لووتکەی چین لە نێوان دۆکترینی ترەمپ و ریالیزمی هێرشبەرانەی میرشایمەر

لووتکەی چین لە نێوان دۆکترینی ترەمپ و ریالیزمی هێرشبەرانەی میرشایمەر
لووتکەی چین لە نێوان دۆکترینی ترەمپ و ریالیزمی هێرشبەرانەی میرشایمەر

گرینگی سەردانەکەی سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ بۆ بەیژینگ لە سایەی ئەو گۆڕانکارییە پێکهاتەییانەیە کە سیستمی نێودەوڵەتی بەخۆیەوە دەیبینێت، رەنگدانەوەی هەوڵێکی دوولایەنەیە بۆ دۆزینەوەی مۆدێلێکی هاوبەش بەمەبەستی بەڕێوەبردنی کێبڕکێی جیۆپۆلیتیکی و ئابووریی نێوان دوو گەورەترین زلهێز لە جیهان.

سەرەڕای گرەوکردنی ئیدارەی ئەمریکا لەسەر  خودی ترەمپ وەکوو کەسایەتییەکی خاوەند دۆکترینی ریالیزمی مامەڵەگەرا بەمەبەستی سوود وەرگرتن لە پەیوەندییە کەسییەکانی لەگەڵ سەرۆکی چین، شی جین بینگ، بۆ چارەسەرکردنی دۆسیە ئاڵۆزەکان، دەبینین کڕۆکی ئەم کارلێکە لەسایەی سیستەمێکی تاکجەمسەری، کە بەرەو فرەجەمسەری هەنگاو دەنێت، هێشتا لەژێر کاریگەری ستراکچەری دابەشبوونی هێزە. 

ئەم لوتکەیە کۆمەڵێک پرسی ئاڵۆز دەخاتە روو، کە لە سەقامگیری ئابووری جیهان و  زنجیرەی دابینکردن و تەکنەلۆژیاوە بگرە، تا دەگاتە قەیرانە هەرێمییە زەبەلاحەکانی وەکوو ململانێی ئەمریکا-ئیسرائیل-ئێران، کە دوو زلهێز دەخاتە بەر تاقیکردنەوەیەکی راستەقینەی توانای داڕشتنی "رێککەوتننامەی کاتی" بۆ مسۆگەرکردنی بەڕێوەبردنی ناکۆکییەکان بەبێ ئەوەی بخلیسکێنە ناو رووبەڕووبوونەوەی سفری گشتگیر.

ئەگەر ئەم لێکنزیکبوونەوەیە لە روانگەی قوتابخانەی"ریالیزمی هێرشبەرانە"ی بیرمەندی ستراتیژی ئەمریکا جۆن میرشایمەرەوە، لێك بدرێتەوە، ئەوا ئەم کۆبوونەوە و رێککەوتنە کاتیانە تەنیا مانۆڕی کاتین و توانای گۆڕینی دینامیکی حەتمی ململانێی نێوان ئەو زلهێزەیان نییە.

میرشایمەر پێی وایە زلهێزەکان هەمیشە هەوڵدەدەن بۆ ئەوەی زۆرترین پشکیان لە دەسەڵاتی جیهانی بەرکەوێت و هەژموونی هەرێمی بەدەستبهێنن، کە پێیان وایە باشترین ئامرازە بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشیان لەناو سیستەمێکی نێودەوڵەتی پڕ لە پاشاگەردانی، کە دەبێتە مایەی مەترسی لەسەر مانەوەی دەوڵەت.  لەم روانگەیەوە، سەرهەڵدانی ئابووری و سەربازی چین بە ناچاری پاڵ بە چینەوە دەنێت، هەوڵی خۆی بدات بۆ کۆنترۆڵکردنی حەوزی ئاسیا و زەریای هێمن، و دەرپەڕاندنی هەژموونی ئەمریکا لەو ناوچانە، ئەمەش لەلایەن واشنتنەوە وەکوو هەڕەشەیەکی وجودی بۆ سەر پێگەی جیهانی ئەمریکا دەبینرێت. 

بەم پێیە، میرشایمەر وای دەبینێت، رکابەریی نێوان ئەمریکا و چین لە ئەنجامی لێکتێنەگەیشتنێکەوە سەرچاوەی نەگرتووە، کە بتوانرێت لە رێگەی دیپلۆماسی کەسی یان رێککەوتنی بازرگانییەوە چارەسەر بکرێت، بەڵکو "تراژیدیای سیاسەتی زلهێزەکان"ە، وا دەکات، پێکهاتەی نێودەوڵەتی  واشنتن ناچار بکات، سیاسەتی "لەخۆگرتنی توند" پەیڕەو بکات بۆ ئەوەی بەیژینگ نەتوانێت هەژموونی هەرێمیی بەدەستبهێنێت، ئەمەش وایکردووە پێکدادانێکی درێژخایەن ببێتە بابەتێکی حەتمی. 

ئەم دیدگا واقیعییە لە چۆنیەتی بەکارهێنانی کارتەکانی فشار لەلایەن هەردوو لاوە لە بواری دۆسیە هەرێمی و تەکنەلۆژییەکان بەرجەستە دەبێت. ئەمریکا هەوڵدەدات کەڵك لە میکانیزمەکانی باج وەربگرێت بۆ کەمکردنەوەی کورتهێنانی بازرگانییەکەی کە لە ساڵی 2025 بۆ دوو ترلیۆن دۆلار دابەزی، هەروەها کاردەکات بۆ بەدامەزراوەییکردنی ئەم باجانە لەڕێگەی پێشنیازی "ئەنجوومەنی هاوبەشی بازرگانی و وەبەرهێنان" بۆ دڵنیابوون لە ساغکردنەوەی کاڵاکانی وەکوو سۆیا و گازی سروشتی شل و فڕۆکەکانی بۆینگ لە ناو بازاڕەکانی چین.

لە بواری ئاسایشییدا واشنتن فشار دەخاتە سەر بەیژینگ بۆ ئەوەی پاڵپشتی ئابووری و سەربازییەکەی بۆ ئێران رابگرێت و سزاکانی سەر پاڵاوگەکانی چین وەکوو چەکێك بەکاردەهێنێت، ئەمەش وەکوو هەوڵێك دەبینرێت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کاردانەوەی هەڵاوسانی شەڕی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەستەبەرکردنی هاتوچۆی کەشتیوانیی لە گەرووی هورمز.

لە بەرانبەردا، بەیژینگ ئاگاداری رەهەندەکانی ستراتیژی ئەمریکایە و بە شێوەیەکی زیرەک مانۆڕ دەکات و پێویستی واشنتن بە هێورکردنەوە بە سوودی خۆی دەقۆزێتەوە. 

چین خەریکی بەکارهێنانی دۆسیە ستراتیژییەکانی وەکوو زاڵبوونی بەسەر پاڵاوتنی 90%ی کانزا دەگمەنەکان لەسەر ئاستی جیهان، چالاککردنی "یاسای بلۆککردن"ی ناوخۆیی بۆ رەتکردنەوەی سزاکانی ئەمریکا، بێجگە لە هەوڵدانی بۆ دەستەبەرکردنی دەستکەوت بۆ کۆمپانیاکانی ئۆتۆمبێلی کارەبایی و چیپی ئەلیکترۆنی، و کردنەوەی کەناڵەکانی دانوستان بۆ سنووردارکردنی پێشبڕکێی چەکی دیجیتاڵی و چوارچێوەی سەلامەتی زیرەکی دەستکرد.

مەترسیدارترین کێشەی ئاسایشی بریتیە لە پرسی تایوان، کە بەپێی شیکارییەکانی میرشایمەر سەرچاوەی خاڵی ناکۆکی سەرەکییە. چین ئەو دوورگەیە بە هێڵی سوور بۆ ئاسایشی نیشتمانی خۆی دەزانێت، لە کاتێکدا واشنتن هەوڵدەدات تایوان وەکوو بازنەیەکی سەرەکی ستراتیژ بەکاری بهێنێت بۆ گەمارۆدانی بەیژینگ لە ڕێگەی دەریاوە. 

سەرەڕای نیشاندەرە تاکتیکییەکانی ئێستای ئەمریکا وەکوو دواخستنی ڕادەستکردنی مووشەکی تۆماهۆك  بە ژاپۆن یان جێگرنەکردنی مووشەکی دزێو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست- کە ڕەنگە بەیژینگ وەک دەرفەتێك بیبینێت بۆ "سەودای سیاسی"، کە هەناردەکردنی چەکی ئەمریکا بۆ تایوان کەم بکاتەوە، لە بەرامبەر نەرمی نواندنی چین بەرامبەر بە پرسی ئێران، بەڵام ئەم لێکتێگەیشتنانە بە لەرزۆکی دەمێننەوە. 

هەر پاشەکشەیەك لە ڕوانگەی پێشووی ئەمریکا، کە لەسەر بنەمای جیاکردنەوەیەکی تەواو (Decoupling) دامەزراوە، بەرەو "هاوبەشییەکی ڕیالیستی کە مەحکومی گومرك بێت"، رەنگدانەوەی خواستی ئاشتییەکی بەردەوام نییە، بەڵکو دانپێدانانی کاتییە، کە تێچووی رووبەڕووبوونەوەی ئابووری لەگەڵ خۆی دەهێنێت.

لە کۆتاییدا داتاکانی ئەم لووتکەیە پشتڕاستی دەکەنەوە، کە هەوڵەکان بۆ بەدامەزراوەییکردنی کێبڕکێ و ئەنجامدانی رێککەوتنی بازرگانی و پەرەپێدانی زیرەکی دەستکرد ڕەنگە سەرکەوتوو بن لە درێژکردنەوەی ئاگربەست و دوورکەوتنەوە لە تەقینەوەیەکی راستەوخۆ، بەڵام بێ توانا دەمێننەوە لە سنووردارکردنی ئەو کێبڕکێی پێکهاتەیی حەتمییەی، کە لە نێوانیاندا هەیە سەبارەت بە دانیشتن لەسەر عەرشی هەرەمی نێودەوڵەتی. هەردوو زلهێز بە لۆژیکی هێز و نیگەرانییەکانیان لە رووی ئاسایشەوە  هەنگاو دەنێن بەرەو دووبارە داڕشتنی سیستەمی جیهانی نوێ.