە. ئێمە لەبەردەم دیاردەیەکی مەترسیدارداین کە تێیدا "شاشەکان" بوونەتە دادگایەکی گەڕۆک و "بەکارهێنەران" بوونەتە جێبەجێکاری سزای لەسێدارەدانی مەعنەوی، پرۆسەیەک کە تێیدا ناوبانگی مرۆڤەکان تەنها بە یەک کلیک وێران دەکرێت و شکۆی خێزانەکان دەکرێتە قوربانیی کۆمێنت و لایکی بێباکانە. ئەمە تەنها خراپ بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا نییە، بەڵکو کودەتایەکی کۆمەڵایەتییە بەسەر یاسا و ئەخلاقدا، کە تێیدا هەمووان بوونەتە دادوەر و کەسیش پارێزراو نییە.
لە سەردەمێکدا دەژین کە سنووری نێوان "راستی" و "پڕوپاگەندە" بە ئەندازەی دەزوویەک باریک بووەتەوە. لەکاتێکدا سیستەمی دادوەری پایەی سەرەکیی پاراستنی شکۆی مرۆڤە، و شوێنی یەکلاکردنەوەی کێشەکان و سەلماندنی تاوانە، ئەوا ئێستا لە کۆمەڵگەی کوردستاندا دیاردەیەکی مەترسیدار سەری هەڵداوە کە دەکرێت ناوی بنێین "دادگای سۆشیاڵ میدیا". ئەمە ئەو شوێنەیە کە تێیدا هەمووان دادوەرن، هەمووان پارێزەرن، و لە هەمان کاتدا هەمووان دەبنە جێبەجێکاری سزای لەسێدارەدانی مەعنەوی بەرامبەر بە یەکتر.
سۆشیاڵ میدیا لە ئامرازێکی پەیوەندییەوە گۆڕاوە بۆ چەکێکی کوشندە. هەر کە گرتەیەکی ڤیدیۆیی یان وێنەیەکی نهێنی بڵاو دەبێتەوە، پێش ئەوەی دەزگا ئەمنییەکان بگەنە شوێنی رووداوەکە، "حوکمی کۆتایی" لە کۆمێنتی فەیسبووک و تیكتۆك و تۆڕەكانی دیكەوە دەردەچێت. ئەم دادگا جەماوەرییە نە گوێ لە بەرگری دەگرێت، نە پێویستی بە بەڵگەی یاسایی هەیە و نە دەرفەتی تێهەڵچوونەوەش دەدات. لێرەدا، "تۆمەتبار" تا بێتاوانیی خۆی دەسەلمێنێت، شکۆ و ناوبانگی لەناو دەچێت.
کێشە سەرەکییەکە لەوەدایە کە زۆرێک لە بەکارهێنەرانی سۆشیاڵ میدیا لە کوردستان، چەمکی "ئازادی رادەربڕین"یان تێکەڵ کردووە لەگەڵ "بەزاندنی سنووری تایبەتی". کاتێک کەسێک دەکەوێتە بەر شاڵاوی کۆمێنت و جنێو و بڵاوکردنەوەی وێنەی دەستکاری کراو، ئەوە تەنها رەخنە نییە، بەڵکو تیرۆرێکی دەروونییە.
ئەم دۆخە لە کۆمەڵگەیەکی نیمچە داخراوی وەک کوردستاندا کاریگەریی دووجار زیاترە. لێرەدا ناوبانگ سەرمایەیەکی کۆمەڵایەتییە، کاتێک لە سۆشیاڵ میدیا دەزڕێندرێت، تەنها کەسەکە بریندار ناکرێت، بەڵکو خێزانێک و بنەماڵەیەک دەخرێنە ناو گێژاوێکی کۆمەڵایەتییەوە کە زۆرجار بە کارەساتی گەورەتر وەک "کوشتن لەسەر شەرەف" یان "خۆکوژی" کۆتایی دێت.
ئەم پەنابردنە بۆ دادگاییکردن لە پشت شاشەکانەوە، خۆڕسك نیە، بەڵکو دەرەنجامی تێکەڵبوونی چەند هۆکارێکی قووڵی دەروونی و کۆمەڵایەتییە. لەسەرووی هەموویانەوە "تۆڵەسەندنەوە" سۆشیاڵ میدیا وەک ئامرازێكی خێرا دەبینێت بۆ "وەرگرتنەوەی ماف"، بێ ئەوەی درک بەوە بکات کە ئەم هەنگاوە دەبێتە سەرەتایەک بۆ دروستبوونی پشێوییەکی گەورە و لەناوبردنی سەروەریی یاسا. یەكێكی دیكە لە هۆكارەكان تینوێتییەکی بێسنووری پەیج و ئەکاونتەکان بۆ "لایک و ڤیو"، کە تێیدا ژیانی تایبەتی مرۆڤەکان و کەرامەتیان دەکرێتە سووتەمەنی بۆ کۆکردنەوەی بینەر، وەک بڵێی هەرچەندە کارەساتەکە گەورەتر بێت، بازاڕی ئەم دادگا دیجیتاڵییە گەرمتر دەبێت. لە بنەڕەتیشدا، هەموو ئەمانە دەگەڕێنەوە بۆ ئەو کەلێنە گەورەیەی کە لە نێوان هاوردەکردنی تەکنەلۆژیا و نەبوونی پەروەردەی دیجیتاڵیدا دروست بووە؛ ئێمە ئامرازە هەرە پێشکەوتووەکانی جیهانمان خستە دەستی نەوەیەک کە هێشتا کەلتووری بەکارهێنان و بەرپرسیارێتیی ئەخلاقیی پەیامەکەی بۆ روون نەکراوەتەوە، هەر بۆیە سۆشیاڵ میدیا لە جیاتی ئەوەی ببێتە ناوەندێکی مەعریفی و پەیوەندی، گۆڕا بۆ مەیدانێکی جەنگ کە تێیدا بەشێك لە بەكارهێنەرانی بێ گەڕانەوە بۆ ویژدان هێرش دەکەنە سەر یەکتر.
ئەم دادگاییکردنە سەرپێییانە دەبنە هۆی دروستبوونی کۆمەڵگەیەکی لێکترازاو و پڕ لە رق و کینە، کاتێک منداڵێک دەبینێت دایک یان باوکی لەسەر شاشەیەک سوکایەتی پێ دەکرێت، نەوەیەک دروست دەبێت کە بڕوای بە دادپەروەری و لێبوردەیی نییە. جگە لەوەی، زۆرێک لەو کەسانەی دواتر بێتاوانییان دەسەلمێنرێت، هەرگیز ناتوانن بگەڕێنەوە ناو ژیانی ئاسایی خۆیان، چونکە "گوگڵ" و "سێرچی فەیسبووک" رابردووە زڕاوەکەیان لەبیر ناکات.
بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە ئەخلاقییە، پێویستمان بە دوو ئاراستەیە، ئاراستەی یاسایی: پێویستە یاسای "قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامرازەکانی پەیوەندیکردن" لە کوردستان هەموار بکرێتەوە و چالاکتر بکرێت، بە شێوەیەک کە هیچ کەسێک لە پشتی شاشەکانەوە هەست بە پارێزبەندی نەکات کاتێک هێرش دەکاتە سەر شکۆی کەسێکی تر. هەورەها ئاراستەی کەلتووری: پێویستە لە ناوەندەکانی خوێندن و میدیاکاندا کار لەسەر "بەرپرسیارێتی دیجیتاڵی" بکرێت. پێویستە بزانین کە "کۆمێنتێکی بێباکانە" و "بڵاوكردنەوەی بێ ویژدانانە" دەکرێت ببێتە هۆی وێرانکردنی ژیانێک.
سۆشیاڵ میدیا پێویستە ئامرازێک بێت بۆ بەیەکگەیشتن و گەشەپێدان، نەک ببێتە دادگایەکی ساردی بیابان کە تێیدا بێ هیچ بەزەییەک مرۆڤەکان تێیدا "سەنگەسار" بکرێن. پێش ئەوەی پەنجەکانمان بۆ نووسینی کۆمێنتێک یان شەیرکردنی پۆستێکی ناوزڕاندن بجوڵێنین، دەبێت لە خۆمان بپرسین: ئەگەر سبەی من یان یەکێک لە ئازیزانم لەو شوێنە بن، ئایا دەمانەوێت بەم شێوەیە دادگایی بکرێین؟، دەبێت دادگا بۆ دادوەرەکان و یاسا بۆ دەزگا پەیوەندیدارەکان جێبهێڵین، و سۆشیاڵ میدیا بکەینەوە بەو شوێنەی کە تێیدا مرۆڤایەتی و رێز پێکەوە کۆمان دەکاتەوە.