د. سامان سۆرانی
نووسەر
سەرۆك بارزانی و حیکمەتی دەربازکردنی کوردستان لە بنبەستی سیاسی
هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ بە هۆی بنبەستی سیاسی وەرچەرخانێکی هەستیار و مەترسیدار بەخۆیەیوە دەبینێ، کە راستەوخۆ کاریگەری لەسەر ژیان و بژێوی هاووڵاتیان هەیە.
پاش تێپەڕبوونی نزیکەی 20مانگ بەسەر پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمان، نە پەرلەمان کارایە و نە حکوومەتێکی نوێ پێکبهێنراوە، بەو هۆکارەش فشارێکی زۆر لەسەر شەقامی کوردستانی هەیە.
ناکۆکی ئاشکرایەی نێوان هەردوو حزبی سەرەکی (پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان) کۆڕاوە بۆ هاوکێشەیەك، کە لە هزری سیاسی پێی دەوترێ "گرێکوێرەی زیندانی"، ئەمەش دوا دەکات هەر لایەنێك لە ترسی بەهێزبوونی ئەوی تر تەنها کاری ئەوە بێت دەست بە دەستکەوتە تایبەتییەکانی خۆیەوە بگرێت، دیارە ئەنجامی ئەمەش دەبێتە زیانێکی گشتی و پەککەوتنی بڕیارە چارەنووسسازەکان.
ئەم قەیرانە ئەمڕۆ وەکوو بەربەست و ئالنگارییەکی راستەقینە لەسەر ئەرزی واقیع رەنگی داوەتەوە و تەنانەت کاریگەری نەرێنی لەسەر بژێوی و قووتی خەڵك هەیە ، بەجۆرێك شارەزایانی بواری ئابووری پێشبینی دەکەن، کە زیانە ئابوورییەکان بە هۆی نەبوونی حکوومەتێکی خاوەن دەسەڵاتی تەواو، بگاتە نزیکەی 10%ی کۆی داهاتی نیشتمانیی هەرێمی کوردستان.
مەترسیی ئەم دۆخە تەنها لە سنووری پاشەکشەی ئابووری یان سستبوونی پەرلەمان نەوەستاوە، بەڵکو گەیشتۆتە کڕۆکی "تیۆری واقیعی" لە سیاسەتدا. کاتێك دەوڵەت یان هەرێمێك یەکڕیزیی بڕیاری سەروەریی خۆی لەدەست بدات، "بۆشایی هێز" دروست دەبێت کە خۆبەخۆ دەستێوەردانی دەرەکی ڕادەکێشێت.
هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان دوودڵ نابن لە قۆستنەوەی درزە ناوخۆییەکان بۆ سەپاندنی ئەجێنداکانی خۆیان، ئەمەش پێگەی دانوستاندنی هەرێم لەگەڵ بەغدا لاواز دەکات و شکۆ و سەقامگیرییەکەی دەخاتە مەترسییەوە، کە لە رابووردوودا هەمیشە وەکوو نموونەیەکی بێ وێنە لە ناوچەکەدا دەبینرا.
ئەم دیمەنە فەلسەفەی مێژووی کورد، کاروانی دوورودرێژی دۆزەکەی و ململانێ مێژووییەکانی چەندین دەیەی رابردوومان بیردەخاتەوە، کە هەمیشە ڕاستییەکی ئەزەلی و نەگۆڕ دەسەلمێنن: هێزی کورد لە یەکڕیزییەکەیدا بووە، پەرتەوازەییش جگە لە ئاڵۆزی و لەدەستدانی دەرفەتە زێڕینەکان هیچیتری بەدوای خۆیدا نەهێناوە.
لە ناو ئەم کەشوهەوا پڕ لە گرژییە، کە دەبێتە مایەی هەڕەشە بۆ دابەشبوونی نێوماڵی کورد، ڕۆڵی سەرۆك مەسعود بارزانی دەردەکەوێت و چەمکی "سەرکردایەتیی کاریزمایی و مێژوویی" کە ماکس ڤێبەری کۆمەڵناس باسی لێوە دەکات، بەرجەستە دەبێت، سەرکردایەتییەك کە شەرعییەتی خۆی لە مێژووی خەبات و متمانەی جەماوەریی سەرووی قەیرانی حزبەکانەوە بەدەستهێناوە.
سەرۆك بارزانی وەک لایەنێکی ململانێ رەفتار ناکات، بەڵکو وەکوو مەرجەعێکی نیشتمانی و نەتەوەیی باڵا، کە جێگەی رێزی هەمووانە هەنگاو دەنێت، سەرؤك بە خوێندنەوەی فەلسەفییانەی خۆی بۆ مێژوو دەزانێت کە قەوارە سیاسییەکان بە دروشم ناپارێزرێن، بەڵکو بە تەبایی و یەکڕیزیی ناوخۆیی دەتوانن خۆیان و نیشتمانەکەیان بپارێزن.
سەرۆك بارزانی لە ڕوانگەی ئەم بەرپرسیارێتییە مێژووییەوە و بۆ شکاندنی ئەم بنبەستە سیاسییە چەندین دەستپێشخەریی بوێرانەی خستەڕوو، ئەوەش بە پشتبەستن بە رۆحی "دیموکراسی تەوافقی" کە دەڵێت، بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە فرەییەکان پێویستی بە دیالۆگێکی بەرپرسانەی نوخبەکان هەیە، بۆ ئەوەی هاوسەنگی لە نێوان دوو بەرەدا بوونی هەبێت: رێزگرتن لە "شایستەی دیموکراسی" ئەنجامی سندوقەکانی دەنگدان، و پەراوێزنەخستنی هاوبەشەکانی دیکە.
سەرۆک بارزانی چەندینجار بانگەشەی بۆ کۆکردنەوەی لایەنەکان کردووە لەسەر مێزگردێك، ئەمەش لە حیكمەتێکی قووڵی سیاسییەوە سەرچاوە دەگرێت، کە دووپاتی دەکاتەوە پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و بەرژەوەندییەکانی گەلەکەی، باڵاترین ئامانجە کە دەبێت هەموو دەستکەوتە کاتییەکانی حزب و پۆستە کاتییەکان لە پێناویدا وەلابنرێن. لێرەدا، رۆڵی ئێمە وەکوو نوخبەی رۆشنبیر و سیاسی لە سنووری چاودێریکردن و شیکردنەوەدا ناوەستێت، بەڵکو ئەم وەرچەرخانە هەستیارە دەمانخاتە بەردەم بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی و ئەخلاقیی گەورە، کە پێویست دەکات وەکوو پردێکی پەیوەندی و ئامرازێکی گوشاری ئەرێنی بۆ پاڵپشتیکردنی ئەم دەستپێشخەرییە نیشتمانییە بجوڵێینەوە.
رۆڵی ئێمە ئەمڕۆ لەوەدایە کە گوتاری گرژ و توندڕەو هەڵبوەشێنینەوە، و حیکمەت و دەستپێشخەرییەکانی سەرۆك بارزانی بکەینە هۆشیارییەکی گشتی و کەلتوورێکی سیاسی کە دابەشبوون ڕەت بکاتەوە.
وەکوو رۆشنبیر و سیاسی ئەرکی سەرکردایەتیکردنی رای گشتی لەسەر شانی ئێمەیە، بەرەو قبوڵکردنی سازشی هاوبەش هەنگاو بنرێت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ پێگەیشتوویی سیاسی نەك شکان، هەروەها پێویستە بنکە حیزبی و جەماوەرییەکان هان بدەین بۆ کۆبوونەوە و گفتوگۆی ئەرێنی. چونکە نوخبەی هۆشیار هێڵی یەکەمی بەرگریی قەوارەی هەرێمە، و پێویستە بە نووسین و هەڵوێست و پێشنیازە عەقڵانییەکانمان ببین بە هێزێکی پاڵپشتیکار، بۆ گۆڕینی ئەو نەخشە ڕێیە بۆ واقیعێکی بەرجەستە، کە تێیدا دەستکەوتەکان و قووتی هاووڵاتیان بە پارێزراوی بمێننەوە.
لە کۆتاییدا، ئەزموونی مرۆڤایەتی سەلماندوویەتی کە هیچ براوەیەکی ڕاستەقینە لە شەڕە ناوخۆییەکاندا نییە، و "سیاسەتی لێواری کەندەڵان" وادەکات تەواوی کۆمەڵگە بە بێدەنگی باجەکەی بدات.
گەڕانەوە بۆ سەر ڕێڕەوی سەقامگیری و پاراستنی دەستکەوتەکانی هەرێم، ئەمڕۆ پێویستی بە رێککەوتنێکی سیاسی خێرا هەیە، کە لۆژیکی دەوڵەتداری بخاتە پێش لۆژیکی حزبایەتییەوە.
لێرەشدا حیکمەتی سەرۆك مەسعود بارزانی و دەستپێشخەرییەکانی وەکوو هێڵی ڕزگاریی راستەقینە و نەخشەڕێگایەکی عەقڵانی دەردەکەون، کە رێگری دەکەن لە نغرۆبوونی کاروباری وڵات لەناو "زەلکاوی مەرگ". دەربازبوون لەم زەلکاوە، پێویستی بە وەڵامدانەوەیەکی هۆشیارانە هەیە بۆ ئەم بانگەوازە حەکیمانەی سەرۆك بارزانی، لە پێناو پێشکەشکردنی سازشی هاوبەش و هەنگاونان بەرەو پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز و یەکگرتوو، کە توانای پاراستنی کوردستان و بەدیهێنانی خواستەکانی هاووڵاتیانی هەبێت بۆ ژیانێکی شایستە و ئاسایشی بەردەوام.