ئەردەڵان دۆسکی
نووسەر
فشاری درۆنی و دەروونی
گەلی کورد بە درێژایی مێژوو وەک نەتەوەیەکی ئاشتیخواز ناسراوە، بەڵام هەرگیز لە ئاست ستەم، زوڵم و داگیرکاریدا سەری دانەنەواندووە و تەسلیم نەبووە. هزر و رێبازی "بارزانیی نەمر" رێک لە نێو جەرگەی ئەم نەریت و کولتوورە کوردایەتییەوە سەرچاوەی گرتووە. ئەم رێبازە بە درێژایی خەبات، لەسەر بنەمای ئەو بیروباوەڕە چەسپاوە بووە کە دروشمی "کوردستان یان نەمان"ـی وەک رەمزی ناسنامە و کەرامەتی نەتەوەیی بەرز کردووەتەوە.
لە سایەی ئەم دیدگایەدا، هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی دەستووری و یاسایی و ناوەندێکی گرنگی نێودەوڵەتی بۆ پێکەوەژیان و ئارامی لەدایکبووە. لێرەدا سەرۆک بارزانی بووەتە سیمبوڵی ئەو گەشەپێدان و سەقامگیرییەی کە ژیانێکی شایستەی بۆ گەلەکەی دابین کردووە. هەرێمی کوردستان هەمیشە زمانی توندوتیژی و شەڕی رەتکردووەتەوە و پەنای بۆ زمانی گفتوگۆ و دیالۆگی ئاشتییانە بردووە، بۆیە لای ئێمە، شەڕ هەرگیز بژاردە نەبووە، بەڵکوو ناچارییەک بووە تەنیا بۆ پاراستنی کەرامەت و رێگری لە کۆمەڵکوژی و سڕینەوە.
ئەم وێنە گەشاوەیەی کوردستان، هەرگیز بە دڵی شەڕانگێزان و نەیارانی کورد نەبووە. هەر بۆیە لە ساڵانی رابردووەوە تا ئەمڕۆ، گەلی کورد رووبەڕووی شەپۆلێکی مەترسیداری هێرشی سەربازی، گەمارۆی ئابووری و هەوڵی نانەوەی دووبەرەکی بووەتەوە. ئەم هێرشانە تەنیا خاک و دیوارەکان ناپێکن، بەڵکوو ئامانجە سەرەکییەکەیان تێکشکاندنی دەروونی تاکی کورد و لەرزۆککردنی سەقامگیریی کۆمەڵایەتی و ئابووریی هەرێمەکەیە. ئەم پەلامارانەی کە لەلایەن میلیشیا چەکدارە نایاساییەکانەوە ئەنجام دەدرێن، لە دەرەوەی هەموو عورف و یاسا نێودەوڵەتییەکانن.
کاتێک میلیشیاکان درۆن یان مووشەک ئاراستەی گەڕەکە نیشتەجێبووەکانی هەولێر دەکەن و خەڵکی سیڤیل و پێشمەرگە شەهید دەکەن، ئامانجیان تەنیا وێرانکاریی فیزیکی نییە، بەڵکوو دەیانەوێت ترسێکی بەردەوام لە دڵی هاووڵاتیاندا بچێنن. شەهیدبوونی هاووڵاتیانی مەدەنی و وێرانکردنی خێزانەکان و بێ دایک و باوک کردنی منداڵانی بێتاوان، وەک ئەوەی لە هێرشەکانی رابردوودا بینیمان، برینێکی قووڵ دەخاتە جەستەی کۆمەڵگەوە. ئەمە جۆرێکە لە "بۆمبڕێژکردنی دەروونی"، بەو مانایەی کە هاووڵاتی لە ناو ماڵی خۆیدا هەست بە دڵەڕاوکێ بکات، ئەمەش کاریگەریی نەرێنیی درێژخایەنی لەسەر باری دەروونیی خەڵک دەبێت.
لەم واقیعە ئاڵۆزەدا، سەرۆک بارزانی زۆر بەسەرکەوتوویی و بە داناییەوە مامەڵەی کرد، تاوەکوو ئەم نەتەوە مەزڵوومە رانەکێشرێتە نێو جەنگێکی ماڵوێرانکەری ناوچەیی کە مەترسییەکانی زۆر لەوە گەورەترن کە دەبینرێن. ئەم سیاسەتی دانبەخۆداگرتنە هەرگیز بەو مانایە نییە کە ستەم قبووڵ دەکەین، بەڵکوو نیشانەی ئەوەیە کە پاراستنی گیان و خوێنی خەڵکی کوردستان لە پێشینەی ئەرکەکانی سەرۆک بارزانییە. رێگەی نەدا ئەو تاقمە لەیاسادەرچووانە ئەجێندا ناشیرینەکانی خۆیان لە رێگەی درۆن و مووشەکەوە بەسەر هەرێمدا توندتر بسەپێنن.
ئەوان دەیانەوێت پەیامێک بدەن کە "کوردستان شوێنێکی ئارام نییە بۆ کارکردن و وەبەرهێنان"، ئەمەش جۆرێکە لە گەمارۆی ئابووریی ناراستەوخۆ کە کاریگەرییەکانی لەسەر دەروونی تاکەکان زۆر مەترسیدارە. لە ناو ئەم هێرشە درۆنی و مووشەکییەدا، پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە: بۆچی زیاتر پارێزگای هەولێریان مەبەست بوو؟ چونکە هەولێر هێمای قەوارەی سیاسی و دیپلۆماسی و گەشەسەندنی کوردستانە. لێرە لە ناو ئەم مۆدێلە نوێیە کە نیشانەیە بۆ هەموو کوردستان، نەیارەکان نایانەوێت کورد و تەنانەت ئەو ئاوارانەشی پەنایان بۆ هێناوە، بە ئارامی تێیدا بژین. دەیانەوێت ئاشتیی کۆمەڵایەتی بشێوێنن و سیمای هەولێر هاوشێوەی ناوچە وێرانبووەکانی خۆیان لێ بکەن، بەڵام لەم پیلانەشیاندا سەرکەوتوو نەبوون، خۆ ئەگەر شەهید و قوربانییەکانمان دەروونمان ئازار بدەن، ئەوا لە کۆتاییدا خوێنی ئەوان دەبێتە هەوێنی بەهێزی، یەکڕیزی و بەرزکردنەوەی هەستی نەتەوەییمان و هەرگیز ئەو شەهیدانەمان لەبیر ناکەین. هەولێر و کوردستان بە ئیرادەی گەل و حیکمەتی سەرکردایەتییەکەی، بە توندوتۆڵی دەمێننەوە و درۆنەکان ناتوانن ئەو قەڵا پتەوە بڕووخێنن کە لەسەر خوێنی شەهیدان و ئیرادەی ژیان بونیادنراوە.