خۆری کوردستانیبوونی کەركووك بە تەعریب و راگواستن ئاوا نابێت

خۆری کوردستانیبوونی کەركووك بە تەعریب و راگواستن ئاوا نابێت
خۆری کوردستانیبوونی کەركووك بە تەعریب و راگواستن ئاوا نابێت

لە ساڵی 2023 کاتێ دیکتاتۆرییەتی بەعس لە عێراق کۆتایی هات، پێمان وابوو ئیتر کۆتایی بە سەردەمی جینۆساید و گۆڕانی دیمۆگرافی هاتووە و  رووخانی رژێمی سەدام یارمەتیدەر دەبێت بۆ کۆتاییهێنان بەستەم و زوڵم و دەبێتە مایەی کەمکردنەوەی ئەو نەهامەتییە ماددی و مەعنەوییانەی، کە بە میکانیزمەکانی وەکوو هەڵمەتی ئەنفال و جینۆساید و تەعریبکردن و پەراوێزخستن و بێبەشکردنمان لە هاوبەشی مرۆڤایەتی و مافەکانمان ئەنجام دەدران. 

ئەمڕۆ دوای بیست و سێ ساڵ لە رووخانی رژێم لە عیراق و نەهێشتنی فاشیزم جارێکیتر شاهیدی سەرهەڵدانەوەی دیاردەی تەعریب و راگوستنی بەزۆر و رێکخراو دەبینەوە لە گەرەکی نەورۆز لە شاری کەرکووك و لە هەندێ شوێنی تر لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان. بکەرانی ئەو کردارانە گروپگەلێكن بەناوی سوپا و حەشدی شەعبی، کە گرێدراون بە حزبە سیاسییە دەسەڵاتدارەکان لە بەغدا. ئەو حزبانەی، کە عێراقیان کرد بە پەناگەیەك بۆ تێرۆر و دەوڵەتێکی فشۆڵ و بنکۆڵ.

ئەمڕۆ ئەو لایەنانە چاویان بە کوردستانیبوونی کەرکووك هەڵنایات و پێیان ئەخزە بیسەلمێنن، ئەوەی بۆ گەلی کوردستان لە عێراق دەستەبەرکراوە، بە قوربانیدان و خەبات و هەوڵ و تێکۆشانی دەیان ساڵەی و بە مێژووی پڕ سەروەری ئەم گەلە بەدەستهاتووە. 

بابەتی باوەڕهەبوون بەنیشتمان و بە خۆشەویستی بۆ خاکی کوردستان کاردانەوەیەکی سروستی مرۆڤانەیە و لە دڵی هەموو تاکیكی كوردستانی چەسپاوە و ناتوانرێت بە بەکارهێنانی توندوتیژی و چەوساندنەوە و داپلۆسین و کردەوەی نامرۆڤانە و نائەخلاقی و هێرش لاواز بکرێن. 

هەوڵدان بۆ راگواستنی گەلی کورد لە کەرکووك و نیشتەجێکردنی نەتەوەکانی تر لەجێی کورد بەمەبەستی گۆڕینی دیمۆگرافی دووچاری شکستی تەواو دەبێت، چونکە لەڕووی لۆژیکی و عەقڵانییەوە نیشتمان دابەش ناکرێت و تێکۆشان لە پێناو سەربەخۆیی شتێکە  گەلی کوردستان و سەرکردایەتی کورد هەرگیز سازشی لەسەر ناکات.

بە پێویست دەزانرێت کار بۆ  بریارێکی نیشتمانی بکرێت، سەرجەم لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان لەسەری کۆك بن و بە پڕۆژەیەکی هاوبەشی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی ئایندەیەکی گەش بۆ ئەم شارە بریندارە فەراهەم بکرێت.  ناکرێت هەوڵەکانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و سوپا، کە کار بۆ سڕینەوەی ناسنامەی کوردستانی شاری کەرکووك دەکەن بە هەند وەرنەگیڕین و بەرگری لە دەستبەسەرداگرتنی زەوییە کشتوکاڵییەکانی هاوڵاتیانی کورد و تاڵانکردنی موڵکەکانیان نەکرێت و دووبارە جێبەجێکردنی سیاسەتی تەعریب قبوڵ بکرێت. 

لێرەدا دەڵێین ئەوەی نکۆڵی لە کەسی بەرامبەر بکات و هەوڵی سڕینەوەی ناسنامەی بدات و هەموو یاسا و پێوەر و سنوورێك ببەزێنێت، ئەوا بەم کارەی پشتیوانی لە پرۆسەی وێرانکردنی عێراق و کۆتایی هێنان بە پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە کەرکووك و عێراق دەدات، کە بە بەهێزکردنی هەڵوێستی رەگەزپەرستی و زیندووکردنەوەی بیرۆکەی شۆڤێنیزم ئەنجام دەدرێت، ئەوەی بەداخەوە تا ئێستاش لەمێشکی ژمارەیەکی بەرچاو لە ناوەندە عەرەبییەکاندا بوونی هەیە، کە دژ بە بیرۆکەی دێموکراسییەت و فیدڕاڵییەتن و نکۆڵی لە کوردستانیبوونی کەركووك دەکەن. حکومەتە یەك لە دوای یەکەکان لە عێراقی پاش رووخانی رژێم بە ئەنقەست جێ بەجیکردنی ماددەی 140ی دەستووریان پشت گوێ خست و مەبەستیان بوو ئەو بابەتە هەر بە هەڵپەسێردراوی بمێنێتەوە و  بۆیە بە پێویستی دەزانین هەرێمی کوردستان لە کاتی پێکهێنانی حکوومەتی نوێ لە بەغدا و دانوستانەکان مکوڕ بێت لەسەر جێبەجێکردنی ئەو ماددەیە، چونکە کەلـلەڕەقی و خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی و نکۆڵیکردن لە راستییە زەقەکان و پەرەپێدانی دۆزەخی ئامێری سەربازی تەنیا دەبێتە هۆی ناکۆکی و شکست و کارەساتی ناوخۆیی بۆ گەلی عێراق. بوونی هێزەکانی سوپا و حەشدی شەعبی لە کەرکووك و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بە بیانووی پاراستنیان لەتیرۆر چارەسەر نییە، بەڵکوو تەنها ئاگری قەیران و گرژییەکان زیاتر دەکات. 

ئەستەمە کەرکووك بەتەنها بێت، پێویستە  کوردستانییان پێکەوە کار بکەن بۆ ئایندەی کەركووك و ناوچە کوردستانییەکانی تری دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان.