هەندرێن ئەحمەد
رۆژنامەنووس و شرۆڤەكاری سیاسی
رووسیای پووتین، رووسیای نوێییە
جەنگی رووسیا-ئۆکرانیا ، شەڕێکی ئاسایی نییە لە نێوان دوو دەوڵەتدا رووییدا بێت، شەڕێکە لە چەندین رووەوە بەرۆکی ئەوروپا بەتایبەتی و جیهان بەگشتی گرتووە، لەو دەمەی تاک جەمسەری ئەمریکا لەپاشەکشێییە. ئەو جیهانەی ئەمریکا لەدوای هەرەسی یەکێتی سۆڤیەتەوە بانگەشەی بۆ دەکرد و بەڕێوەی دەبرد ، وەکو خۆی نەماوە. جیهانگیری لیبراڵی لە پاشەکشەدایە، جارێکی دیکە دەوڵەتی نەتەوەیی ، جوگرافیای سیاسی و ململانێ لەسەر سەرچاوەکانی داهات و بازاڕی نوێ، بووەتەوە بەشێکی هەستیاری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان.
ئۆپەراسیۆنی سەر ئۆکرانیا تەنیا شەڕێک نییە لەسەر سنوور یان قووڵایی ستراتیژی هەژموونی رۆژئاوایی، بەڵکو دەربڕی بەریەک کەوتنی دوو دیدیگای جیاوازە، دیدگەی رۆژئاوایی پێی وایە ئەو نیزامە لیبرالییە-نیولیبراڵییەی ئەمریکا پێشڕەوایەتیی دەکات کۆتا شێوەی مێژووی سیاسی و ئابوورییە، هەرچی دیدگای ڕووسیایە پێی وایە قۆناخی تاک جەمسەری چیتر بۆی نییە بەردەوام بێ، پارسەنگی هێزی جیهانی بەرەو فرە جەمسەرییەکی ئاڵۆز هەنگاو دەنێت.
لە نەوەدەکانی سەدەی رابردووەوە، رۆژئاوا بڕوایەکی تەواوییان هەبوو رووسیای دوای یەکێتی سۆڤیەت بەرەو دەوڵەتێکی پەراوێزخراوی پاشکۆی نیزامی سەرمایەداری جیهانی دەخزێت، بازاڕی ئازاد و دیموکراسی لیبراڵی پاڵی پێوە دەنێنن بەتەواوی لەناو بۆتەقەی سیستەمی رۆژئاوایی لە چوارچێوە بدرێت. ئەزموونی رووسیا لە سەردەمی بۆریس یەلتسن نەیتوانی سەقامگیری و گەشانەوە بەخۆییەوە ببینێت، بەڵکو زیاتر لێکترازانی کۆمەڵایەتیی و دەستڕۆیشتوویی ئۆلیگاریشی لێ پەیدا بوو، دامەزراوەکانی دەوڵەت لەباریەک هەڵدەوەشانەوە، ئابووری رووسیا بووە گۆڕەپانێکی کراوە بۆ سەرمایەداری دارایی جیهانی.
هاتنە سەر کاری ڤلادیمێر پۆتین کاردانەوەیەکی سروشتی رووسیا بەرانبەر داڕمانی سۆڤیەت و هەوڵی گەمارۆی رووسیا سەری هەڵدا. پۆتین کاری لەسەر بەرهەمهێنانەوەی یەکێتی سۆڤیەتی ئایدۆلۆژییکراو نەکرد، بەڵکو رووسیای وەک دەوڵەتێکی نەتەوەیی--ئیمپراتۆریەتێک پشتی بە ناوەندێتی دەسەڵات بەست، کاری لەسەر شوناسی رووسیا ، ڕێکخستنەوەی دامەزراوە ئەمنییەکان و توانای سەربازی و کۆنترۆڵی ستراتیژی سامانی سروشتی کرد، هەوڵی گەڕاندنەوەی چەمکی "دەوڵەتی زلهێز"ییدا لەنێو جیهانێک کە رۆژئاوا پێی وا بوو بۆ بەرژەوەندی جیهانگیری لیبراڵی کۆتایی هاتووە. فەیلەسووفی رووسی ئەلیکساندەر دۆگین بیرمەندێکی سیاسیی توندڕەوە و هەندێک جار بە "عەقلی پۆتین" ناوی دێت، داوای بنیاتنانەوەی ئیمپراتۆرییەتی رووسیا دەکات وەک هێزێکی مەزن، بۆ سەرکردایەتی کردنی جیهانی فرەجەمسەری، دۆگین دەلێت رووسیا بەشێک نییە لە ئەوروپا و ئاسیا بەڵکو پێویستە ئیمپراتۆرییەتی رووس زمان دروست بکرێتەوە. رووسیا چەند هاوپەیمانییەکی سەربازی، سیاسی و ئابووری پێکهێنا، گرنگترینی"پەیمانامەی ئاسایشی کۆمەڵی CSTO" لەگەڵ هار یەک لە بێلاڕووسە، کازاخستان، قیڕگستان، تاجیکستان و ئەرمینیا.
رووسیای نوێ ، دەوڵەتێکی سۆسیالیستی نییە بەمانا مێژووییەکەی لە بەرانبەر رۆژئاوای سەرمایەداری، لە هەمان کاتیشدا دەوڵەتێکی لیبراڵیش نییە بە مانا رۆژئاواییەکەی. شێوەیەکی نوێی تێکەڵی رەهەندەکانی سەرمایەداری دەوڵەت و نەتەوەیەکی موحافیزکار، بەرەهەندی ئەمنی و سەربازی ، بەکارهێنانی ئایین و مێژوو و پاشخانی ئیمپراتۆرییەت لە قۆناخی چوارچێوەگرتنی شەرعییەتی سیاسییدایە. رووسیایی نوێ شەرعییەتی خۆی لە پڕۆژەی نێونەتەوەیی بە چەشنی یەکێتی سۆڤیەت وەرناگرێت یان پشتی پێ نابەستێت، بەڵکو کار لەسەر بیرۆکەی "رووسیای شارستانییەت" گەمارۆدراو بە رۆژئاوا دەکات، ناچار لە جەنگێکی درێژخایەنە بۆ داکۆکی لە پێگە و بەرژەوەندی خۆی.
لەڕووی ئابوورییەوە، مۆسکۆ هەر زوو درکی بەوە کرد ، ئابووری جیهان کەشێکی بێلایەنی نییە و بە یاساکانی بازاڕ بەڕێوە ناچێت، بەڵکوو ناوەندی سەرمایەداری رۆژئاوایی لەڕێگەی دۆلار ، دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکان، تەکنۆلۆژیا و تۆڕەکانی بازرگانی جیهانی کۆنترۆڵی کردووە. پۆتین دەستی بۆ بەکاربردنی ئابووری برد بەو پێیەی داردەستێکی سەروەری و جیۆسیاسیە، نەک هەر بوارێک بێ بۆ گەشەسەندن و وەبەرهێنان.
دەوڵەت دەستی بەسەر بوارە ئابوورییە جۆراوجۆرەکاندا گرتەوە، لە بەراییدا کەرتی وزەی گەشەپێدا، توانای ئۆلیگارشی رووسیای بە بەرژەوەندی دەسەڵاتی ناوەندی بەستەوە، کەرتی نەوت و گازی کردە فاکتەرێکی ستراتیژی لە ئؤڕا- سیا. کاری لەسەر پێشخستنی پیشەسازی سەربازی و تەکنۆلۆژی وەک بەشێک لە ئەمنی قەومی کرد، لە سایەی ئەو تێگەیشتنەی کە هێزی ئابووری لە سەردمی هاوچەرخدا لە هێزی جیۆسیاسی جیاناکرێتەوە.
هەرچەندە شەڕی ئۆکڕانیا پەردەی لەسەر توانای سنوورداری رووسیا و کێشە ناوخۆییەکانی لادا، بەڵام رووسیا نەکەوت. سەرەڕای سزا هەمەلایەنەکانی رۆژئاوایی ، رووسیا ئاراستەی خۆی بۆ قۆناخی "ئابووری خۆڕاگر" گۆڕی ، بەو مانایەی ئابووری بەرەو پارێزگاری لە توانای ستراتیژی دەوڵەت ئاراستە کرا، نەک بۆ گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی درێژخایەن.
چەندین فاکتەر هاوکاری مۆسکۆ بوون تا نەکەوێت، لەوانە بەرزبوونەوەی نرخی وزە، بەرفراوانبوونی ئابووری سەربازی و داخوازی چین و هیندستان لەسەر نەوت و گازی رووسیا، سەرەڕای هەوڵی بنیاتنانی تۆڕێکی دارایی جێگرەوەی تۆڕی هەژموونی دارایی نیزامی رۆژئاوایی. خۆڕاگریی رووسیا ئەو راستییە ناشارێتەوە کە شەڕەکەی لەگەڵ ئۆکرانیا پاڵی پێوە دەنێت بۆ بە سەربازیی کردنی ئابووری و کۆمەڵگە. خەرجی دەوڵەت لە تێچوویی سەربازیی و دەزگە ئەمنییەکان زیاد دەکات، لە بەرامبەریشدا وەبەرهێنان و تەکنۆلۆژیای رۆژئاوایی پاشەکشەی کرد و بازاڕی کاری ناوخۆییی بە هۆکاری لێکەوتەکانی جەنگ تووشی داتەپین بووە.
شەڕی ئۆکڕانیا پێگەی جوگرافیایی سیاسیی وەک بزێوێنەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان گەڕاندەوە، لە کاتێکدا، بۆ چەند دەیە گوتاری "جیهانی بە جیهان گیری کراو" نەمانی گرنگی سنوور و هێزی سەربازی وەک لێکەوتە لاواز کردبوو، بەڵام لە راستییدا ململانێ لەسەر بواری ژیاری و وزە و رێڕەوە ستراتیژییەکانی بازرگانی و هاوپەیمانییە ئەمنییەکان هاتەوە سەر گۆڕەپانی سیاسەتی نێودەوڵەتی.
ئەوڕووپییەکان، وایان زانی لەدوای نەمانی شەڕی سارد گەیشتوونەتە قۆناخی "ئاشتی هەمیشەیی" و سەربەخۆیی سیاسی ، ئابووری و سەربازی، نەیانزانی جیهان هەر جیهانی ململانێیە. شەڕی ئۆکرانیا رۆڵی هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی(ناتۆ) هێناوە مەیدان، وڵاتانی ئەورووپای پاڵ پێوەنا بۆ ڕکابەرییەکی نوێیی خۆپڕ چەککردن، ئەوەش ئاشکرا بوو ئەورووپا بۆ خۆپارێزی پشتی بە هێزی ئەمریکا بەستووە. یەکێتی ئەورووپا ، سەرەڕای هێزە ئابوورییەکەی، هێشتا زۆری ماوە ببێتە جەمسەرێکی جیوسیاسی سەربەخۆی جیهانی.
یەکێک لە لێکەوتە سەرنج راکێشەکانی شەڕی ئۆکرانیا کە بۆ لاوازکردنی رووسیا بەرپاکرا، لە هەمان کاتدا "قەیرانی" پڕۆژەی یەکێتی ئەورووپای بەدیار خست(سەیری بابەتێکم بکە لە بارەی یەکێتی ئەوروپا لە رۆژنامەی هەولێر ژمارە 4526 لە 11/5/2026 بڵاوکراوەتەوە)، وڵاتانی ئەورووپی هەر زوو دووچاری کێشەی وزە، بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و پێداویستییە ژیانییەکان، پاشەکشەی ڕکابەری پیشەسازی و نەشونمای ڕەوتە نەتەوە پەرست و راستڕەوە توندئاژۆکان هاتن، هەموو ئەوانە ئاماژەن کە ئەورووپا ڕووبەڕووی قۆناخی پێناسەکردنەوەی شوناسی سیاسیی و ئابووری خۆی بووەتەوە لە جیهانێکدا بەرەو جەمەسەرگیری و ململانێیەکی کراوە هەنگاو دەنێت.
لەو شەڕەدا ئەمریکا سوودمەندی یەکەمە ، لەڕێگەی گێڕانەوەی کۆنترۆڵی سەربازی خۆی بۆ سەر ئەورووپا، بە هەناردەی چەک و وزە ، ڕێگای لە نزیکبوونەوەی ڕووسیا- ئەورووپا گرت ، ئەگەر ڕووی بدایە ، ئەوا بلۆکێکی ئابووری و سیاسیی گەورەی پێک دەهێنا لە مۆسکۆوە دەستی پێ دەکرد تاوەکو بەرلین و پایتەختەکانی دیکەی وڵاتانی ئەورووپایی درێژ دەبووەوە.
گۆڕان لە هاوکێشەی هاوسەنگی جیهانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ، کۆماری چینی میللی وەکو ڕکابەرێکی بەهێز دەرخست، هەنووکە چین بەربەستێکی گەورەی بەردەم هەژموونی ئەمریکایە، چونکە پەیوەندی ڕووسیا-چین هەر تەنیا هاوبەشییەکی ئابووری نییە، بەڵکو بووەتە پرۆسەیەکی فراوانتر لە ڕێکخستنەوەی هاوسەنگی جەمسەرەکان لە جیهاندا. چین پێویستی بە ڕووسیایە، قووڵایی ستراتیژی و سەرچاوەیەکی وزە و خامی کاڵاکانە ، لە هەمان کاتدا ڕووسیا پێویستی بە چین دەبێت بۆ شکاندنی گەمارۆ هەمەجۆرەکانی ڕۆژئاوایی و کردنەوەی دەروازەیەکی ئابووری و دارایی نوێ بۆ خۆی.
پەیوەندی چین و ڕووسیا پێکناکۆکیشی تێدایە، مۆسکۆ درکی بەوە دەکات ، گواستنەوەی قورسایی بواری ئابووری خۆی بۆ ئاسیا هەموو شتێکی بۆ فەراهەم ناکات و ڕەنگە هاوبەشێکی بە هێزی ئابووری و پیشەسازی نەبێت لە نێو وڵاتانی ئاسیا بەتایبەتی کە چین لە هەموو ڕووێکەوە پێشڕەوایەتی دەکات، ناچار پەراوێزێکی سەربەخۆیی ستراتیژی بۆ خۆی هێشتووەتەوە، بەشێکی تواناکانی بەرەو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریکیا و ئاسیای ناوەڕاست و ئەمریکای لاتینی ئاراستە دەکات.
یەکێک لە دیاردەکانی گۆڕانکاری جیهانی لاوازبوونی دۆلارە لە نیزامی دارایی نێودەوڵەتییدا. سزاکانی ڕۆژئاوا پاڵی بە چەند وڵاتێکەوە نا بۆ دۆزینەوەی میکانیزمێکی جێگرەوەی دارایی و شێوازەکانی بازرگانی بە دراوی خۆماڵی، بۆ خۆ دەربازکردن لە سیستەمی دارایی ئەمریکا. ڕاستە دۆلار هێشتا لە سەرەوەیت دراوە جیهانییەکانی دیکەییە بۆ مامەڵەی دارایی جیهانی، بەڵام گفتوگۆکردن و مەترسی نوواندن لەسەر ئەو بابەتە و گەڕان بەدوای قۆناخی "دوای دۆلار" بنەمای ئەو بنیاتە دەهەژێنیت کە لە سێ دەیەیی ڕابردوودا نیزامی جیهانگیری بەڕێوەدەبرد.
پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان وەختە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێشووی شەڕی سارد ، ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوایی هەوڵییان دەدا لەڕێگەی "جیهانگیری" پەیوەندییە سیاسیی و ئابوورییەکان بگۆڕن بۆ تەکنیکی بەڕێوەبردنی بازاڕەکان. بەڵام قەیرانە یەک لەدوای یەکەکانی شەڕی وزە و دارایی، هەڵاوسان و کۆڕەوەی بەکۆمەڵ بەرەو ئەورووپا ، ترس و دڵەڕاوکێ بەرهەم هێنا و دەرگای بۆ نەشونمای نەتەوە پەرستی ، شەعبەوییەت و شوناسی لۆکاڵی لە زۆر ناوچەی جیهان کردەوە.
لە ڕووسیاشدا، پۆتین توانی دەوڵەتێکی خۆڕاگر بنیات بنێتەوە و هەوڵی ڕۆڵی نێودەوڵەتیش بدات، بەڵام کاریگەری نەرێنیشی لەسەر ڕووسیا دانا. دەسەڵاتێکی ناوەندی بەهێزی دروست کرد، بواری گشتی و ڕۆڵی هاووڵاتییانی ڕووسیا لاواز بوون، دامەزراوە ئەمنییەکانی بەهێزتر و تاکە سەرکردەی کارێزمای بەرهەمهێنا. ئەم نیزامە نوێیەی ڕووسیا لە مەودای کورتدا بەهێز دەردەکەوێت، بەڵام مافی پرسیارێکمان هەیە لەمەڕ ئایندەی ڕووسیای دوای پۆتین و توانای دەوڵەتی ڕووسیا لە مسۆگەرکردنی سەقامگیری دریژ مەودادا.
ڕووسیای ئەمڕۆ وەکو یەکێتی سۆڤیەتی جاران، بە هەمان توانا و لۆژیک توانای سەرکردایەتی کردنی جیهانی نییە، بەڵام بووەتە وڵاتێکیش ناتوانرێت فەرامۆش و پەراوێز بخرێت. ڕووسیای نوێ وڵاتێکە هەوڵی گۆڕینی هاوکێشەی نیزامی نێودەوڵەتی دەدات، نەک ڕووخانی ئەو نیزامە نێودەوڵەتییە، بە هەمان شێوەش چینیش هەروا بیر دەکاتەوە. هەوڵی ڕاگرتنی هەژموونی ڕەهای ڕۆژئاوا دەدەن. گۆڕەپانەکە لەبەردەم ڕکابەری هێزە گەورەکان کراوەیە، چەمکی جیهانگیری هەمان مانای سەرەتای ساڵانی نەوەدەکانی نییە، ڕەنگدانەوەی لە سەر بابەتەکانی ئابووری ، بازرگانی ، تەکنۆلۆژیا و دۆخەکانی جیۆسیاسی بەڕوونی بە دیار کەوتووەتەوە.
ڕووسیای پۆتین، هەنووکە وەک یەکێک لە جەمسەرە دیارەکانی جیهانییە و هەوڵی ڕێکخستنەوەی هاوسەنگییە نێودەوڵەتییەکان دەدات، هەتا ئەگەر باجێکی گەورەی ئابووری و مرۆییش لەپێناویدا بدات. کێ ئەو شەڕە دەباتەوە؟ پرسیارێکی سادەیە، بەڵکو جیهانی دوای ئەو شەڕە ، چ جیهانێکە؟ جیهانێکی تاک جەمسەریی دەبێت یان فرە جەمسەرییەکی هاوسەنگ، ئەوەی هەتا ئێستا ڕوودەدات، جیهانێکە هێشتا لەباری شلۆقی و نا ڕوونییدایە.
تێبینی:"بۆ شیکردنەوە و خوێندنەوەیەکی شرۆڤەکاری ئەم بابەتە ، پشت بە چەندین بڵاوکراوە و سەرچاوەی بیرمەند و نووسەرانی سیاسی بەستراوە، لەوانە:
- "کۆتایی مێژوو، دوایین مرۆڤ" فرانسیس فۆکۆیاما 1992، کە پرسیاری زۆری لەگەڵ خۆی هێنا.
- نووسینەکانی سامۆئیل هانتگتۆن (ململانێی شارستانییەتەکان) لە گۆڤاری فۆرین ئەڤیرز Foreign Affairs.
- فەرید زەکەریا لەبارەی شەڕی سارد ، ئایندەی جوگرافیای سیاسی لە گۆڤاری فۆرێن پۆلیسی Foreign policy شیکاری سەردەمی جیهانگیری و مرۆڤی کۆتایی و دەروازەی لەبەردەم گفتوگۆی جیهانگیری نیولیبراڵی بە چ شێوەیەک دەبێت؟ کردەوە.
-هەروەها پشت بەستراوە بە وتارێکی گرنگی ڤلادیمێر پۆتین لە ساڵی 2007 لە کۆڕبەندی ئاسایشی میونشن پێشکەشی کرد، ڕووی گۆڕانکارییە جیهانییەکانی خستە ژێر پرسیار.
-هەروەها چاو لە ڕاپۆرتەکانی بانکی نێودەوڵەتی و سندووقی دراوی نێودەوڵەتی کراوە بۆ پشت بەستن و خستنەڕووی چەند زانیارییەک لەبارەی ئابووری ڕووسیا و ڕەوشی دۆلار لە نیزامی دراوی نێودەوڵەتیدا".
-هەروەها پشت بە بۆ چوونەکانی فەیلەسووف و بیرمەندی سیاسی ڕووسیا ئەلێکسەندەر دۆگیین، کە دوای دەکرد ڕووسیای نوێ کار لەسەر تیۆری سیاسی چوارەم بکا، تێپەڕی تیۆرییەکانی فاشیستییەت ، شیوعییەت و لیبراڵییت بکرێت و پشت بە دابونەریتی ڕۆشنبیری خۆی ببەستێت، هەر نەتەوەیەک بە تایبەتمەندی خۆی ، چونکە ڕووسیا نە ئاسیایە و نە ئەوروپی".