کەشتییەکی بارهەڵگر لە کەناراوەکانی ئیمارات کرایە ئامانج

دەستەی ئۆپەراسیۆنە بازرگانیییەکانی دەریایی بەریتانیا رایدەگەیەنێت، کەشتییەکی بارهەڵگر لە دووریی 23 میلی دەریایی لە کەناراوەکانی ئیمارات بە مووشەکێکی نەناسراو پێکراوە و ئاگری گرتووە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتووەتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 24ـی تشرینی دووەمی 2026، دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی بازرگانیی دەریایی بەریتانیا (UKMTO) لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، دوێنێ دووشەممە مووشەکێکی نەناسراو بەر کەشتییەکی گواستنەوەی کاڵا کەوتووە، لە کاتێکدا کەشتییەکە لە بەرامبەر کەناراوەکانی ئیمارات وەستابوو.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری دەستە بەریتانییەکەوە، بەهۆی پێکرانی کەشتییەکە لە دووریی 23 میلی دەریایی لە باکووری رۆژهەڵاتی ناوچەی خۆرفەکانی ئیمارات، ئاگر لەسەر کەشتییەکە کەوتووەتەوە، بەڵام هیچ زانیارییەک لەبارەی بوونی زیانی گیانی رانەگەیەندراوە.

هەڕەشەکانی ئێران بۆ شکاندنی گەمارۆی دەریایی

ئەم رووداوە لە کاتێکدایە، دوێنێ دووشەممە ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی کردەوە، وڵاتەکەی هەموو رێگە و ئامرازێکی بەردەست بەکاردەهێنێت بۆ شکاندنی ئەو گەمارۆ دەریاییەی ئەمەریکا بەسەر بەندەرەکانیدا سەپاندوویەتی، کە واشنتن وەک وەڵامێک بۆ داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن تارانەوە لە سەرەتای جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە جێبەجێی کردووە.

بەقایی لە کۆنگرە رۆژنامەوانییە هەفتانەییەکەیدا گوتی: "بە هیچ شێوەیەک چاوپۆشی لەم کارانە ناکەین و هەموو ئامرازێکی بەردەست بۆ بەرپەرچدانەوەی دەستدرێژییەکانی ئەمەریکا بەکاردەهێنین."

جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە 28ـی شوبات بە هێرشێکی ئەمریکی - ئیسرائیلی بۆ سەر تاران هەڵگیرسا، لە بەرامبەردا ئێران بە بەئامانجگرتنی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا و وڵاتانی هاوپەیمانی واشنتن لە ناوچەکە و سنووردارکردنی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی ستراتیژیی هورمز وەڵامی دایەوە، کە رێڕەوێکی سەرەکیی گواستنەوەی وزەی جیهانە.