فرسەت سەید شکور
نووسەر
مەسرور بارزانی لە نێوان ئاڵنگارییەکانی ناوخۆ و وەرچەرخانی ستراتیژیدا
لەو کاتەوەی (مەسرور بارزانی) لە ساڵی (2019) متمانەی پەرلەمانی کوردستانی وەک سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی کابینەی نۆیەم بە دەست هێنا، قۆناغێکی نوێ لە حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد.
ئەگەر بە دیدێکی زانستی و سیاسییەوە سەیری ئەم قۆناغە بکەین، دەبینین (کابینەی نۆیەم) جیا لەوەی ئیدارەدانی قەیرانەکان بووە. گرنگترین کاریگەریی مەسرور بارزانی لەم قۆناغەدا، بەهێزکردنەوەی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان بوو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی. لە سەردەمێکدا کە ناوچەکە بەناو گێژاوێکی گەورەی ئەمنی و ئابووریدا تێدەپەڕی، حوکمڕانیی ئەو بووە قەڵغانێک بۆ پاراستنی کیانی هەرێم، ئەمەش لە ڕێگەی پەیڕەوکردنی ستراتیژییەتی فرەچەشنکردنی ئابووری وەک چەکێکی جیۆپۆلەتیکی، کە وای کرد کوردستان ببێتە کارەکتەرێکی سەربەخۆتر و کاریگەرتر.
هەر گۆڕانکارییەکی گەورە و ڕیشەیی ڕووبەڕووی بەریەککەوتن دەبێتەوە. کابینەی نۆیەم لە سەرەتای دەستبەکاربوونییەوە ڕووبەڕووی کۆمەڵێک ئاستەنگ و دژایەتیی بووەتەوە. وەک هۆکارێکی واقعی، ئەم دژایەتییانە لە ململانێی فیکرییەوە سەرچاوەیان نەگرتووە، بەڵکو بەتەواوی پەیوەستن بە بەرژەوەندیی شەخسی و حزبییەوە. نەیارانی حکومەت، کە ساڵانێک لەسەر حیسابی داهاتی گشتی و قۆرخکاری هەلیان وەرگرتبوو، هەوڵیانداوە لە ڕێگەی دروستکردنی ئاستەنگ بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و پەنابردن بۆ ئەجێندای دەرەکی، ئیرادەی حکومەت بشکێنن. هۆکاری ئەم ترسەی نەیاران ڕوونە؛ کاتێک مەسرور بارزانی بڕیاری دا سیستەمی کۆکردنەوەی داهات یەکبخات و دەستوەردانی حزبی لە بازاڕ و خاڵە سنوورییەکان بنبڕ بکات، ڕاستەوخۆ بەرژەوەندیی ئەو گرووپانە کەوتە مەترسییەوە. ئەو کەسانەی دژی هەنگاوەکانی حکومەت دەوەستنەوە، تەنها بۆ پاراستنی دەستکەوتە تایبەتییەکان و هێشتنەوەی قۆرخکارییە لە بازاڕدا، چونکە ئامانجی سەرەکیی کابینەی نۆیەم دروستکردنی سیستەمێکی دادپەروەرە کە تێیدا داهاتی گشتی بۆ خزمەتی هەمووان بێت، نەک بۆ نوخبەیەکی دیاریکراو. سەرەڕای هەموو ئەو هەوڵانەش، سەرۆکی حکومەت سوورە لەسەر ئەوەی بەرژەوەندیی باڵای نیشتمان بەسەر بەرژەوەندییە تەسکەکاندا زاڵ بکات.
ئەگەر شیکارییەکی ورد و زانستی بۆ کارنامە و جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی مەسرور بارزانی بکەین، دەبینین هەنگاوەکانی لەسەر بنەمای زانستی ئابووریی مۆدێرن داڕێژراون. بۆ نموونە، پرۆسەی دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان و بەتایبەت پڕۆژەی هەژماری من، ستراتیژییەکە بۆ نەهێشتنی ئابووریی سێبەر و بەستنەوەی تاكی كورد بە سیستەمی بانكیی جیهانییەوە. هۆکاری سەرکەوتنی ئەم پڕۆژەیەش ئەوەیە کە ڕێگە لە مووچەخۆری نافەرمی و گەندەڵیی کارگێڕی دەگرێت. هاوکات لە کەرتی ژێرخاندا، جێبەجێکردنی شەقامی ١٥٠ مەتری لە هەولێر و ١٠٠ مەتری لە سلێمانی، و چەندین پڕۆژەی ستراتیژی لە دهۆک و هەڵەبجە، شادەماری بەیەکەوەبەستنی ئابووریی شارەکانن کە تێچووی گواستنەوەی بازرگانی کەمدەکەنەوە و وەبەرهێنانی بیانی ڕادەکێشن.
لە کەرتی کشتوکاڵدا، مەسرور بارزانی وەرچەرخانێکی مێژوویی دروستکرد بۆ دەربازبوون لە ئابووریی کاریگەرتر کە تەنها پشتی بە نەوت دەبەست. ناردنەدەرەوەی هەنار، پەتاتە، سێو و هەنگوین بۆ بازاڕەکانی کەنداو و ئەوروپا، نموونەیەکی زیندووی دیپلۆماسییەتی ئابوورییە. هۆکاری گرنگیی ئەم هەنگاوە ئەوەیە کە ئاسایشی خۆراک لە جیهانی ئەمڕۆدا هاوتایە لەگەڵ ئاسایشی نەتەوەیی. هەروەها، لە بەرامبەر مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، دروستکردنی بەنداوەکانی وەک گۆمەسپان، خنس، بەستۆڕە و چەمرگە، دیدگایەکی پێشوەختە بوو بۆ گلدانەوەی ئاو و پاراستنی هەرێم لە مەترسییەکانی وشکەساڵی و کۆچی ژینگەیی.
لە سەرەنجامی ئەم خوێندنەوەیەدا دەگەینە ئەو ڕاستییەی کە هەرێمی کوردستان، لەم هەلومەرجە ئاڵۆزەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گۆڕانکارییە خێراکانی جیهاندا، زیاتر لە هەر کاتێک پێویستی بە دیدگا و سەرکردایەتیی مەسرور بارزانی هەیە. ئەو نەک تەنها وەک سەرۆکوەزیران، بەڵکو وەک پیاوێکی دەوڵەتمەدار مامەڵەی لەگەڵ قەیرانەکاندا کردووە. توانای ئەو لە دروستکردنی هاوسەنگیی دیپلۆماسی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و زلهێزەکانی جیهان، لەپاڵ ئیرادە پۆڵایینەکەی بۆ بنبڕکردنی گەندەڵی و بونیادنانی ژێرخانێکی سەردەمیانە، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن کە مانەوە و بەردەوامبوونی ئەم شێوازە لە حوکمڕانی، زامنی پاراستنی قەوارەی هەرێم و دابینکردنی سەقامگیرییەکی هەمیشەییە.