کوردستانێکی خۆڕاگر لە بەرانبەر هێرشە تێرۆریستییەکانی میلیشیاکان

کوردستانێکی خۆڕاگر لە بەرانبەر هێرشە تێرۆریستییەکانی میلیشیاکان
کوردستانێکی خۆڕاگر لە بەرانبەر هێرشە تێرۆریستییەکانی میلیشیاکان

لە عێراقێکدا، کە سنوورەکانی دەوڵەت بەهۆی دەسەڵاتی چەکی کۆنترۆڵنەکراو دووچاری داڕمان بووە، میلیشیاکان و گروپە شیعەکانی دەرەوەی یاسا تەنیا بە سەرچاوەیەك دانانرێن بۆ دروستکردنی ناسەقامگیری، بەڵکو  بە کاریگەرترین هێز ئەژمار دەکرێن، کە دیمەنی ئاسایشی و سیاسییان لە قاڵب داوە و دامەزراوەکانی دەوڵەتیان ژێر پێ ناوە و دەستیان بەسەر بڕیارە سەروەرییەکانی گرتووە.

ئەم هێزانە کە هەژموونی خۆیان لەدەرەوەی چوارچێوە فەرمییەکان کۆکردۆتەوە ، نەك هەر شکۆیان بۆ حکوومەتی فیدڕاڵ نەهێشتووە، بەڵکو راستەوخۆ روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە و رۆژانە بە شێوەیەکی سیستەماتیك بە مووشەك و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرش دەکەنە سەر شارەکانی، ئەم کردارە قێزەونانەیان رەنگدانەوەی ئیرادەیەکە بۆ فشار خستنە سەر هەرێمی کوردستان  لە رووی ئاسایشییەوە و بەزۆر راکێشانێتی بۆ ناو جەرگەی ململانێکانی ناوچەکە، کە هەرێم ژیرانە خۆی لێ دەپارێزێت. 

بە دووبارەبوونەوەی ئەم هێرشانە، ئەو راستییە بۆ هەموو لایەك ئاشکرا دەبێت، کە بڕیاری جەنگ و ئاشتی لە عێراقدا لە دەستی دەوڵەتی عێراق نەماوە، بەڵکوو ئەوە هێزی میلیشیا چەکدارەکانە، کە پەیوەندی سنووربەزێنی هەیە، جوگرافیای عێراق وەکوو گۆڕەپانێك بەکاردەهێنێ بۆ یەکلاییکردنەوەی حیساباتە ناعەقڵانییەکانی. 

لەبەرانبەردا سەرکردایەتی حەکیمانەی گەلی کوردستان و لەسەرووی هەموویانە سەرۆك مەسعود بارزانی رێبازێکی وریا و ژیری گرتۆتەبەر، کە لەسەر بنەمای بەڕێوەبردنی هاوسەنگی هێز و دوورکەوتنەوە لە تێوەگلانی راستەوخۆ لەم رووبەڕووبوونەوانەدا و داننان بە گەورەیی قەوارەی ئەو مەترسیانەی، کە دەکرێت لە ئەنجامی هەر لایەندارێتییەکی ئاشکرا بێتە ئاراوە. 

لە کاتێکدا ئەم بژاردەیە رەنگە بۆ هەندێك لە ماوەیەکی کورتخایەندا تێچووی زۆری هەبێت، بە لەبەرچاوگرتنی بەردەوامی هێرشەکان و بە ئامانجگرتنەکان، بەڵام رەنگدانەوەی خوێندنەوەیەکی واقیعییە بۆ هاوکێشەی هێز. 

هەرێمی کوردستان لە ئێستادا پێی باشە بەرگەی هێرشە سنووردار و بەردەوامەکان بگرێت، نەک خۆی بخزێننە ناو ڕووبەرووبوونەوەیەکی ئاشکرا، کە لێکەوتەکەی خزاندنی شارەکانی هەرێم بێت بۆ ناوچەیەکی جەنگی گشتگیر.

سەرکردایەتی کوردستان درك بەو راستییە دەکات، کە پەرەسەندنی گرژییەکان لەگەڵ زلهێزە گەورەکان و هێزە هەرێمییەکانی ناوچەکە، لە غیابی گەرەنتی راستەقینەی پاراستن، دەتوانێت لێکەوتەی کارەساتبار بەدوای خۆیدا بهێنێت، کە لە توانای بەرگەگرتنی هەرێم زیاترە. 

لەگەڵ ئەوەشدا، پارادۆکسی هەرە سەرنجڕاکێش لەوەدایە، کە ئەو هێزە سیاسییانەی عێراق کە ئێستا هەوڵی دووبارە داڕشتنی دەسەڵات دەدەن، هەمان ئەو هێزەن کە نەیانتوانی کۆنتڕۆڵی ئەو میلیشیایانە بکەن، یان عێراق لە بڵێسەی ئاگرینی ململانێی ناوچەیی دوور بخەنەوە.

چونکە رێگەی بە گرووپە چەکدارەکان درا  لە بری دەوڵەت مامەڵە بکەن و بڕیار بدەن، ئەمەش بووە هۆی بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ هێرشکردن بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی دەوروبەر و وای کرد، دەرگای عیراق بەرەوڕووی وەڵامدانەوەی تۆڵەسەندنەوە بە کراوەیی بمێنێتەوە. لێرەدا کەموکوڕییەکی پێکهاتەیی لە بەڕێوەبردنی سەروەری بەرجەستە دەبێت. 

بۆیە بەرزکردنەوەی دروشمی گەڕاندنەوەی دەسەڵات و سەروەری دەوڵەت دەبێتە پارادۆکسێکی سیاسی، کاتێك لە لایەن ئەو حزبانەوە بکرێتەوە، کە چالاکانە بەشدارییان لە فشۆڵکردنی دەوڵەت کردووە. مەترسی ئەم واقیعە کاتێك زیاتر دەبێت، کە هەرێمی کوردستان دەکرێتە ئامانج و  لەلایەن ئەو میلیشیانەوە تۆمەتەتی ئەوەی دەخرێتە پاڵ،  گوایە سەر بەو جەمسەرە نێودەوڵەتیەیە، کە ئەمڕۆ لە جەنگدایە دژ بە ئێران. 

لەگەڵ فراوانبوونی شەڕ لە ناوچەکە، ئەوە روون دەبێتەوە کە عێراق باجی نەبوونی دەوڵەتێکی کارا دەدات. ئیتر هاوبەشی هەرێمی و لێکتێگەیشتنە دیپلۆماسییەکان چیتر توانای بەرگەگرتنی واقیعێکیان نییە، کە لەلایەن میلیشیا چەکدارەکانەوە سەپێنراوە، کە ئێستا لە عیراقدا بوون بە ناوەندی بڕیاری تایبەت بە خۆیان. 

لە سایەی ئەم دیمەنە وا دەردەکەوێت، کە داهاتووی عیراق وابەستەی توانای گەڕاندنەوەی چەمکی دەوڵەت بێت، نەك وەکوو دروشمێکی سیاسی، بەڵکو وەکوو دەسەڵاتێکی واقیعی، کە بەکارهێنانی هێز قۆرخ بکات و سنوورەکانی سەروەری پێناسە بکاتەوە. 

تا ئەو کاتەی ئەمە بەدی دێت، هەرێمی کوردستانیش لەناو هاوکێشەیەکی مەترسیدار دەمێنێتەوە، کە بریتییە لەوەی، میلیشیا شیعەکان سەرکردایەتی جەنگ دەکەن، و دەوڵەتێك نییە بڕیار بدات. 

بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانە لەگەڵ هەموو ئەم هێرشە بەردەوامانە، کوردستان وەکوو نموونەیەکی بەرزی خۆڕاگری و راگرتنی ئاسایش بەرجەستە کردووە. 

ئەم خۆڕاگرییە، سەرەڕای ئەو هەموو فشاری ئاسایشی و سیاسییەی لە دەرەوە دەکرێت، هەڵقووڵاوی  توانای هەرێمە لە باوەڕهەبوونی بە فەلسەفەی ژیان و بونیادنان و ئاوەدانکردنەوە و  پاراستنی هاوسەنگی ناوخۆیی.

سەرۆك مەسعود بارزانی سەلماندی، کە دەتوانێت لە ناو ئەو هەموو ئاڵۆزییە بە هۆشیاری و بە سیاسەتێکی هاوسەنگەوە هەرێمی کوردستان بپارێزێت، تاوەکوو هەرێمی کوردستان بەردەوام لانە بێت بۆ مرۆڤایەتی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە ناوچەیەکی پڕ لە ململانێ.