رۆڵی سەرۆك بارزانی لەناو هاوکێشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ

رۆڵی سەرۆك بارزانی لەناو هاوکێشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ
رۆڵی سەرۆك بارزانی لەناو هاوکێشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ

بە خوێندنەوەمان لە روانگەی سیاسەتی نێودەوڵەتی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە بە قۆناخێکی مێژوویی زۆر ئاڵۆز تێدەپەڕێت، دەردەکەوێت کەوا ململانێکانی هەرێمی لەگەڵ گۆڕانکارییە گەورەکان لە سیستەمی نێودەوڵەتی تێکەڵ بوون. 

ئێمە پێمان وایە پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران تەنیا رووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازی یان سیاسی رووکەش نییە، بەڵکو رەنگدانەوەی ململانێیەکی فراوانترە بۆ دووبارە داڕشتنەوەی هاوسەنگی هێز لە ناوچەکە و لە جیهان. 

لە نێو ئەم گۆڕانکارییە قووڵانەدا هەرێمی کوردستان خۆی لەبەردەم ئالنگارییەکی ستراتیژ دەبینێتەوە، ئەویش چۆنیەتی پاراستنی دەستکەوتە سیاسی و دەستوورییەکانی هەرێم و دوورکەوتنەوەیەتی لە راکێشان بۆ ناو ململانێی هەرێمی،  کە لەوانەیە ببێتە مایەی هەڕەشە بۆ سەقامگیرییەکەی.

لەم چوارچێوەیەدا رۆڵی سەرۆك مەسعود بارزانی وەکوو سەرکردەیەکی دیار بەرجەستەیە، کە رێبازێکی سیاسی پراگماتیکی گرتۆتەبەر بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم قۆناخە هەستیارەدا. 

رێبازی سەرۆك بارزانی لەسەر بنەمای بنچینەیی پاراستنی سەقامگیری ناوخۆ و ئەزموونی هەرێمی کوردستان وەکوو مۆدێلێکی سیاسی و ئابووری دامەزراوە، لە ناوچەیەکدا کە ئەمڕۆ گیرۆدەی گێژاوێکی بێ وێنە بووە.

ئەو پڕۆژەیەی، کە ئەمڕۆ ئەمریکا و ئیسرائیل جێ بەجێی دەکەن، لە تەنیا رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێران کورت نابێتەوە، بەڵکوو  هەوڵێك لەخۆ دەگرێت، کە مەبەستیە دووبارە هاوسەنگی هێز لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابڕێژێتەوە، بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی رۆژئاوا بۆ دەیان ساڵی داهاتوو. 

لەم چوارچێوەیەدا واشنتن توانا سەربازی و ئابووریی بێ ئەندازەی خۆی بەکاردەهێنێت، لەکاتێکدا ئیسرائیل هەوڵدەدات واقیعی نوێ لەسەر زەمین بسەپێنێت، کە سەرهەڵدانی هەر هێزێکی هەرێمی سنووردار بکات، ئەگەر مەبەستی بێت لە داهاتوودا ببێتە هێزێکی هاوسەنگ لە ناوچەکە.

بەڵام کڕۆکی ململانێکان تەنیا سنووردار نییە بەم ناوچەیە، بەڵکو پەیوەستە بە گۆڕانکاریی قووڵتر لە پێکهاتەی سیستەمی نێودەوڵەتی. 

سەرهەڵدانی چین وەکوو زلهێزێکی ئابووری لەلایەك و گەڕانەوەی روسیا بە بەهێزی بۆ سەر گۆڕەپانی جیۆپۆلیتیکی، وای لە ئەمریکا کردووە وەکوو سەردەمی پاش جەنگی سارد توانای بەڕێوەبردنی تاك جەمسەری نەبێت.   

لەم گۆڕانکارییەدا بەرەو سیستەمێکی نێودەوڵەتی فرە جەمسەری، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهۆی پێگەی ستراتیژی و سەرچاوە وزە و رێگا بازرگانییە گرنگەکانییەوە گرنگییەکی ناوازەی هەیە. 

بۆیە واشنتن هەوڵدەدات هاوسەنگییەکی هەرێمی دابمەزرێنێت، تا کاریگەری بەردەوامی خۆی مسۆگەر بکات و لە هەمان کاتدا سەرهەڵدانی ئەو زلهێزانە سنووردار بکات، کە توانای گۆڕینی هاوسەنگی هێزی جیهانییان هەیە.

ئێران لەم هاوکێشەیەدا پێگەیەکی سەرەکیی هەیە، لە دەیان ساڵی رابردوودا سەرکەوتوو بوو لە بنیاتنانی تۆڕێکی کاریگەریی هەرێمیی، کە درێژبۆوە بۆ عێراق، سوریا، لوبنان و یەمەن. 

لە هەمان کاتدا پەرەی بە توانای پێشکەوتووی مووشەکی و بەرنامەیەکی ئەتۆمی دا، کە مشتومڕی بەرفراوانی لەسەر شانۆی نێودەوڵەتی لەسەر بوو.

بۆیە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ئێرانیان بە یەکێك لە کاریگەرترین هۆکارەکانی هاوسەنگی هێزی ناوچەکە بینی و لە رێگەی تێکەڵەیەکی گوشارە ئابووری و سەربازیەکان و هاوپەیمانی هەرێمییەوە هەوڵیان دا،  هەژموونی ئێران کۆنتڕۆڵ بکەن.

لەبەرانبەردا مۆسکۆ و پەکین بە وردی چاودێری رەوتی رووداوەکان دەکەن، دان بەوەدا دەنێن کە هەر گۆڕانکارییەکی قووڵ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کاردانەوەی راستەوخۆی لەسەر بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانیان دەبێت، چ لەسەر بازاڕەکانی وزە بێت، یان لەسەر رێگا بازرگانییەکان و هاوسەنگییە سەربازییە جیهانییەکان.

لە ناو ئەم ئاڵۆزییانەدا ناکرێت پێگەی جیۆپۆلەتیکی هەستیاری هەرێمی کوردستان رەچاو نەکرێت. لە ناوچەیەکدا، کە بەرژەوەندیی زلهێز و هێزە هەرێمییەکان یەکتر دەبڕن، بۆیە پارێزگاری لە سەقامگیری ناوخۆ بۆتە ئەولەوییەتی سەرەکی بۆ سەرکردایەتی کورد.

لەم روانگەیەوە هەوڵەکانی سەرۆك مەسعود بارزانی بۆ پەیڕەوکردنی سیاسەتی بێلایەنی له ململانێیە هەنوکەییەکانی ناوچەکە و پاراستنی پەیوەندی هاوسەنگ لەگەڵ ئەکتەرە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان  گرنگی خۆی هەیە بۆ پاراستنی ئەزمونی گەلی کوردستان و دەستکەوە مێژووییەکەی و تێوەنەگلان لە جەنگ.

ئەو رێبازەی کە سەرۆك بارزانی جێ بەجێی دەکات، لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنێکی واقیعیانەیە بۆ پێشهاتەکانی ئێستا. 

کوردستان لەبری ئەوەی بکێشرێتە ناو ململانێیەکان، هەوڵدەدات پێگەی خۆی وەکوو هێزێکی سەقامگیرخواز لە ناوچەکە و هاوبەشێکی متمانەپێکراو لەسەر ئاستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پشتیوانیکردنی ئاسایشی ناوچەکە بەهێزتر بکات.

جگە لەوەش، گۆڕان بەرەو سیستەمێکی جیهانی فرە جەمسەری رەنگە دەرفەتی نوێ بۆ گەلی کورد لە کوردستان بکاتەوە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی و فراوانکردنی مانۆڕی سیاسی و دیپلۆماسی، بەتایبەتی ئەگەر سەرکەوتوو بێت لە پاراستنی یەکڕیزی ناوخۆیی خۆی و سەقامگیریی دامەزراوەکانی.

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو قۆناخێکی درێژخایەنی دووبارە دامەزراندنی هاوسەنگی ستراتیژ هەنگاو دەنێت. 

ململانێی نێوان زلهێز و هێزە هەرێمییەکان لە ئایندەیەکی نزیکدا کۆتایی نایەت، بەڵکو بەردەوام دەبێت لە داڕشتنی شێوەی سیستەمی نێودەوڵەتی نوێ.

لەناو ئەم گۆڕانکاریانەدا، بژاردەی کوردستان کە لەسەر بنەمای حیکمەت و لێکدانەوەی واقیعی سیاسی سەرۆك مەسعود بارزانی دامەزراوە، وەکوو بژاردەیەکی درووست دەبێتە بەردی بناخەی پاراستنی دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان و دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری.

بۆیە پاراستنی پەیوەندی هاوسەنگ لەگەڵ هەموو لایەنەکان، دەتوانێت باشترین رێگا بێت بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناخە پڕ پشێوییە لە مێژووی ناوچەکە.