خوێندنەوەیەک بۆ وەرچەرخانی ستراتیژیی ئەمریکا بەرانبەر بە ئێران

ئاڵای ئێران و ئەمریکا
ئاڵای ئێران و ئەمریکا

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ساتەوەختێکی جیۆپۆلیتیکیی چارەنووسسازدا تێدەپەڕێت، کە تێیدا ئامرازەکانی "هێزی رەق" لەگەڵ دیپلۆماسییەتی مەرجدار تێکەڵ دەبن. 

راگەیاندنی ئەم دواییەی واشنتن سەبارەت بە دەستپێکردنی "ئۆپەراسیۆنی ئازادی" لە گەرووی هورمز، وەک توخمێکی گرنگ لەناو ستراتیژی بەکارهێنانی "زۆرترین فشار"ی ئیدارەی ترەمپ دەردەکەوێت. 

ئەم گۆڕانکارییە لە ئۆپەراسیۆنە هێرشبەرییەکاندا، کە بە کۆتاییهاتنی "ئۆپەراسیۆنی تووڕەیی ئەفسانەیی" دەگاتە لووتکە، ئەوەندەی هەنگاوێکی زیرەکانەیە بەرەو "تاقیکردنەوەی کۆتایی"ی مەبەستەکانی ئێران، ئەوەندە رەنگدانەوەی پاشەکشەیەکی ستراتیژی نییە. دەتوانرێت لە رێگەی ئەم رەهەندانەی خوارەوە شیکاری بۆ بکرێت:

یەکەم: لۆژیکی ریالیزمی هێرشبەرانە و بەڕێوەبردنی زیادەڕۆیی ستراتیژی

لە روانگەی قوتابخانەی ریالیزمی هێرشبەرانەوە، راگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان نوێنەرایەتیی خواستێکی ئەبستراکت بۆ ئاشتی ناکات، بەڵکو "دووبارە رێکخستنەوە"ی هاوسەنگییەکانی هێزە. لێرەدا واشنتن ئەو کارە پراکتیزە دەکات کە بە لەخۆگرتنی نەرم (Flexible containment) ناسراوە.

ئیدارەی ترەمپ لەبری ئەوەی سەرچاوەکان لەناو رووبەڕووبوونەوەیەکی کراوەدا بەفیڕۆ بدات، کە دەتوانێت ببێتە هۆی زیادەڕۆیی ستراتیژی (Overstretch)، دەستکەوتی سەنگەرەکانی بەکارهێنا و کردی بە سەرمایەی سیاسی. 

ئامانجی ئەم گۆڕانکارییە نەهێشتنی بیانووە لە تاران، گوایە هێرش کراوەتە سەری، هەروەها کارکردنە بۆ ئەوەی ئێران لەژێر چاودێریی نێودەوڵەتی بمێنێتەوە؛ بەمەش بارگرانیی پەرەسەندن و دەرەنجامە ئەخلاقی و یاساییەکانی لە ئەستۆی واشنتنەوە دەگوازرێتەوە بۆ سەر ئەستۆی رژێمی ئێران. 

 

دووەم: نێوەندگیریی هەرێمی وەک ئامرازێک بۆ شەرعییەت و سنووردارکردن

رۆڵی پاکستان لەم چوارچێوەیەدا وەک گۆڕاوێکی گرنگ لە هاوسەنگیی هێزی هەرێمیدا دیار و بەرجەستەیە. بەشداریکردنی ئیسلام ئاباد، وەک هێزێکی ئەتۆمی کە پەیوەندیی بە ئاسایشی وزە و زنجیرەکانی دابینکردنەوە هەیە، دەبێتە بەرگێکی شەرعییەتی نێودەوڵەتی و واشنتۆن سوودی لێ دەبینێت.

ئەمریکا بە قبووڵکردنی نێوەندگیری، خۆی وەک "دەسەڵاتێکی بەرپرسیار" نیشان دەدات کە وەڵامی داواکارییەکانی سەقامگیریی جیهانی دەداتەوە، لە هەمان کاتدا لە رێگەی بەردەوامبوونی سزا ئابوورییە هەمەلایەنەکانەوە، دەستی لەسەر پەلاپیتکەیە بۆ گۆڕینی پێکهاتەی (ستراکچەری) سیاسی لە ئێران. ئەم تاکتیکە بە پلەی یەکەم ئامانجی گۆشەگیرکردنی ئێرانە لە رووی سیاسییەوە و وێناکردنی هەر رەتکردنەوەیەکی لە داهاتوودا بەوەی گوایە ئێران مەبەستی تێکدانی هەوڵەکانی ئاشتیی هەرێمییە.

 

سێیەم: کێشەی متمانە و رێگریی چالاکانە 

لە روانگەی (تۆماس شێلینگ)، زانای بواری ئابووری و پسپۆڕی ئاسایشی نەتەوەیی و ستراتیژیی ئەمریکییەوە، پەیوەست بە تیۆری رێگری (Deterrence)، هەڕەشە تەنیا ئەو کاتە دەتوانێت ئامانجەکانی بپێکێت، ئەگەر ئەو کەسەی هەڕەشەکە دەکات پلەیەکی بەرزی متمانەی بەدەستهێنابێت. لێرەدا راگەیاندنەکانی دامەزراوەی سەربازی سەبارەت بە "رێگریی چالاکانە" دێنە ئاراوە، بە مەبەستی پڕکردنەوەی بۆشایی نێوان دیپلۆماسییەت و هێز.

واشنتن هەوڵ دەدات هاوکێشەیەکی نوێ بسەپێنێت کە چەمکی نەریتیی "بێدەنگی بەرانبەر بە بێدەنگی" وەک رێکەوتنێکی نافەرمی تێپەڕێنێت و هاوکێشەیەکی "بێدەنگی بەرانبەر بە پابەندبوونی تەواو" لە شوێنیدا دابنێت. 

پاراستنی دۆخی ئامادەیی سەربازیی لە هەمان کاتدا بەردەوامبوونی فشاری پێکهاتەیی (ئابووری)، بەو مانایەیە کە ئەمریکا سەنگەری ململانێی بەجێ نەهێشتووە، بەڵکو تەنیا سروشتی ئەو چەکەی بەکارهێنراوە گۆڕیوە؛ لە مووشەکی بالیستییەوە بۆ چەکی بێبەشکردنی ستراتیژی (Strategic Denial Weapon)، کە ئامانج لێی رێگریکردنە لە دوژمن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی، ئەویش لە رێگەی رەتکردنەوەی توانای بەکارهێنانی چەکەکانی یان گەیشتن بە ئامانجە گرنگەکانی.

 

چوارەم: ئەندازیاریی "ئاسایشی بەکۆمەڵی مەرجدار" لە گەرووە نێودەوڵەتییەکان 

داڕشتنەوەی یاساکانی گەمە لە گەرووی هورمز هەوڵێکی ئەمریکایە بۆ دامەزراندنی چەمکێکی نوێ، کە پێی دەگوترێت "سەروەریی ئاسایشی مەرجدار".  ئامانج چیتر تەنیا دەستەبەرکردنی تێپەڕبوونی کەشتییەکان نییە، بەڵکو گۆڕینی رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکانە بۆ ئامرازێکی فشاری سیاسی.  بەم پێیە، ئازادیی کەشتیوانی پەیوەستە بەو رادەیەی کە زلهێزە هەرێمییەکان پابەندن بەو پێوەرە ئاسایشییانەی کە زلهێزەکان دایانناوە. 

ئەم مۆدێلە قۆناغێکی نوێی سیستەمی نێودەوڵەتیی کێبڕکێ دروست دەکات، کە تیایدا سەروەری لە ناوچە دەریاییە نێودەوڵەتییەکان، وابەستەی پابەندبوونی سیاسی دەبێت. لە کۆتاییدا ئێمە لەبەردەم سیناریۆیەکداین کە لە ململانێی دوولایەنەی نەریتی تێدەپەڕێت؛ ئەمە تاقیکردنەوەیەکی توانای زلهێزەکانە بۆ پراکتیزەکردنی "دیپلۆماسیی زۆرەملێ"، بەبێ ئەوەی خۆیان بخزێننە ناو جەنجاڵیی شەڕێکی گشتگیرەوە. 

سەرکەوتنی ئەم گرەوە "جەمسەرگیریی ئەمریکا" و توانای کۆنترۆڵکردنی ئەکتەرە هەرێمییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێناسە دەکاتەوە، لە کاتێکدا شکستهێنان دەبێتە تەقینەوەیەکی جیۆپۆلیتیکی کە دەتوانێت نەخشەی دەسەڵات لە هەموو ناوچەکە دووبارە داڕێژێتەوە و ئەم قۆناغەش ببێتە مەترسیی گەیشتن بە لێواری کارەسات.