بەهۆی پەتایەک، نزیکەی 200 سەر ئاژەڵ لە رواندز مرداربوونەتەوە

لە گوندی "گەرووان"ـی سەر بە قەزای رواندز لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، پەتایەکی کوشندە بە خێرایی بڵاوبووەتەوە و نزیکەی 200 کار (بێچووە بزن)ـی ئاژەڵدارێکی لەناوبردووە؛ تیمەکانی ڤێتێرنەری دوای پشکنین جۆری نەخۆشییەکەیان دەستنیشان کرد.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، پەتاکە بە شێوەیەکی زۆر خێرایە و لە ماوەیەکی کەمدا ژمارەیەکی زۆر لە بێچووی ئاژەڵەکانی لەناوبردووە.

محەممەد رەشید، یەکێک لە ئاژەڵدارە زیانلێکەوتووەکان، سەبارەت بە رووداوەکە دەڵێت: "سەرەتا دوو بۆ سێ دانە مرداربوونەوە، بەڵام لەپڕ رێژەکە بۆ 30 و 40 بەرز بووەوە. شەو هەبووە خواردنمان بۆ داناون 6 دانە مردوون، بەیانییەکەی 12ـی دیکە مردوون."
ئەو ئاژەڵدارە ئاماژەی بەوەش دا؛ مرداربوونەوەکان زۆر خێرا بوون، "جار هەبووە ئاژەڵەکە یاری کردووە، بەڵام لە ماوەی دوو خولەکدا کەوتووە و مرداربووەتەوە."


دوای ئاگادارکردنەوەیان، تیمەکانی ڤێتێرنەریی سەر بە بەرێوەبەرایەتیی ڤێتێرنەریی سۆران گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و پشکنینی فیزیایی و نموونەی خوێنیان لە ئاژەڵەکان وەرگرت.

زاهیر تاهیر، لێپرسراوی ڤێتێرنەریی سۆران رایگەیاند: "دوای پشکنینەکان بۆمان دەرکەوت ئاژەڵەکان تووشی نەخۆشیی ڤایرۆسی 'تەبەقە' (Foot-and-mouth disease) بوون."

لێپرسراوی ڤێتێرنەریی سۆران داوا لە ئاژەڵداران دەکات لە کاتی دەرکەوتنی هەر حاڵەتێکی لەو شێوەیە، بەزووترین کات پەیوەندی بە بنکەکانی ڤێتێرنەرییەوە بکەن. هەروەها جەختی کردەوە؛ پێویستە ئاژەڵداران ساڵانە دوو جار ئاژەڵەکانیان بکوترێن (تەڵقیح بکەن) بۆ ئەوەی لە تووشبوون بەم جۆرە کارەساتانە بەدوور بن.

گوندی گەرووان نزیکەی 15 خێزانی ئاژەڵداری لێیە و بژێوی ژیانیان لەسەر بەخێوکردنی ئاژەڵە. ئەم رووداوە زیانێکی ماددیی گەورەی بەو خێزانە گەیاندووە و بووەتە جێگەی نیگەرانیی دانیشتووانی ناوچەکە.