سەرۆك مەسعود بارزانی پێشمەرگە و رابەری ئاواتەکانی نەتەوەیەك

سەرۆك مەسعود بارزانی پێشمەرگە و رابەری ئاواتەکانی نەتەوەیەك
سەرۆك مەسعود بارزانی پێشمەرگە و رابەری ئاواتەکانی نەتەوەیەك

لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان بەهۆی گۆڕاوەکان لەسەر ئاستی جیۆپۆلیتیکی بە قۆناخێکی سیاسی هەستیار تێدەپەڕێت و پێویستی بە بەرزترین ئاستی حیکمەت و خۆڕاگری هەیە، مێژوو و رەسەنایەتی خەباتی گەلی کورد بە شانازییەوە یادی پەیوەندیکردنی سەرۆك مەسعود بارزانی بە ریزەکانی پێشمەرگە (لە 20ی ئایاری 1962) بەرز رادەگرێت.

ئەم یادە تەنیا بۆنەیەکی ئاسایی نییە لە رۆژژمێری کوردیدا، بەڵکو وەرچەرخانێکی مێژوویی گرنگە کە سیمای بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردی نەخشاند و بوو بە بنەمای رێبازێکی سیاسی و پێشمەرگایەتی، کە گەلی کوردستانی لە نەهامەتی و ستەمکارییەوە بەرەو ئاسۆی ئازادی و قەوارەیەکی دەستووریی دانپێدانراو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی برد.

کاتێ سەرۆك بارزانی وەکو لاوێك پێش زیاتر لە شەش دەیە پەیوەندی بە ریزەکانی پێشمەرگەوە کرد، بەدوای نازناو یان پۆست نەدەگەڕا، بەڵکو وەڵامی بانگەوازی خاکی دایەوە لەو کاتەی، کە ناسنامەی کوردبوون رووبەڕووی مەترسییەکی گەورەی بوون و نەبوون بوو. 

لەو سۆنگەیەوە ناوی سەرۆك بارزانی گرێدراوە بە پەیوەندییەکی قووڵ و دانەبڕاو بە چیاکانی کوردستانەوە، سەرۆك بارزانی لە پێشمەرگەیەکی گەنجی ناو شۆڕشەوە بوو بە داڕێژەری سیماکانی و سەرکردەیەکی مەیدانی لە سەختترین وەرچەرخانە مێژووییەکاندا. 

کاروانی درێژی خەباتی ئەوە دەسەلمێنێت، کە سەرکردایەتی سەرۆك بارزانی لە ناخی ئازارەکان و لە سەنگەرەکانی رووبەڕووبوونەوەوە لەدایکبووە. 

سەرۆك بارزانی سەرەڕای وەرگرتنی بەرزترین پۆستی سەرکردایەتی، هەمیشە بە شانازییەوە گوتوویەتی: "مەزنترین شانازی لە ژیانمدا ئەوەیە کە پێشمەرگەم".

ئەم ناسنامە قووڵە بە روونی لە پەیام و گوتارەکانی رەنگی داوەتەوە، کاتێ فەلسەفەی خەباتی خۆی لە دەقێکی پڕ لە وەفا و شانازی کورت دەکاتەوە و خوێنی شەهیدان بە "سەرچاوەیەك، کە ئازادی و کەرامەتی گەلی کوردی لێ هەڵقوڵاوە" وەسف دەکات، ئەمە خوێندنەوەیەکی راستەقینەی مێژووە، کە بەبیر نەوەکانی ئێستا و هێزە سیاسییەکانی دەهێنێتەوە، کە هەموو دەستکەوتە دەستوورییەکانی ئەمڕۆی هەرێم پێی شاد بووە، بەرهەمی ئەو خوێنە پاکەیە، کە لە چیاکانی کوردستان رژاوە، کاتێ پێشمەرگە قارەمانەکان لە دژی دڕندەترین دیکتاتۆریەتەکان دەوەستانەوە و بەرگرییان لە خاك و نیشتمان دەکرد.

 سەرۆك بارزانی وەک باوکێکی رۆحیی پێشمەرگە لەبیری ناکات، بەردەوام سڵاو و رێز و پێزانین ئاراستەی هاوسەنگەر و پێشمەرگەکان بکات و چاوی ئەو پاڵەوانانە ماچ بکات، کە ئەمڕۆ ئەم ئەرکە پیرۆزە بۆ پاراستنی خاکی کوردستان لە تیرۆر و هەڕەشە هاوچەرخەکان لەئەستۆ دەگرن.

شەست و چوار ساڵ خەباتی سەرۆك بارزانی وەکو پێشمەرگە، لە بنەڕەتدا رێزلێنانە لە قوتابخانەی خۆڕاگریی گەلی کورد، کە لە شێخ عبدولسلام و شێخ ئەحمەد و مستەفا بارزانی سەرچاوەی گرتووە و بە درێژایی چەندین دەیە ئەوەی سەلماندووە، کە "پێشمەرگە" تەنیا ناوێك نییە بۆ شەڕکەر، بەڵکو بیروباوەڕێکی مرۆییە، کە بەرگری لە ئاشتی، پێکەوەژیان و مافی چارەی خۆنووسین دەکات. 

سەرۆك بارزانی لە سەنگەرەکانی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵانەوە، تا بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، بەردەوام لە پێشەوەی بەرەکانی شەڕ ماوەتەوە، لە هەمان کاتدا سەرکردایەتی شەڕە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی لە کۆڕ و کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکان بە هەمان ورە و پێداگرییەوە کردووە.

ئەم یادە مەشخەڵێکە هەمیشە دەمێنێتەوە و ئیلهام بە نەوەکانی داهاتووی کوردستان دەبەخشێت، و لە ژێر رۆشنایی ئالنگارییەکانی ئێستادا  ئەوە دووپات دەکاتەوە، کە ئازادی و شکۆمەندی بەسەر کەسدا دابەش ناکرێت، بەڵکو بە خۆڕاگریی گەلان و دانایی سەرکردەکان بەدەست دێت. سڵاو بۆ سەرۆکی پێشمەرگە، کە دەیان ساڵ لە تەمەنی خۆی لە پێناو دۆزی رەوای گەلەکەی بەخشیوە، و سڵاو بۆ ئەو رۆحە پاکانەی کە چیاکانی کوردستانیان کردە قەڵای هەمیشەیی ئازادی و شکۆمەندی.