دووەمین رۆژی لووتکەی جیهانیی لاوان لە هەولێر بەردەوامە
ئەمڕۆ چوارشەممە، 25ـی تشرینی دووەمی 2026، دووەمین رۆژی یەکەمین لووتکەی جیهانیی لاوان لە هەرێمی کوردستان، لە شاری هەولێر بەردەوام دەبێت.
لووتکەکە لە ژێر دروشمی "نەخشاندنی داهاتوو" بەڕێوەدەچێت، لە لایەن "کوردستان فاوندەیشن"ـەوە رێکخراوە و تا رۆژی پێنجشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2026، بەردەوام دەبێت.
لووتکەکە زیاتر لە 800 گەنج و نوێنەر لە هەرێمی کوردستان، عێراق و 47 وڵاتی جیهانەوە لەگەڵ وەزیران، بەرپرسانی حکوومی، سەرمایەداران، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، هاوبەشان، قسەکەران و سەرکردە گەنجەکانی ناوچەکە و جیهان لەسەر یەک سەکۆ کۆدەکاتەوە.
بەپێی کارنامەی فەرمیی لووتکەکە، لە لووتکەی جیهانیی لاوان - کوردستان 2026ـدا گەنجان تەنیا ئامادەبوو نین، بەڵکوو دەخرێنە چەقی گفتوگۆکانەوە، خۆیان پانێڵەکان بەڕێوەدەبەن، شانبەشانی وەزیران دادەنیشن و بەشداری لە داڕشتنی پێشنیازی سیاسەتی راستەقینەدا دەکەن.
سەرجەم دانیشتنەکان لە چوارچێوەی پێنج بواری سەرەکیدا رێکخراون کە لەگەڵ ئامانجەکانی گەشەپێدانی درێژخایەنی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دەگونجێن، لەوانە: گۆڕانی دیجیتاڵی و ژیریی دەستکرد، پەروەردە و لێهاتووییەکان بۆ داهاتوو، کەشوهەوا و گەشەپێدانی درێژخایەن، داهاتووی کار و تەکنەلۆژیا، هەروەها هەلی کاری سەوز، سەرکردایەتی و هاوکاریی نێودەوڵەتی.
شەش پانێڵی گفتوگۆ بە بەڕێوەبردنی گەنجان، شەش گوتاری سەرەکیی سەرکردە نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکان، 10 مێزی گفتوگۆ لە نێوان گەنجان و وەزیراندا، 12 وۆرکشۆپ و واژۆکردنی چوار یاداشتنامەی لێکگەیشتن لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان بەڕێوەدەچن.