د. یادگار ئیسماعیل
نووسەر
وتاری 'دۆخی یەکێتی فیدڕاڵی' سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ و سەرنج، شیکردنەوە و پێداچوونەوەیەکی وردی وتارەکەی
لە وتاری ساڵانەی ناسراو بە دۆخی یەکیتییە فیدڕاڵیەکەی ئەمریکا، (State of the Union)، سەرۆکەکانی ئەمریکا بە گشتی دەپرژێنە سەر بابەتە سیاسیی و ئەو بابەتانەشی رەهەندی سیاسیی و دەوڵەتدارییان لە ئەمریکا هەیە. یەکەمین وتاری نووسراو لە 8ـی کانونی دووەمی 1790 لە لایەن جۆرج واشنتن، یەکەمین سەرۆک، دامەزرێنەر و سەرکردەی دیاری شۆڕشی دژی کۆلۆنیالیزمی بەریتانی نووسراو و بڵاو کرایەوە، بەڵام یەکەمین وتاری پێشکەشکراو و پەخشکراو لە لایەن سەرۆکێکی ئەو وڵاتە بە ناوی ودرۆ وێلسن بوو لە ساڵی 1913.
هاوتای رابردوو، بانگەشەی نوێبوونەوەی خەونی ئەمریکی نوێ کراویەوە، بەڵام دەگوترێت وتارەکانی ترەمپ، سەرۆکی دوو خوڵی نابەدوای یەکی ئەمریکا لەبری کۆکردنەوەی ئەمریکا، زیاتر کۆمەڵگە دابەش دەکەن، هەرچەندە بۆ کۆمارییەکان ئەوەی ترەمپ ئەنجامی دەدات، بوێری دەوێت و ئەو نەریتی دەوڵەتداری و وتاری سیاسیی لە "زۆنگاوی سیاسی" ئەمریکا دەگۆڕێت، کە ترەمپ ە زۆنگاوی پیسیبوونی واشنتن ناوی دەبرد. ئەوەشی زیاتر مەرامی منە لەم وتارە، ئەوەندە پرژان نیە بۆسەر تێکڕای بابەتەکان، بەڵام خستنە رووی وتارەکەیە بە دیدێکی رەخنەگرانە لە ژێر رۆشنایی بیردۆزی ریلپۆلیتیک و لیبرال بۆ شیکردنەوەی دەقەکە و پشتڕاستکردنەوەی زانیارییەکانی سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ زانیارییە راستەکان.
ترەمپ گشتگیر بوو، هیچ لایەنێکی لەیادنەکرد
ترەمپ لە وتارەکەی گشتگیر بوو، تێکەڵەیەک لە خۆبەراوردکاریی بە بایدن و سەرۆکەکانی دیکە، لە پرسی پەنابەران، دەنگدانی ساختە، هەڵاوسان، کۆچی نایاسایی و سنوورەکان، تاوان و رێژەی هەژاریی و زۆری تێچووی تەندروستی، وەرزش تا دەگاتە هێلکە و مریشک و گۆشتی مانگاشی لە یاد نەکرد، تا بگاتە پرسە جیهانییەکانی وەکو ئێران و ڤێنێزوێلا و ئەوروپا و وڵاتان و هەرێمەکانی دیکەی جیهان.
زانیارییەکانی لەسەر ساختەکاری هەڵبژاردن زێدەڕۆن و گومانیش زیاتر دەکەن
پەیوەست بە پرسی ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکاندا، ترەمپ بانگەشەکانی درێژەپیدا گوایا دەنگدەری نائەمریکی دەنگیان داوە، بەڵام وردبینییەکان لە ویلایەتەکانی وەک میشیگن و ئایەوا دەریان خست ژمارەکە دەیان کەس رەت ناکات لە تیکڕای ئەو هەموو دەنگدەرە ئەمریکییە، بەڵام گومانیش لەسەر پرسی دەندگانی بیانییەکان و تۆمارکراوەکان لەسەر هەڵبژاردنەکانی رابردوو زیاتر دەکات. ئەم زانیارییە پشتراستکردنەوانەش دەری دەخەن سیستەمی دەنگدانی ئەمریکی هێشتاش زۆر تۆکمەیە، بەڵام بێ کەموکوڕی نییە.
لە پرسی بودجەی وەزارەتی ناوەخۆ نەیپێکا
پەیوەست بە دابینکردنی بودجەی وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆ، ترەمپ ئاماژەی بۆ ئەوە کرد دیموکراتەکان "هەموو بودجەیەکیان بڕیووە". بەڵام بەڕێوەبەرایەتییەکە بەردەوامە لە کارکردن سەرەڕای مشتومڕ لە سەر بڕینی بەرنامەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندڕەوی و دووبارە تەرخانکردنەوەی سەرچاوەکان بۆ پرسی کۆچ.
پێچەوانەی بانگەشەی ترەمپ، ئەمریکییەکان هێشتاش زۆرترین تێچووی چارەسەر دەدەن
پەیوەست بە چاودێری تەندروستی، باسی لە "پلانێکی تەندروستی گەورە" کرد بۆ وەستاندنی پارەدان بە کۆمپانیاکانی بیمە، لە کاتێکدا ئەمریکییەکان هێشتا چەند جارێک زیاتر بیمە و تێچووی تەندروستی دەدەن بەراورد بە هەر وڵاتێکی دیکە.
ترەمپ لە جڵەوکردنی سنوورەکان سەرکەوتوو بووە، بەڵام زێدەڕۆیی و گشتاندنی تیادایە
پەیوەست پرسی کۆچ و تاوان، ترەمپ بانگەشەی ئەوەی کرد هەزاران بکوژ لە زیندان و دامەزراوە دەروونییەکان ئازاد کراون، بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەک بخاتەڕوو. چەندین لێکۆڵینەوە دەریدەخەن پەنابەران بە بەڵگەنامە و بێ بەڵگەنامە، کەمتر لە هاووڵاتیانی ئەمریکا تاوان ئەنجام دەدەن و زۆربەی ئەو کەسانەی بەهۆی تاوانی کارگێڕیی و کەسیی ڕاگیراون هیچ سزایەکی تاوانکاریی کردنە ئامانج و تاوانکاریی یاساییان نییە. هەرچەندە سەرۆکی ئەمریکا چەند نمونەیەکی هێنایەوە، کە یەکیک لەوان شێلانی منداڵێک بوو بە ئوتۆمبێل، کە شوفیرەکەی پەنابەرێکی نایاسایی مۆڵەتپێدراو بووە، هەر بەو بۆنەیەشەوە پڕۆژەیاسای دەلایالا، کە کچە رزگاربووەکەیە، پێشنیازی کرد بۆ نەهێشتنی پێدانی مۆڵەتی شوفێریی بە پەنابەرە نایاساییەکان. وێڕای ئەوە کەموکوڕییەکانی دادوەری بەستەوە بە رووداوی کوژرانی گەنجێکی ئۆکرانی بێتاوان لە نێو پاسێکی گشتیدا بە دەستی پەنابەرێکی دیکە، کە دووەمیان نایسایی و خاوەن پشێینەی تاوان بووە، کە دادوەر ئازادی کردبوو.
"سۆماڵییەکان ساختەچیین"
ترەمپ پرژایە سەر پرسی ساختەکاریی و سپیکردنەوەی پارە و گەندەڵی لە مینیوسۆتا، کە ژمارەیەکی بەرچاوی پەنابەری یاسایی و نایاسایی سۆماڵیی تیادا دەژین. لەسەر پرسی ناردنەوەی پەنابەرە نایاساییەکان و دۆخی تاوان لەو شارانەی وەکو مۆڵگەی پاراستنی پەنابەرە نایاساییەکان ناوی بردن، کە کۆتاییان پی بهێندرێت و بنێردرێنەوە وڵاتەکانیان. لەسەر ئەو بابەتە و بەستنەوەی بە پاراستنی هاووڵاتیانی ئەمریکا، سەرۆکی وڵاتەکە پەنجەی ئاراستەی ئەندامی کۆنگرێس ئیلهان عومەر کرد، پێی گوت دەبێت شەرم دایبگرێت بێ هەڵوێست و بۆ پاراستنی ئەمریکییەکان هەڵناستێتە سەر پێ و رێز نانوێنێت.
هێشتاش باجەکان لە خزمەتی سەرمایە زۆرەکاندان
لەسەر دۆخی ئابووری، ترەمپ جەختی لەوە کردەوە کە باجەکان دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان و قەرەبووکردنەوەی باجی داهات، سەرەڕای ئەوەی زانیارییەکانی بازاڕی کار دەری دەخەن خاوبوونەوە لە گەشەی هەلی کار لە بواری بەرهەمهێناندا هەیە، و دادگای باڵا بڕیاریدا کە بەشێک لەو باجانە سنوورەکانیان رەت کردووە و رایگرتن. سەبارەت بە نرخی سووتەمەنی، ترەمپ بانگەشەی ئەوەی کرد کە بەنزین لە زۆربەی ویلایەتەکاندا بۆ خوار 2 دۆلار دابەزیوە، لەکاتێکدا زانیارییەکانی (AAA) دەریدەخەن تێکڕای نرخی نیشتمانی لە دەوروبەری 2.92 دۆلارە بۆ هەر گاڵۆنێک، لەگەڵ نرخی ژێر 2 دۆلار لە ژمارەیەکی زۆر سنووردار لە وێستگەکاندا.
لەبارەی بابەتی هەڵاوسانەوە، ترەمپ ئیدارەی بایدنی بە هۆکاری "خراپترین هەڵاوسان لە مێژوودا" تۆمەتبار کرد، لە ساڵی 2022دا گەیشتە لوتکەی 9.1% پێش ئەوەی لەم دواییانەدا بۆ نزیکەی 2.4-3% دابەزی، بەڵام لە بەرامبەر تێچووی خانووبەرە و وزە بەردەوامن لە بەرزبوونەوە. هەروەها باسی لە "گەورەترین کەمکردنەوەی باج لە مێژوودا" کرد، بەڵام شیکارییەک لەلایەن دامەزراوەی باجەوە پاکێجەکەی وەک شەشەم گەورەترین پاکێج لەقەڵەمداوە، لە کاتێکدا فەرمانگەی بودجەی کۆنگرێس ڕایگەیاندووە کە گەورەترین سوود بۆ داهات بەرزەکان بووە. سەبارەت بە بازاڕی کار و بازاڕی دراو، ترەمپ پەسنی کردن، بەڵام دیسان خاوەنداریەتی پشکەکان لەنێو دەوڵەمەندترین توێژی دانیشتووا چڕبووەتەوە و گەشەی هەلی کار بە بەراورد بە ساڵی پێشوو خاوبووەتەوە.
"دەبێت بابەتی رەگەزگۆڕین کۆتایی بێت"
سەرۆکی ئەمریکا پرژایە سەر بابەتی هاندان و بەلاڕێدا بردنی منداڵان بە پێچەوانەی خواستی دایک و باوکیان تا رەگەزی خۆیان بگۆڕن. ترەمپ رەگەزگۆڕ-خوازەکانی بە نائاگا و "شێت" لەقەڵەمدان. ترەمپ لۆمەی چەپ و دیموکراتەکانی کرد و بە هاندانی منداڵان بۆ رەگەزگۆڕێن تۆمەتباری کردن. گوتی دەبێت بە نزیکترین کات بابەتی رەگەزگۆڕین کۆتایی بێت. گوتیشی ولاتەکە لێوواری داتەپینی رەوشتی بوو، کە ئەوان وەکو کۆمارییەکان رزگاریان کرد.
لە کەمکردنەوەی تاوان ترەمپ سەرکەوتنی بەرچاوی بەدەستهێناوە!
تاوان چەقێکی دیکەی وتارەکەی ترەمپ بوو، پرژانە سەر کەمکردنی رێژەی تاوان و شکاندنی ژمارەی پێوانەیی زیاتر لە 100 ساڵ! ترەمپ ئاماژەی بەوەدا تەنیا لە واشنتن 100% تاوان کەمی کردووە. لەمەیاندا ترەمپ فرمانی بە سوپا، زێرەڤانی نیشتیمانی و تەنانەت پۆلیسی فیدڕاڵی و هێزەکانی دیکەش کردووە هاوکاربن، ئامارەکان دەری دەخەن، کە تاوان بە گشتی لە 65-70 ساڵ لەمەوبەر باشترە، ئەوەش بە خاڵێکی زۆر ئەرێنی دێتە هەژمار، کە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سەرۆکی کوژراو، جۆن ئێف کەنەدی.
"هەشت جەنگی نێودەوڵەتیم کۆتایی پێهێناوە"
"جەنگی ئۆکرانیا لە ئەستۆی بایدن-ە"
لە سەر پرسی ئاساییشی نێوەخۆ و ترەمپ پرژایە سەر ئاساییشی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە دەرەوە، وەکو خۆی ئاماژەی بۆ کرد، دابینکردنی ئاساییشی نێودەوڵەتیش بەدیهاتووە. ترمپ ئاماژەی بەوەدا هەشت جەنگی نێوودەوڵەتی بەرفراوانی وەستاندن، تایبەت جەنگی هیندستان و پاکستان، کە دەکرا ببووایە بە جەنگێکی ناووکیی و ملیۆنان کەس گیانیان لەدەستبدایە. پرژایە سەر جەنگی نێوان وڵاتانی دیکەش، لەوانە: تایلەند و کەمبۆدیا، کۆسۆڤۆ و سڕبیا، ئیسرائیل و ئیران، مسڕ و ئەتۆپیا، ئەرمینیا و ئازەربەیجان، کۆنگۆ و رواندا، بێجگە لە جەنگی غەززە. ترەمپ دیسان روودانی جەنگی روسیا و ئۆکرانیای خستەوە ئەستۆی جۆو بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، گوتی ئەو جەنگە هەرگیز رووی نەدەدا ئەگەر ئەو سەرۆک بووایە. بەڵام ئاماژەی جەنگەکە لە پێش سەردەمی ترەمپیش هەبوون، تایبەت دوای دەستبەسەرداگرتنی کرایمیا و ناڕەزایی بەردەوامی روسیا بۆ ئەندامیەتی ئۆکرانیا لە رێکخراوی ناتۆ، کە سەرۆکی روسیا بە هێڵی سووری دەزانی. لیرەدا ترەمپ گەرایەوە سەر نەریتی ناسراوی خۆی لە لۆمەکردنی بەردەوامی نەیارەکانی، کە لەرووی دیپلۆماسی و سیاسییەوە، ناپەسەندە.
ئاشتی لە رێگەی هێزەوە؛ لۆژیکی هێز
"ئێران پەرە بە بەرنامەی مووشەکی دوورمەودا دەدات"
ترەمپ پرسەکانی ئاشتی و ئاساییش و جەنگی بەیەکەوە لکاند: "ئاشتی لە رێگەی هێزەوە." ئاماژەی ئەوەیدا لە رێگەی هێز ئاشتی دەستەبەر دەکەن، وەکو چۆن لە ناوەخۆ و لە دەرەوە بەرامبەر ئێران ئەنجامی داوە. پێشووتر جۆرج دەبلیو بووش لە عێراق و ئەفغانستان ئەو ستراتیژەی بەکارهێنا بوو. ترەمپ جەختی لەوە کردەوە لە بەرامبەر هەڕەشە دەرەکییەکان دوودڵ نابێت و کاردانەوەی دەبێت، لەو چوارچێوەیەشدا، ترەمپ ئاماژەی بە کۆماری ئیسلامی ئێران دا. ترەمپ بانگەشەی ئەوەی کرد ئێران خەریکی پەرەپێدانی مووشەکەکانە کە توانای لێدانی ئەمریکایان هەیە. گوتیشی: " پێم باشە ئەم پرسە بە شێوەیەکی دیپلۆماسی چارەسەر بکەم. بەڵام با شتێک روون بێت: هەرگیز ڕێگە نادەم گەورەترین دەوڵەتی سپۆنسەری جیهان بۆ تیرۆر- کە بێ گومان ئەوانن (ئێران)- خاوەنی چەکی ناووکیی بن. ناتوانم ڕێگە بدەم ئەوە ڕووبدات." لە درێژەی قسەکانی گوتیشی وەک سەرۆک لە هەر شوێنێک بتوانێت بەدوای بەدیهێنانی ئاشتی دەبێت، بەڵام هەرگیز درێغی لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکان بۆ سەر ئەمریکا ناکات، لە هەر شوێنێک پێویست بکات: "هەر بۆیە ساڵی ڕابردوو لە هەڵمەتێکی یەکلاکەرەوەدا، سوپای ئەمریکا بە هێرشێک بۆ سەر ئێران، کە بە هەڵمەتی چەکوشی نیوەشەو ناسراوە، بەرنامەی ناووکیی ئێرانی لەناوبرد." ترەمپ ئاماژەی بەوەشدا کە ءیران پێشووتر مووشەکیان پەرەپێدابوو، کە توانای هەڕەشەکردنیان لە ئەوروپا و بنکەکانیان لە دەرەوە هەبووە و کاریان لەسەر ئەو مووشەکانە دەکرد کە بەم زووانە دەگەیشتنە ئەمریکا. گوتیشی دوای هەڵمەتەکە هۆشدارییان پێدراوە لە هەر هەوڵێکی داهاتوو بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی بەرنامەی چەکەکانیان، بەتایبەت چەکی ناووکیی. ترەمپ سەرسوڕمانی خۆشی دەربڕی بەوەی لەگەڵ ئەوەشدا ئیرانییەکان بەردەوامن، سەرلەنوێ دەستپێدەکەنەوە دەیانەوێت لە هیچەوە دەست پێ بکەنەوە.
"وڵاتانی ئەندامی ناتۆم ناچار بە زیادکردنی 55ـی داهاتی گشتی بۆ لایەنی بەگری کرد"
لەسەر هاوپەیمانی ناتۆ، ترەمپ وەبیر هەمووانی هێنایەوە کە چۆن وڵاتە هاوڕێکانی لەو رێکخراوە ناچار بە زیادکردنی 5% داهاتی گشتی بۆ لایەنی جەنگ و بەرگری کردووە. گوتیشی هەر شتێک بۆ ئۆکرانیا بنێردراێت لەو رێگەیەوە تەرخان دەکرێت و ئەوەی بەدەستکەوتێکی مەزن دا. ئەو ستراتیژە و رەخنەیەی ترەمپ لەسەردەمی خولی یەکەمیشی وروژابوو. لەو خاڵەشەدا ترەمپ توانی ئەجێندانی خۆ لەبەرژەوەندی وڵاتەکەی بەسەر ئەو رێکخراوە بسەپێنێت، کە پێشووتر زیاتر وەک رێکخراوێکی بێچووی ئەمریکا بۆ پارساتنی ئەوروپا بەدەردەکەوت، نەک رێکخراوێکی هەمەلایەنە و هاوبەش.
"هێزی بۆشایی کۆرپەڵەی خۆمە"
سەرۆکی ئەمریکا کە بە قسە سەرنجڕاکێشە و سەیرەکانی ناسراوە، ئاماژەی بە کۆرپەڵەکەیدا، هێزی بۆشایی ئاسمان و بۆشاییگەری. گوتی کۆرپەڵکەی زۆر گرنگە، پێویتی و بەهای دامەزراوەکە لە بەرزبوونەوەدایە.
زەبری ترەمپ لە تاقمی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان بێوێنە بوون
لەسەروبەندی کۆتایی وتارەکە ترەمپ پرژایە سەر سەرکەوتنی ئیدارەکەی لە قەڵاچۆکردنی تاقم و رێکخراوی بازرگانی کردن بە مادە هۆشبەرەکان، لە دەریاوە تا دەگاتە کوشتنیان لە ناوەخۆو دەرەوەی ئەمریکا، کە دواینییان ئێل مینچۆ بوو لە تاپاڵپا، کە ناوبراو جڵەوی ناوچەکە و بازاڕی هەناردەکردنی ماددە هۆشبەرەکانی بەڕێوەدەبرد و ملیۆنان دۆلاری کۆدەکردەوە. ئیمپڕاتۆیەکەی ئێل مێنچۆ ئەوەندە مەزن بوو دەسەڵات و مافیاکانی مێکسیکۆ نەیاندەوێرا کار دانەوەیان هەبێت و بەهاوکاری ئەمریکا و زانیاری هەواڵگری کرایە ئامانج و بە بەرینداری دەستگیر کرا، بەر لەوەی لە رێگە گیان لەدەست بدات. ئەمە بە گەواهی خودی ئەدنامانی کۆنگرێس لە دیموکراتەکان، بە دەستکەوتێکی مەزن دادەدرێت.
یاسا نێودەوڵەتییەکان بە دەستگیرکردنی مادورۆ بنپێ کران
"ڤێنیزوێلا وڵاتە دۆستەکەمان"
ترەمپ هەڵمەتی کۆتایی پێهێنانی دەسەڵاتی مادۆرۆشی لە یاد نەکرد، ئاماژەی بەوەدا کە سەربازە جەربەزەکانی ئەمریکا کۆتاییان بە دەسەڵاتی مادورۆ هێنا. ئەو رپسە وێڕای ئەوە لای ئازادیخوازانی ڤێنیزوێلا و جیهانی دژی ناوەندگەرایی و نەیارانی چەپ و کۆمیونیزم پێی شاگەشکە بوون، بەڵام بەو شێواز و رێکارانە بە پێشێلی یاسا نێودەوڵەتیەکان هەژمار دەکرێت. لەو نێووانە وڵاتە ماندوو و شەکەتەکەی کاریبی لە بری تۆڵەسەندنەوە، لە دۆخێکی نالەباری ناوبانگی دیپلۆماسی و پێگە و سەروەریدا دەستەوەستانە و بارمتەئاسا مامەڵە لەگەڵ ئەمریکا دەکات. ترەمپ لای خۆی ئەوەی بە دەستکەوتێکی مەزنی سوپا لەقەڵەمدا و تێکڕای هەڵمەتەکەی بە ناوازە وەبیر هەمووان هێنایەوە. هاوکات هەر وەک چۆن بە پیاوی رووداوە سەرسوڕهێنەرەکان ناسراوە، دۆناڵد ترەمپ یەکیک لە زیندانیە سیاسییەکانی بە خوارزاکەی لە نێو ژووری کۆنگرێس ئاشکردووە، کە رووداوێکی بێ هاوتایە لە مێژووی وتارە مێژووییەکانی سەرۆکێکی ئەمریکا.
ترەمپ میدالیای باڵای کۆنگرێس و سەرۆکایەتی بە سێ سەرباز بەخشی
سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ لە وتاری ساڵانەی خۆیدا، ناسراو بە دۆخی یەکێتی فیدڕاڵی سەرباز و کەسایەتیە کاریگەرەکانی ئەمریکای لە یاد نەکرد. ئەو نەریتە لەوەتەی دامەزرانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا باوە و بە جۆرێک لە داینەمۆی نزیکردنەوە و پێکەوەیی هەردوولای جیاوازی کۆنگریس دادەندرێت. لەو چوارچێوەیە، ترەمپ دوو میدیالیای کۆنگرێسی باڵاترینی شەرەفی بە دوو فرۆکەوان بەخشی، کە لە بەرەی جەنگ و هەڵمەتەکان بردیندار ببون: یەکێکیان ئیریک سلۆڤەر، ئەفسەری فرۆکەوانی کۆپتەری هێرشبەر لە هەڵمەتی دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادورۆی سەرۆکی ڤێنیزوێلا و ئەوەی تریش رۆیس ویلیامز ی تەمەن 100 ساڵ، کە فرۆکەوانێکی فڕۆکەی جەنگی بووە لە جەنگی دووەمی جیهان، جەنگی کۆریا و ڤیێتنام. ویڵیامزی تەمەن یەک سەدە لە رووبەڕووبوونەوەی فڕۆکەی بەرامبەرەکانی لە کۆریا بریندار ببوو دوای خستنەخوارەوەی چوار فڕۆکەی نەیارەکان و زیانگەیاندن بە چەند دانەیەکی دیکەش لە رووبەڕووبونەوەیەکی نابەرامبەردا. ئەمە بێجگە لە بەخشینی میدالیای ئازایەتی دڵی بنەوشەیی بە سارا بێکستۆرم، بۆ ئازایەتیەکەی لە هەڵمەتە سەربازییەکان.
ترەمپ بوو پاڵەوانیەتییەکانی مۆندیال و ئۆڵۆمپی بۆ ئەمریکا مسۆگەر کرد
وەرزش و سیاسەت تەواوکارن
ترەمپ میدیالیاکەی سەرۆکایەتی بۆ ئازادی-شی بە گۆڵپاریزی تیمی ئەمریکا لە ئۆڵپمی ئیتاڵیا 2026، کۆنەر هێلیبیوک بەخشی، کە ناوبراو بە بڕبڕەی پشتی تیمەکە و هۆکارێکی سەرەکی بردنەوەی میدالیای زێڕین لە ئۆڵۆمپیاد دادەندرێت. ترەمپ زیاتر پرژایە سەر گرنگی وەرزش و هەوڵەکانی بۆ لەخۆگرتنی ئۆڵۆمپیادی داهاتوو و هێنانی مۆدنیال، گەورەترین رووداوی وەرزشی بۆ ئەمریکا لە ناوەڕاستی ئیمساڵدا. ئەمەش دیسان هەوڵگەلێک بوون لە خولی یەکەمی خۆشی هەوڵی بۆ دەدا. لەو کاتەدا ترەمپ بە ئاشکرا پشتگیری لە هەوڵەکانی ەیكیتی تۆپی پێی ئەمریکای باکوور کۆنکا کاف دەکرد. تەنانەت لە تویتێکدا نووسی بووی ئەو وڵاتانەی کە پشتگیری لە پێشنیازی ئەمریکا دەکەن، پێویستە لە گفتوگۆ بازرگانییەکاندا بە باشی سەیر بکرێن، لێدوانێک بوو سەرنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تەواو بەدوای خۆیدا ڕاکێشا.
"منیش زۆر تامەزرۆی پێبەخشرانی باڵاترین میدالیای کۆنگریس-م"
لە میانی وتارەکەیدا، دۆناڵد ترەمپ بە گاڵتەجاڕیەوە وتی، کە هەمیشە ویستوویەتی مەدالیای ڕێزلێنانی کۆنگرێس وەربگرێت بەڵام پێیان وتووە کە ڕێگەی پێنادرێت بە خۆی ببەخشێت. وتی ئەگەر ڕۆژێک یاسا ڕێگەی پێبدات، ڕۆژێک دێت لەوێ دەبێت و چاوەڕوانی میدالیاکە دەکات.
ئێستا و داهاتوو لە ژێر رۆشنایی مێژوودا
مێژووی بەکارهێنا بۆ یەکخستنەوەی وتاری "لە پێشان ئەمریکا"
لە وتاری دۆخی یەکێتی فیدڕاڵییدا، دۆناڵد ترەمپ مێژووی ئەمریکای وەک کاروانێکی دووروودرێژی خۆڕاگری و دەستکەوت لە چوارچێوە مێژووییەکەیدا دانا، کە لە سێزدە کۆلۆنی دەستیپێکرد و گەیشتە لوتکە لە کاریگەرییە جیهانییەکانی ئێستای وڵاتەکەدا. ئەو گەشتی ئەمریکای لە کۆمەڵێک نیشتەجێبووی خەباتگێڕەوە بۆ کۆمارێکی بەهێز وێنا کرد، تیشکی خستە سەر سەردەمە سەرەکییەکانی گەشەکردن و فراوانبوون و سەرکەوتنی نیشتمانی. ترەمپ ئەم گێڕانەوەی مێژووییەی بەکارهێنا بۆ بەهێزکردنی تەوەرە سەرەکییەکەی: کە هەمان ڕۆحی پێشەنگ و خواست بۆ سەرکەوتن و بردنەوە و یەکەم بوونن و ئەمریکای لە بنچینەدا لەسەر لەقاڵبدایەوە و تا ئەمڕۆش بەردەوامە لە ئاراستەکردنی وڵاتەکە. بە بەستنەوەی دەستکەوتەکانی ڕابردوو بە دیدگای خۆی بۆ داهاتوو، هەوڵیدا سیاسەتەکانی وەک بەشێک لە چیرۆکی سەرکەوتن، بەدیهێنانی خەونی ئەمریکی، بەردەوامی پێشکەوتن و نوێبوونەوەی ئەمریکا جێگیر بکات، ڕایگەیاند کە باشترین ڕۆژەکانی گەل دەبینن و بەدی دێن کە رۆژگەلی: "گەورەتر، باشتر، گەشاوەتر، بوێرتر و شکۆمەندتر دەبن لە جاران." ترەمپ لەو ەهوڵەدا سەرکەوتووانە توانی بۆ جەند ساتێکی دەگمەنیش بێت هۆڵی کۆنگرێس بخرۆشێنێت و بە شانازییەوە هەمووان هەستی نۆشتاڵژیکی رابردووپەروەرییان جوڵا.
بە کوردی و کورتی
وتارەکەی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ، کە ژمارەی پێوانەیی بۆ درێژترین وتاری سەرۆک لە کۆنگرێس شکاند بە 108، کە دیسان ژمارەی پیوانەیی خۆی بوو بە 100 خولەک (تا پارساڵ ژمارەی پێوانەیی بە ناوی سەرۆکی پێشووتر بیڵ کلینتن بوو کە 89 خولەک بوو و هەر ئەویش ژمارەی پیوانەیی خۆیی لە 85 خولەکەوە شکاندبوو)، لە تەک وتاری نەتەوەیی، خەونی ئەمریکی، پەسنی وەرزشکار و سەربازە دێرینەکان و خزمەتکارانی کەرتی گشتی لە خۆگرتبوو. هاوکات وتارەکە هێرشیش بوو بۆ سەر دیموکراتەکان، زیاتر لە قسە کردن لەسەر ئێران و ڤێنێزوێلا و کێشەکانی دیکە. لە وتارەکەدا، کە بە ریزبەندیەکی باش تەواو بوو، هەموو لایەنەکانی لەخۆگرتبوو، بەڵام تێکەڵی و نادروستی لە زانیارییە ئابوورییەکاندا هەبوو، یان زۆر زێدەڕۆیی تیایاندا دەکرد؛ روونیشە شێوازی ترەمپ خۆی وەکو شێووازی ئاخافتن زێدەڕۆیی زۆری تیادایە، کە بەردەوام بەراوردکاریی تیدایە، ئینجا بەراوردکاریی خۆی بێت لەگەڵ سەرۆکەکانی پێشووتری ئەمریکا، یاخود هاوتاکانی لە جیهان تا دەگاتە بەراورکردنی دۆخی ئەمریکا بە جیهان و وێناکردنی وڵاتەکەی لە ترۆپکدا. بێجگە لەمەش وتارەکەی ترەمپ لەسەر ئێران، بە ناڕاستەوخۆیی جۆرێک ئاماژەی رەواییدانیان تیدابوو بۆ هەر جەنگێکی ئەگەری لەگەڵ وڵاتەکە، لە کوشتنی سەربازی ئەمریکییەوە تا دەگاتە دروستکردنی مووشەک و بانگەشەی کوژرانی 32 هەزار ئیرانی لە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییە لەو پاساوە ئاماژەییانەن. بیجگە لە ڤێنیزوێلا کە بە هاوڕێی ناوبرد و لۆمەکردنی ئیدارەکانی رابردووش لەسەر هەموو پرسەکان ناوە ناوە بەسەر زاریدا دەهات. ترەمپ سەروەریە ئەمنی و ئابوری و وەرزشی و سیاسییەکانی لە وتارەکەیدا لە ژیر سیبەری تارماییەکی مێژوویی پێشکەش کرد، تێکڕا وتارێک بوو دەکرێت بە سەرکەوتوو و بەرجەستە تەمشا بکرێت بۆ ئەو وڵاتە و بەهەمان ئەندازەش جیاوازەییەکانی زیاتر لە نێوان دیموکرات و کۆمارییەکان دەرخست.