د. سامان سۆرانی
نووسەر
کاریگەریی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە لەسەر پێگەی هەرێمی کوردستان
لەگەڵ پەرەسەندنی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، عێراق خزایە ناو قۆناخێکی هەستیارەوە، تێیدا ئالنگارییە ناوخۆییەکان لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە تێکەڵ بوون، ئەمەش بووە مایەی ورووژاندنی پرسیارێکی بنەڕەتی سەبارەت بە سروشتی ئەکتەری راستەقینە لەو دەوڵەتە: ئایا حکوومەت توانای کۆنترۆڵکردنی ئاراستەکانی هەیە، یان هاوسەنگی هێزەکان بە قازانجی میلیشیا چەکدارەکانی دەرەوەی یاسا و دەستور گۆڕاوە؟
حکوومەتی محەممەد شەیاع سودانی بەهۆی پەرەسەندنی رەفتاری گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران دژ بە بەرژەوەندییەکانی عێراق رووبەڕووی گوشاری زیاتر بۆتەوە، کە ململانێیەکانی ئێستا بە درێژکراوەی خەباتێکی وجودی و مانەوەی خۆیان دەزانن، بەتایبەتی دوای تیرۆرکردنی سەید عەلی خامنەیی، رابەری باڵای ئێران و فەرماندە باڵاکانی دیکەی سوپای پاسداران.
ئەم رەوتە لە هەڵکشانی هێرشەکانیان دەردەکەوێت، کە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق ئەنجامی دەدرێن، لە تەنیشت ئەوەشەوە ئەندامانی سەر بەو میلیشیا چەکدارەکانە لە پەرلەمانی عێراق دروشم دژ بە ئەمریکا و ئیسرائیل بەرزدەکەنەوە، ئەگەر چی ئەمریکا ئەکتەری سەرەکی بووە لە رووخاندنی رژێمی پێشوو لە ساڵی 2003 و کاری بۆ بنیاتنانی عێراقی نوێی کردووە و سیستەمی سیاسی ئێستای داڕشت و کاری بۆ ئەوە کرد، عێراق تێکەڵ بە تۆڕێکی ئاڵۆزی هاوپەیمانێتی هەرێمی بێت. لەبەرانبەردا، بەردەوامی هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ سەر بنکە و بارەگای گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ملیشیا شیعەکان و حەشدی شەعبی، لەگەڵ زیادبوونی هۆشدارییەکانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، ئاماژەن بۆ رادەی مەترسییەکان بۆ سەر هاووڵاتیان و بەرژەوەندییە گرنگەکانی ئەمریکا، لەوانەش هێرشکردنە سەر دامەزراوە دیپلۆماسییەکان، کۆمپانیاکانی وزە و فڕۆکەخانەکان، ئەمەش نیگەرانییەکانی ئەمریکای لە عێراق زیاد کردووە، بۆیە سەقامگیریی عێراق بووەتە بەشێك لە هاوکێشەیەکی فراوانتری ئاسایشی هەرێمی، کە ئێستا دەوڵەتانی کەنداو و وڵاتانی ناوچەکەی گرتۆتەوە.
بە پێچەوانەی ئەم ئاراستەیە، هەرێمی کوردستان لە رێگەی پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی پراگماتیك و واقیعییانەوە، نموونەیەکی جیاوازی لە بەڕێوەبردنی مەترسییەکان و خۆپاراستن لە مەترسی هەڕەشەکان پێشکەش کردووە. سەرکردایەتی سیاسی لە کوردستان بە رێبەرایەتی سەرۆك مەسعود بارزانی کاری بۆ راگرتنی هاوسەنگی کردووە و پەیوەندییەکانی لەگەڵ زلهێزە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەتی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و وڵاتانی دراوسێ و کەنداو و ئەوروپا لەسەر ئاستێکی دیپلۆماسی باش راگرتووە و بەو شێوەیە توانیویە سەقامگیری و دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان بپارێزێت، لە هەمان کاتدا خۆی لە تێوەگلانی راستەوخۆ لە ململانێکانی ناوچەکە بەدوور گرتووە.
ئەم سیاسەتە هاوتەریبە لەگەڵ رێبازی ژیرانەی سەرۆك بارزانی، بۆیە ناکرێت لە دەرەوەی چوارچێوەی رێبازەکانی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستان تێبگەین، بەتایبەتی ئەوەی کە واقیعی سیاسی پێمان دەڵێت، ئەکتەرە سیاسییەکان- بەتایبەتی قەوارە نیمچە سەربەخۆکان- هەوڵدەدەن لە رێگەی دروستکردنی هاوپەیمانێتی لەگەڵ زلهێزەکان، ئاسایشی خۆیان بەهێزتر بکەن.
پێگەی هەرێمی کوردستان، کە خۆی لەناو چوارچێوەی تۆڕێکی نێودەوڵەتی چالاك دەبینێتەوە گوزارشت لە لۆژیکی هاوسەنگی هێز دەکات، بەو پێیەش هەوڵدەدات لە رێگەی هاوبەشی ستراتیژی لەگەڵ دەوڵەتانی کەنداو و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە قەرەبووی توانا سنووردارەکانی بکاتەوە، ئەمەش قورسایی و سەنگێکی بەرچاوی سیاسی و ئاسایشی پێبەخشیوە، کە لە قەبارەی جوگرافیای خۆی زیاترە. لە ژێر رۆشنایی گۆڕانکارییەکانی ئێستادا، ئەم رێبازە رەنگە دەرفەتێکی زۆر باش بۆ هەرێمی کوردستان بڕەخسێنێت، بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆی وەکوو ئەکتەرێکی تاڕادەیەك سەقامگیر لە ژینگەیەکی پڕ پشێویی هەرێمی، جا چ بە راکێشانی پشتیوانی نێودەوڵەتی بێت یان بە گێڕانەوەی رۆڵی لۆجستی و سیاسی خۆی لە قۆناخی دوای ئەم شەڕ و ململانێیانەی ئێستا.
بەڵام ئەم دەرفەتانە بەندن بە توانای هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی سیاسەتی "بەشداری هاوسەنگ"، چونکە هەر خلیسکانێك بەرەو بەشداریکردنی راستەوخۆ لە ململانێکاندا دەتوانێت بیکاتە ئامانج و ئەو دەستکەوتانەی لە ساڵانی ڕابردوودا بەدەستی هێناوە تێکبدات.
لە هەمان کاتدا، بەردەوامی جیاوازی بەرچاوی نێوان ئاراستە و رێبازی هەرێمی کوردستان و ئاراستە و روانگەی گروپە چەکدارەکانی ناو عێراق دەتوانێت ببێتە هۆی داڕشتنەوەی پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا، جا هاوکێشەکە یان بەرەو زیادبوونی گرژی دەڕوات یان روو لە لێکتێگەیشتنی نوێ دەکات، کە هاوسەنگی هێز دەیسەێنێت. دەرئەنجام پێناچێت داهاتووی عێراق تەنیا بە ئاکامی ئەم شەڕەی ئێستا دیاری بکرێت، بەڵکو زیاتر بە توانای پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی عێراق بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی ژینگەی هەرێمی دیاری دەکرێت.
پارادۆکسێکی بنچینەیی هەیە لە نێوان لۆژیکی میلیشیا چەکدارەکان، کە رەنگدانەوەی هاوئاهەنگییانە لەگەڵ ململانێی جەمسەرەکان، و لۆژیکی هەرێمی کوردستان، کە لەسەر بنەمای پراگماتیك و هاوپەیمانیی دامەزراوە.
بە دڵنیاییەوە سەقامگیری لە کاتی بوونی گرژی و ئاڵۆزی لە رێگەی رووبەڕووبوونەوە بەدەست نایەت، بەڵکو بە خوێندنەوەیەکی ورد و زانستیانە بۆ هاوسەنگی هێز و بەکارهێنانی ئەو هاوسەنگییە بەدەست دێت، بە شێوەیەك، کە خزمەت بە مانەوە بکات و زۆرترین دەستکەوت دەستەبەر بکات، بە تایبەتی ئەگەر تواناکان بۆ دروستکردنی هاوپەیمانی هەرێمی و نێودەوڵەتی بخرێنە گەڕ تا بە تەواوی پێگەی هەرێمی کوردستان لەناو تۆڕی هاوسەنگی هەرێمی دوای شەڕ مسۆگەر بێت.