د. سامان سۆرانی
نووسەر
لووتکەی G7 کۆدەنگییەکی لەرزۆك لە سایەی جەنگەکان
لەکاتێکدا بڕیار بوو لووتکەی ئەمساڵی گرووپی حەوت (G7) لە شاری "ئێڤیان لێ بێن"ی فەرەنسا، بە فەرمی تەرخان بکرێت بۆ کەمکردنەوەی ناهاوسەنگییەکانی ئابووریی جیهانی و رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە ئابوورییەکانی هەناردە پاڵپشتیکراوەکانی چین، بەڵام لە راستیدا، جیۆپۆلیتیك، بەتایبەتی جەنگەکانی ئێران و ئۆکرانیا، تەواوی ئەجێندای کۆبوونەوەکەی داگیرکرد.
گرتنەبەری ئەم ئاڕاستەیە وای نیشاندا، کە کۆبوونەوەکان بوونە هۆی دروستبوونی هاوڕاییەکی دەگمەن لە نێوان هەردوو بەری زەریای ئەتڵەسی (ئەمریکا و ئەوروپا) سەبارەت بە هەردوو بەرەی جەنگەکە.
بەڵام ئەم کۆدەنگییە زۆر لەوە لەرزۆکترە لەوەی نمایش دەکرێت، چونکە لەسەر بنەمای رێککەوتنێکی چوارچێوەیی دامەزراوە، کە خودی ئەوروپییەکان لە پشت پەردەوە گومانیان لێی هەیە، هاوکات ئەوروپییەکان لەوەش دەترسن، کە دەرفەتی دانوستاندنی ئۆکرانیا لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە بەفیڕۆ بدرێت.
پرسیار لێرەدا ئەوە نییە ئایا درز دەکەوێتە ناو ئەم هاوپەیمانێتییە یان نا، بەڵکو پرسیارەکە ئەوەیە، کەی ئەم درزانە دەردەکەون؟
بێگومان، راگەیاندنی رێککەوتنی چوارچێوەیی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئێران وایکرد زۆرێك لە ئەوروپییەکان بە وریاییەوە هەناسەیەکی ئاسوودەیی هەڵکێشن، چونکە جێگیرکردنی نرخەکانی وزە لە جیهان و رێگریکردن لە پەرەسەندنی زیاتری گرژییەکان لە بەرژەوەندیی ئەوروپایە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، پێشبینییەکانی ئەوروپا بۆ جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتنەی دۆناڵد ترەمپ زۆر سنووردارن، چونکە داڕشتنی رێککەوتنەکە خێر بووە و ماوەی دانوستاندنەکانی داهاتوو کورتن.
ئەوروپییەکان نیگەرانن لەوەی کە دەرەنجامەکەی زۆر لاوازتر بێت لە رێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015ی سەردەمی باراك ئۆباما و نەتوانێت کێشەی پرۆکسییە هەرێمییەکانی کۆماری ئیسلامی چارەسەر بکات.
لایەکی ئەرێنی ئەم رێککەوتنە چوارچێوەییە بریتییە لەوەی، کە توانی بەشێوەیەکی کاتی تیشک نەخاتە سەر ئەو ناکۆکییە قووڵەی کە لە نێوان ئەوروپا و ئەمریکا بەهۆی بەشدارییەکی سنوورداری ئەوروپا لە جەنگی ئێران دروستبووبوو، ناکۆکییەك کە پێشتر بووبووە هۆی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەڵمانیا.
بۆ لووتکەی داهاتووی ناتۆ، کە بڕیارە لە سەرەتای تەممووزی ئەم ساڵ لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا بەڕێوەبچێت، ئەم هەواڵە باشە، چونکە ئەم دۆخە یارمەتی ئەوروپییەکان دەدات، سەرۆکێکی دۆستانەی ئەمریکایان لەپاڵ بێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی پێنتاگۆن و ئیدارەی ترەمپ ئەم ساتەوەختی ناکۆکییەیان قۆستەوە بۆ کەمکردنەوەی حزووری سەربازیی ئەمریکا لە ئەوروپا. لە کاتێکدا مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، بە راشەکاوی ئەوەی ووتووە، کە ناتۆ پێویستی بە گۆڕانکاریی گەورە هەیە.
لەلایەکی ترەوە، راگەیاندنی گەڕانەوەی ترەمپ بۆ دانوستاندن لە پرسی ئۆکرانیا، فشارێکی نوێی خستووەتە سەر ئەوروپییەکان. ئەوان نیگەرانن لەوەی نەرمی نواندنی پێشووی ئەمریکا بەرامبەر بە رووسیا، جارێکی تر ئەو دەرفەتە زێڕینە لەبار ببات، کە ئێستا بۆ ئۆکرانیا رەخساوە. ئەوروپییەکان گۆڕانکارییەکانی مەیدانی جەنگ بە زیانی رووسیا دەبینن، هاوکات لەگەڵ بوونی ناڕەزایەتی ناوخۆیی لە رووسیا بەهۆی دۆخی ئابوورییەوە، ئەمەش وەکوو دەرفەتێکی راستەقینە دەبینن بۆ زیادکردنی فشارەکان لەسەر مۆسکۆ بەمەبەستی ناچارکردنی ڤلادیمیر پووتین بە قبوڵکردنی ئاگربەستی بێمەرج.
ستراتیژی ئەوروپا بریتییە لە چڕکردنەوەی سزاکان لەسەر رووسیا و هاوکات بەگەڕخستنی کەناڵەکانی پەیوەندیی خۆیان (بە سەرکردایەتی ترویکای ئەوروپی: فەڕەنسا، ئەڵمانیا، و بەریتانیا) بۆ قایلکردنی ڤلادیمیر پووتین بەوەی کە پێگەی لاوازە و دەبێت بیر لە دانوستاندنی جدی بکاتەوە. لەم چوارچێوەیەدا، وڵاتانی G7 گەیشتوونەتە هاوڕایی لەسەر سەپاندنی سزای نوێ بەسەر هەناردەی نەوت و گازی رووسیادا، بەتایبەتی "کەشتیگەلی سێبەر"ی مۆسکۆ.
هەروەها ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە کە رەنگە ئەو لێخۆشبوونانە درێژ نەکاتەوە کە لە کاتی قەیرانی وزەی جەنگی ئێران دابوونی بۆ فرۆشتنی نەوتی خاوی ڕووسیا. بەڵام هاوپەیمانە ئەوروپییەکان دەترسن ئەم کۆدەنگییە کورتخایەن بێت، و گەڕانەوەی ترەمپ و ستیڤ ویتکۆف (نێردردەی تایبەتی ترەمپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست) و جارد کۆشنەری زاوای بۆ دۆسیەی ئۆکرانیا، زیانی زیاتر بێت وەکوو لە قازانج.
هاوپەیمانە ئەوروپییەکان و ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، لە لووتکەی ئێڤیاندا هەوڵێکی زۆریان دا بۆ دوورخستنەوەی ترەمپ لەو باوەڕە باوەی، کە پێیوایە ڕووسیا لە هەر بارودۆخێکدا بێت دەستبەسەرداگرتووە، ئەوان هەوڵیاندا قایلی بکەن، کە ڕووسیا پێویستی بە سازش هەیە نەك ئۆکرانیا. بەڵام لەبەر ئەوەی ڕووسیا ڕێککەوتنێکی گونجاو لەگەڵ ئەمریکا بە باشترین ڕێگاچارە دەبینێت بۆ دەربازبوون لە چەقبەستوویی ئێستا، ئەوروپا و ئۆکرانیا دەترسن سەرۆکی ئەمریکا لە کۆتا ساتەکان پاشەکشە بکات و بێ دەنگی بنوێنێت.
تەنانەت ئەگەر رووسیا لە ئێستادا لە ڕێگەی ئاسمانی هێرش بکاتە سەر ئۆکرانیا، بەڵام کیێڤ هێندە بەهێز بووە کە پێویست نەکات رێککەوتنێکی نەخوازراو بە نێوەندگیری ئەمریکا قبوڵ بکات. گرنگترین کارتی گوشار کە لە دەستی ئەمریکادایە پاڵپشتیی هەواڵگرییە بۆ ئۆکرانیا، کە کۆنگرێس هەوڵی پاراستنی دەدات، لەگەڵ موشەکەکانی بەرگری ئاسمانی کە بەهۆی بەکارهێنانیان لە جەنگی ئێران لە کۆگا جیهانییەکانی ئەمریکادا کەم بوونەتەوە.
ئەم دۆخە وادەکات کە پێویست بێت ئەوروپییەکان رێگایەکی دوو ئاڕاستەیی بگرنەبەر: لەلایەك هەوڵ بدەن ترەمپ لەگەڵ خۆیان هاوتەریب بکەن و لەلایەکی تریشەوە دڵنیابن لەوەی ئەوروپا و ئۆکرانیا دەتوانن لە کاتی پێویستدا پێگەیەکی سەربەخۆ لە دانوستاندنەکاندا بگرنەبەر. بۆ بەدیهێنانی ئەمەش پێویستە ئەوروپییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرهەمهێنانی سیستمی بەرگری ئاسمانی خۆیان زیاد بکەن و لەگەڵ ئەمریکا رێککەوتنی بەرهەمهێنانی هاوبەش واژوو بکەن. زێلێنسکی ئێستا نە تەنها داوای چەك دەکات، بەڵکو داوای مۆڵەتی فەرمی لە ئەمریکا دەکات بۆ بەرهەمهێنانی موشەکی پاتریۆت لە ناوخۆی ئۆکرانیا. پڕکردنەوەی ئەم کەلێنە هەستیارە، رێگا بە ئۆکرانیا دەدات کە بە مەرجەکانی خۆی دیاری بکات، کەی و لەژێر چ بارودۆخێکدا رێککەوتن قبووڵ دەکات.
دەرەنجامی سەرەکی لووتکەی ئێڤیان بۆ ئەوروپییەکان ئەوەیە: هاوتەریببوون لەگەڵ واشنتن شتێکە شایانی هەوڵدانە، بەڵام ناتوانرێت بە تەواوی پشتی پێ ببەسترێت. ئەگەر ئۆکرانیا و ئەوروپا خۆیان بەهێزتر بکەن، ئیتر ئەوەندە گرنگ نابێت کە ئایا ترەمپ لەبەرامبەر پوتیندا چۆك دادەدات یاخود نا.