ستراتیژ و فەلسەفەی حوکمڕانی مەسرور بارزانی

ستراتیژ و فەلسەفەی حوکمڕانی مەسرور بارزانی
ستراتیژ و فەلسەفەی حوکمڕانی مەسرور بارزانی

کابینەی 9ی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، کە وەزیرەکانی لە رۆژی 10ی تەممووزی 2019، لە پەرلەمانی کوردستان متمانە بە وەزیرەکانی بەخشرا بە سەرۆکایەتی دەوڵەتمەدار مەسرور بارزانی پێکهێنرا. 

هێڵە گشتییەکانی بەرنامەی کاری ئەم کابینەیە، کە لەسەر بنەمای رێککەوتنە سیاسییەکان و پوختەی بەرنامەی گشت لایەنە بەشداربووەکانی ناو کابینەکە رێکخرا و بۆچوون و پلانی تێکرای بەشداربووانی کابینەی لە خۆگرت، بۆیە جێبەجێ کردنی بەرنامە داڕێژراوەکان بە بەرپرسیاریەتی هاوبەشی سەرجەم لایەنە بەشداربووەکانی ناو کابینەکە بینرا. 

سەرەڕای ئەو ئالنگارییە بێ وێنە و ئاڵۆزانەی لە زۆر رووەوە رووبەڕووی بۆوە وەکوو بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت و بڕینی بەشە بودجەی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراقی فیدڕاڵ و دروستکردنی کێشەی سیاسی و لەمپەر لەلایەن هاوبەشەکانی ناوخۆ، سەرەڕای قەیرانە ئاسایشی و سیاسییەکانی ناوچەکە و عێراق، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان توانی ئەو بەڵێنانە جێ بەجێ بکات، کە وەکوو ئامانج لە رۆژی یەکەمی دەستبەکاربوونی دیاری کردبوو، ئەویش بریتی بوو لە "کوردستانێکی بەهێزتر". 

دیدگا و فەلسەفەی مەسرور بارزانی، کە لە حیکمەت و ئەزموونی سەرۆك بارزانییەوە سەرچاوەی گرتووە، هاوکاربوون لە گەیشتن بە جێ بەجێکردنی دیدی ستراتیژ، بۆ نموونە چاکسازی دارایی و پەرەپێدانی ئابوری و نوێکردنەوەی پەیکەری ئیداری بەمەبەستی باشترکردنی ئاستی ژیان و کوالیتی خزمەتگوزارییە گشتییەکان بۆ ئەوەی هاووڵاتییانی هەرێمی وکوردستان و دانێشتوانی لێی سوودمەند بن. 

کابینەی نۆیەم توانی وەکوو شانەیەکی تۆکمە و تەواکار رووبەڕووی هەموو قەیرانێکی لەناکو ببێتەوە، کە بەرۆکی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانی گرتبوو و شەبەنگێکی فراوانی لە پرۆژە خزمەتگوزراییە ستراتیژەکان جێ بەجێکرد، کە بە هۆیەوە دیمەنی هەرێمی کوردستان گۆڕانکاریی جۆریی بەخۆیەوە بینی و لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی گرینگی زیاتری پێ درا. 

کارکردنی بێ وەچانی سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی لەسەر بەهێزکردنی ژێرخان و پاڵپشتیکردن و چاودێریکەرانی کەرەتەکانی بەرهەمهێنانی راستەقینەی ناوخۆیی و فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات و زیادکردنی قەوارە و جۆری وەبەرهێنان هەموو هەنگاوی گرینگ بوون بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بگات بەم رۆژی، کە ئەمڕۆ هەموو هاووڵاتییەکی دڵسۆزی خاك و نیشتمان شانازی پێوە دەکات. 

لە چوارچێوەی ئەم ستراتیژ و فەلسەفەیە کابینەی نۆیەم گرینگی بە ژێرخانی ئاو دا و کاری کرد بۆ دروستکردنی ژمارەیەكی بەرچاو لە بەنداو و پۆند و گەیاندنی ئاوی خاوێن  و چاککردنی ئاوەڕۆ. 

لە رووی ئاسایشی خۆراك کابینەی نۆیەم دەیان پرۆژەی خۆراك و پیشەسازی جێ بەجیکرد و پاڵپشتییەکی تەواوی لەبەرهەمی خۆماڵی کرد. ئەوەی پەیوەست بێت بە رێگەو بان و گەیاندن، لە بواری رێگە گشتییەکان و بۆ پاڵپشتیکردنی کەرتەکانی بازرگانی و پیشەسازی و گەشتیاری و کەمکردنەوەی رووداوی هاتوچۆ و گرێدانی شار و شارۆچکە و شارەدێیەکان و گوندەکان بەیەکەوە چەندین پرۆژەی ستراتیژی ئەنجام دران. 

بێجگە لە خزمەتگوزارییە گشتییە سەرەکییەکانی وەکوو دروستکردنی قوتابخانە و زانکۆ و خزمەتگوزاریی تەندروستی و گەیاندنی ئاو و کارەبا و پاک و خاوێنی گشتی و بەهێزکردنی کەرتی گەشتیاری و پاراستنی شوێنەوار کابینەی نۆیەم توانی کارەبای بیست و چوار کاتژمێری بۆ زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دابین بکات و بەرهەمی گشتی کارەبا بگەیەنێتە نزیکەی چوار هەزار میگاوات و توانای ژێرخانی بەرهەمهێنراو بگەیەنێتە زیاتر لە حەوت هەزار میگاوات. 

بەدیجیتاڵکردنی دامەزراوەکانی حکوومەت و مکوڕبوون لەسەر پەیڕەوکردنی سیستەمی بانکی "هەژماری من" بووە هۆکاری ئەوەی رۆتین کەمبێتەوە و ئاستی دیجیتاڵی لەکەرتی بانکی زیاد بکات. 

هەر لەم کابینەیە توانراوە بێجگە لە پرۆژەی هاوبەش لەگەڵ لایەنی بیانی زیاتر لە چوارسەد پرۆژەی وەبەرهێنانی لەلایەن کۆمپانیا و سەرمایەدارانی ناوخۆ بە بڕی زیاتر لە یانزە ملیار دۆلار جێ بەجێ بکرێن. دۆزینەوەی هەلی کار بۆ هاووڵاتییانی هەرێم یەکێك بووە لە ئەرکەکانی حکوومەت و بۆ ئەو مەبەستە توانرا زیاتر لە سەد هەزار دەرفەتی کار بڕەخسێنرێت و تەنها لە ساڵی 2024 نزیکەی پێنج هەزار مامۆستا، کە یەکەمەکانی زانکۆ و کۆلێژەکان بوون، لە هەرێمی کوردستان دابمەزرێنێت. 

بەهۆی ئەم دەسکەوت و کارانەوە دەکرێت بڵێین پێگەی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی بەهێزتر بووە و حکوومەتی هەرێم توانیویە پەیوەندییەکانی دەرەوەی زیاتر بەرجەستە بکات. 

بۆیە ئەو وتەیەی سەرۆك وەزیران مەسرور بارزانی لە جێی خۆیەیەتی، کە دەڵێت: 

'ئێمە بەردەوام دەبین لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان و کوردستان بەردەوام دەبێت لە گەشەسەندن."