خوێندنەوەیەکی فەلسەفی بۆ یادی رۆژنامەی "کوردستان"

خوێندنەوەیەکی فەلسەفی بۆ یادی رۆژنامەی "کوردستان"
خوێندنەوەیەکی فەلسەفی بۆ یادی رۆژنامەی "کوردستان"

ناوەندەکانی رۆژنامەگەری و راگەیاندن رۆژی 22ی نیسانی هەموو ساڵێك بە یادی دەرچوونی یەکەم رۆژنامەی کوردی لە ساڵی 1898 لە قاهیرە وەکوو رۆژنامەگەری کوردی بەرز رادەگرن.
رۆژنامەی "کوردستان"، کە پلاتفۆرمێکی میدیایی بوو، بوو بە نوێنەری ساتێکی بنچینەیی لە مێژووی هۆشیاری نەتەوەیی کورد. كوردستان تەنها ئامرازێکی راگەیاندن نەبوو، بەڵکوو توانی ببێت بە فاکتەرێکی کاریگەر لە داڕشتنەوەی ناسنامەی گەلی کورد.

قاهیرەی ئەو سەردەمە فەزایەکی کراوە بوو، تێیدا پرۆژەی هزری نەتەوەیی کوردی دەرفەتێکی زێڕینی بۆ رەخسا، تا بتوانێت لە رێگەی میدیاوە سەرهەڵبداتەوە.

بە دامەزراندنی چاپخانەیەکی تایبەت بۆ رۆژنامەی کوردستان پڕۆژەیەکی گشتگیر درووست بوو، تێیدا هۆشیارییەکی ستراتیژی لە پەیوەندی رۆڵی میدیا بە بنیاتنانی نەتەوە رەنگی دایەوە.

ئەزمونی رۆژنامەی "کوردستان" دەکرێ لە ژێر رۆشنایی تیۆری " (Imagined Communities)"ی مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی کۆرنێلی ئەمریکی، بینێدکت ئەندەرسۆن، لێکبدرێتەوە کە گریمانەی ئەوە دەکات، نەتەوە ئەوەندە بوونێکی فیزیکی نییە، بەڵکو بنیاتێکی دەروونییە، کە لە رێگەی زمان و میدیاوە چوارچێوە دەگرێت. بە گوتەی ئەندەرسۆن، رۆژنامەکان رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە دروستکردنی هەستێکی هاوبەشی سەربەخۆیی لە نێوان ئەو تاکانەی، کە هەرگیز یەکتریان نەبینیوە، بەڵام بە گێڕانەوەیەکی هاوبەشەوە بەیەکەوە دەبەسترێنەوە.

لەم روانگەیەوە رۆژنامەی "کوردستان" بەشداری کرد لە یەکخستنی گوتاری کوردی و بەستنەوەی نوخبە کولتوورییەکان لە سەرانسەری ناوچە پەرشوبڵاوەکانی جوگرافیاوە، ئەمەش یارمەتیدەر بوو بۆ چەسپاندنی بیرۆکەی "نەتەوەی کورد" وەکوو قەوارەیەکی وێناکراو، کە دەکرێت لە رووی سیاسییەوە دەستەبەر بکرێت.

دەکرێت ئەم ئەزموونە لە چوارچێوەیەکی تردا، لە رێگەی چەمکی (Cultural Hegemony) "هەژموونی کولتووری"ی بیرمەندی ئیتاڵی ئەنتۆنیۆ گرامشی بخوێندرێتەوە، کە دەڵێت کۆنتڕۆڵ نەك هەر تەنها لە رێگەی هێزەوە، بەڵکو لە رێگەی داڕشتنی هۆشیاریشەوە ئەنجام دەدرێت. بەم شیوەیە رۆژنامەگەری چەند ئامرازێکی کاریگەرە، ئەوەندەش ئامرازێکی بەرخۆدانە، وەکوو چۆن گەلی کورد بۆ پێناسەکردن بەکاری هێنا وەکوو دژە گوتار لە بەرامبەر گێڕانەوەی نەرێنی زاڵ.

رۆژنامەی "کوردستان" هەوڵێك بوو بۆ دووبارە دابەشکردنەوەی دەسەڵاتی سیمبۆلی و پێدانی شوێنی شیاو بە زمانی کوردی وەکوو ئامرازێکی بیرکردنەوە و بەرهەمهێنانی زانیاری، پاش تێپەڕاندنی فەزا لۆکاڵییەکەی.

هەروەها دەتوانرێت ئەم ئەزموونە ببەسترێتەوە بە تیۆری (Public Sphere)"کایەی گشتی"ی فەیلەسوفی ئەڵمانی یورگن هابەرماس، کە جەخت لەوە دەکاتەوە، مشتومڕی ئازاد لە کایەی گشتی بەشدارە لە داڕشتنی بیروڕای گشتی. رۆژنامەی "کوردستان" سەکۆیەکی بۆ ئەم مشتومڕە رەخساند، پرسەکانی پەروەردە و زمان و مافەکانی وروژاند، ئەمەش یارمەتیدەر بوو بۆ پەرەپێدانی هۆشیارییەکی سیاسی بەکۆمەڵ.

سەرەڕای ئەم گرنگییە، ئەزموونەکە لەبەر چەند هۆکارێك لە قاهیرە زۆری نەخایاند، لەوانە نەبوونی پێکهاتەیەکی رێکخراوی کوردی، کە توانای پاڵپشتیکردنی پڕۆژەیەکی میدیایی بەردەوامی هەبێت، جگە لەو فشارە سیاسیانەی، کە رۆژنامەیەکی نیشتمانی رووبەڕووی بووەوە، هەروەها پەیوەستبوونی ئەو پڕۆژەیە بە دەستپێشخەری تاکەکەسی بنەماڵەی بەدرخان.

لەگەڵ ئەوەشدا ئەم ئەزموونە شکستی نەخوارد، بتوانی پێش سەردەمی خۆی بکەوێت و پریشکی رۆژنامەگەریی کوردیی هەڵگیرسێنێ و رێگا بۆ هەوڵەکانی دواتر، چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوەی کوردستان، خۆش بکات.

رۆژنامەکە سەرەڕای ئالنگارییەکان هەوڵی دا وەکوو خۆڕاگرییەك لە نێوان قاهیرە و جنێڤ جوڵە بکات، ئەمەش رەنگدانەوەی ئیرادەیەکی بەرچاو بوو بۆ زیندوو راگرتنی دەنگی کورد.

لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بە میدیای سیاسی ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە، کە رۆژنامەگەری رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە بزووتنەوە رزگاریخوازی، ئەوەش لە رێگەی بنیاتنانی گوتارێکی نەتەوەیی و کۆکردنەوەی جەماوەر و دروستکردنی گێڕانەوەی هاوبەش لە دەوری "مافی چارەنووس".

لە حاڵەتی ئێمەدا رۆژنامەی "کوردستان" لە یەکەم پلاتفۆرمەکان بوو، کە بە شێوەیەکی عەقڵانی و ئاگادارانە لە رووی کەلتووری و لە رووی دوورکەوتنەوە لە ریتۆریکی پۆپۆلیستی، قسەی لەسەر پرسی مافی چارەنووس دەکرد.

بۆیە یادکردنەوەی دامەزراندنی رۆژنامەی "کوردستان" تەنها یادکردنەوەی رابردوو نییە، بەڵکو دووپاتکردنەوەی پڕۆژەی هۆشیاری نەتەوەیی گەلی کوردستانە، کە لە لاپەڕەکانی رۆژنامەیەکی قاهیرە دەستی پێکرد و هێشتا بەردەوامە و لەگەڵ هەر نەوەیەکی کوردستانی نوێ دەبێتەوە و بەدوای ئاسۆی نوێدا دەگەڕێت بۆ گەیشتن بە خواستەکانی کورد و کوردستان.