فەلسەفە و رێبازی سەرۆك بارزانی لە بەڕێوەبردنی قەیرانەکان

سەرۆک بارزانی
سەرۆک بارزانی

کاتێ قەیرانە سیاسییەکان لەگەڵ گۆڕانکارییە جیۆپۆلیتیکییەکان تێکەڵ دەبن، گرنگی سەرکردەی ڕاستەقینە وەکوو فاکتەری یەکلاکەرەوە بۆ ڕێنماییکردنی گەل بۆ هەنگاونان بەرەو سەقامگیری دەردەکەوێت. 

لەم چوارچێوەیەدا سەرۆك مەسعود بارزانی، کە بەردەوامی بە رێبازی مەلا مستەفا بارزانی دەدات، ئەزموونی مێژوویی و دیدگای ستراتیژی و خەباتی پێشمەرگایەتی و پابەندبوونی قووڵی مرۆیی بە گەل و نیشتمان تێکەڵ کردووە.

خەبات و تێکۆشانی سەرۆك بارزانی  بۆ ماوەی زیاتر لە شەش دەیە بووە بە هۆکاری درووستبوونی قووڵی سیما سیاسییان، وەکوو سەرکردەیەك، کە بە عەقڵانییەت و بە پشوودرێژی مامەڵە لەگەڵ قەیرانەکان دەکات، دوور لە بڕیاری خێرا یان کردەوەی بەپەلە. 

سەرۆك بارزانی باوەڕی پتەوی بەوە هەیە، کە مرۆڤ کڕۆکی پرۆسەی سیاسییە و، پاراستنی کەرامەت و ئازادی مرۆڤ بابەتێکی بنەڕەتییە بۆ هەر پڕۆژەیەکی سەرکەوتووی نیشتمانی. 

لێرەوە فەلسەفەی حوکمڕانی سەرۆك بارزانی لە چەسپاندنی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و رێزگرتن لە فرەیی و بنیاتنانی قەوارەیەکی مۆدێرن و مەدەنی، کە هەموو پێکهاتەکانی کوردستان لە باوەش بگرێت، بەرجەستە دەبێت.

لەناو ئەو قەیرانە سیاسییانەی ئەمڕۆ بەرۆکی عێراقیان گرتووەتەوە، سەرۆك بارزانی ئاماژە بەوە دەکات، کە فرەیی ناوەندەکانی بڕیاردان و دەستێوەردانی بێ کۆنتڕۆڵ بوون بە بەرچاوترین ئالنگاریی لە بەردەم دەوڵەت، بەو پێیەی دامەزراوەکان لاواز بوون و ئیرادەی نەتەوەیی بە شێوەیەکی بەرچاو قۆرخ دەکرێن. 

بۆیە سەرۆك بارزانی بەردەوام جەخت لەسەر پێویستی سەرکردایەتی کاریگەر و نزیك لە هاووڵاتییان و دڵسۆز لە پابەندبوونەکانی و بە توانا لە گۆڕینی بەرپرسیارێتی بۆ پڕۆژەیەکی نیشتمانی دەکات، کە بتوانێت بە ڕۆحێکی ئەرێنی چارەسەری کێشە کەڵەکەبووەکانی رابردوو بکات.

لەم چوارچێوەیەدا ناکرێت چاوپۆشی لە ئالنگارییەکانی ناوخۆی بەردەم یەکگرتوویی کورد بکرێت، چونکە لە هەندێ وێستگەدا ڕەفتاری سیاسی هەندێ لایەن لە ڕۆحی هاوبەشی دوور کەوتۆتەوە، بەو پێیەی پەیوەندییەکان لەگەڵ لایەنە دەرەکییەکان بەمەبەستی بەرژەوەندی کەسی بەکارهێنراون، دوور لە بەرژەوەندی نیشتمان. 

ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر توانای هەرێم هەبووە بۆ دەستەبەرکردنی مافە دەستوورییەکانی و بەهێزکردنی پێگەی هەرێم لە چوارچێوەی عێراقدا. 

لەبەرامبەردا سەرۆك بارزانی ڕێبازێکی یەکگرتووی پاراستووە کە لەسەر بنەمای یەکخستنی ڕیزەکانی گەلی کوردستان و داکۆکیکردنە لە شایستەکانی گەلی کوردستان لە چوارچێوەی دەستور و ڕەتکردنەوەی هەر سازشێکە، کە پێشێلکردنی ناوەڕۆکی ئەو مافانە بێت.

ئەم دیدە لە هەڵوێستەکانی ئەم دواییەی سەرۆك بارزانی سەبارەت بە پرۆسەی سیاسی دووپات بۆوە، کە تیایدا جەختیان لە گرنگی ڕێزگرتن لە ڕێککەوتنە دەستوورییەکان و قۆرخ نەکردنی شایستە سیاسییەکان کردەوە، هۆشداریاندا لەوەی کە پشتگوێخستنی ئەو بناغانە دەتوانێت وڵات بەرەو قەیرانی نوێ بەرێت، کە قۆناغی ئێستا بەرگەی ناگرێت. هەروەها دووپاتیان کردەوە، کە پێویستە پرەنسیپەکانی هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان وەکوو زامنی ڕاستەقینە بۆ یەکڕیزی و سەقامگیری عێراق پەراوێز نەخرێن.

سەرۆك بارزانی هەمیشە سەرکردایەتی سیاسی وەکوو بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی و نەتەوەیی تەماشا کردووە، کە سەرکردە پابەند دەکات بە پاراستنی مافی هاووڵاتیان و بەهێزکردنی متمانە لە نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگە. لەم چوارچێوەیەدا جەخت لەسەر گرنگی بنیاتنانی سیستەمێکی سیاسی دەکاتەوە، کە ئازادی ڕادەربڕین گەرەنتی بکات و بەشداریی جەماوەری بەرەوپێش ببات و ڕێگری بکات لە قۆرخکردنی دەسەڵات یان قۆرخکردنی بۆ بەرژەوەندی تەسکی کەسی و حزبی.

ئەم ڕوانگەیەی سەرۆك بارزانی لەناو ژینگەیەکی هەرێمیی پشێودا سەرهەڵدەدات، کە گرژییەکانی نێوان زلهێزە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو پەرەیان سەندووە. ئەمەش وا دەکات گرتنەبەری ڕێبازێکی هاوسەنگ بە گرنگ ببینرێت. تێیدا بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان بە پارێزراوی بمێننەوە و ڕێگری بکرێت لە ڕاکێشانی هەرێمی کوردستان بۆ ناو ململانێیەکی کراوە.

خوێندنهوەی سەرۆك بارزانی بۆ قەیرانەکان له تێگەیشتنێکی قووڵەوه سه ڕچاوەی گرتووه بۆ سروشتی هاوسەنگییه هەرێمییەکان، چونکه بۆ سەرۆك بارزانی روونە، کەو هەر هەڵچوونێك له دەوروبەری عێراق ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر سەقامگیری عێراق دەبێت. بۆیە گرنگی بە بەهێزکردنی بەرەی ناوخۆ و پتەوکردنی یەکڕیزی نیشتمانی دەدات، ئەم هەنگاوە بە پایەی سەرەکی دادەنرێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان.

لە کۆتاییدا،  فەلسەفەی سەرۆك مەسعود بارزانی بۆ بەڕێوەبردنی قەیرانەکانی لەسەر سێ پایەی بنەڕەتی پێکهاتووە: تاك، دەوڵەتی دامەزراوەیی و هاوبەشی نیشتمانی. 

ئەم ستوونانە ئەگەر پەسەند بکرێن، دەتوانن ببنە میتۆدێکی ڕاستەقینە بۆ دەرهێنانی عێراق لە قەیرانەکان و دانانی ئەو وڵاتە لەسەر ڕێڕەوێك، کە بتوانێت لە ئایندەدا بەرەو سەقامگیری و گەشەسەندن هەنگاو بنێت.

بەم شێوەیە، فەلسەفەی سەرۆك مسعود بارزانی لە بەڕێوەبردنی قەیرانەکان دەبێتە بنەمایەکی گرنگ بۆ بەهێزکردنی سیستەمی سیاسی، پاراستنی هاوسەنگی نیشتمانی و دابینکردنی داهاتوویەکی جێگیر بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق.