د. سامان سۆرانی
نووسەر
ڕێبازی حوکمڕانیی مەسرور بارزانی
توانای قەوارە سیاسییەکان لە ڕاگرتنی هاوسەنگیی جیۆستراتیژی لە کاتی قەیرانە گشتگیرەکان، بەڵگەی پێگەیشتوویی سیستەمی حوکمڕانییە.
لەم ڕوانگەیەوە، ستراتیژییەت و نەخشەرێگای سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەڕێز مەسرور بارزانی، فۆکس دەخاتە سەر دوو پایەی بنەڕەتی. یەکەم، دوورخستنەوەی هەرێمی کوردستان لە ململانێ سەربازییەکان لەسەر ئاستی دەرەکی و دووەم، چەسپاندنی حوکمڕانیی باش و چاکسازیی داراییە لەسەر ئاستی ناوخۆیی، کە بەکۆی گشتی بنەماکانی ئاسایشی نەتەوەیی هەرێمیان بەهێزتر کردووە.
لە دیارترین ڕەهەندە ستراتیژییەکانی سەرکردایەتیکردنی کابینەی نۆیەم، پاراستنی هەرێم و بەدوورگرتنی بوو لە پەرەسەندنی هاوکێشە ئاسایشییەکان و ئاڵۆزییە سەربازییەکانی ناوچەکە، بە شێوازێك کە پێگەی هەرێمی کوردستانی وەکوو کارەکتەرێکی متمانەپێکراو و ناوەندێکی بەهێزی سەقامگیری جێگیر کرد.
سەرۆکی حکوومەت بەردەوام جەختی لەوە کردووەتەوە کە هەرێمی کوردستان لایەنێك نییە لە ململانێکان، بەڵکو هاوبەشێکی کارای چارەسەری ئاشتییانەی تەنگژەکان بووە.
ئەم گوتارە سیاسییە هاوسەنگە نەبووەتە هۆی گۆشەگیریی سیاسی، بەڵکو پێگەی هەرێمی لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی وەکوو کارەکتەرێکی بەرپرسیار و سەقامگیری خواز تۆکمەتر کردووە.
هاوکات لەسەر ئاستی پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا، بەرەوپێشچوونی بەرچاو لە هەماهەنگیی ئاسایشی و سیاسی هاتۆتە ئاراوە کە لە خزمەتی بەرژەوەندییە باڵاکانی عێراق و هەرێمی کوردستاندا بوون.
سەرەڕای فشارە داراییەکان و دابەزینی قەبارەی بازرگانی بەهۆی قەیرانە جیهانییەکان و ئاڵۆزیی کۆگە نێودەوڵەتییەکانەوە (بۆ نموونە مەترسییەکانی سەر گەرووی هورمز)، جێبەجێکردنی سیستمی هاوچەرخی "ئەسیکۆدا" لە گومرگەکان، ڕێکخستنەوەی سیستمی باج و بەرزکردنەوەی شەفافییەت، هەنگاوی بنەڕەتیین بۆ پاراستنی داهاتی گشتی.
لەسەر ئەم بنەمایە، حکوومەت پابەندبوونی خۆی بە دابینکردنی شایستە داراییەکانی مووچەخۆران ڕاگەیاندووە و بەردەوام لە هەوڵدایە بۆ چارەسەرکردنی ئەو نادادپەروەرییە داراییەی لە لایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە بەرامبەری دەکرێت، لەوانەش ڕادەستنەکردنی پشکی تەواوی سووتەمەنی و شایستە یاساییەکان.
لە کەرتەکانی وزە و خزمەتگوزاریی گشتیدا، سەرۆکی حکوومەت بە ڕاشکاوییەوە ڕووبەڕووی ئاستەنگەکان بووەتەوە.
پەلامارە ئاسایشییەکانی سەر کێڵگەکانی وەکوو "کۆرمۆر" کە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی گاز و کارەبا هەبووە، نەیانتوانیوە ئیرادەی حکوومەت بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە ستراتیژییەکانی کەرتی کارەبا پەکبخەن.
هاوکات لە پرسی سووتەمەنیشدا، جێگیرکردنی نرخی بەنزین و پاڵپشتیکردنی بازاڕ، گوزارشت لە سیاسەتێکی ئابووریی هاوسەنگ دەکات بۆ کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر شانی هاووڵاتییان.
لە ڕەهەندی ئاسایشییەوە، سەرۆکی حکوومەت لەدوا دەربڕینەرکانی بە ڕوونی ئاماژەی بە مەترسییەکان دا و بە دیاریکردنی سەرچاوەی درۆنە ئاڕاستەکراوەکان و داواکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی پێشکەوتوو بۆ هەرێم، سەلماندی کە پاراستنی سەروەریی هەرێم و ئاسایشی هاووڵاتییان لە سەرووی ئەولەویەتەکانەوەیە.
ڕاشکاویی لەگەڵ ڕای گشتی، نیشانەی پابەندبوونی حکوومەتە بە پرەنسیپەکانی لێپرسراوەتی.
هاوکات داواکاریی سەرۆکی حکومەت، مەسرور بارزانی، بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان، پێکهێنانی کابینەی نوێ و وەلانانی بەرژەوەندیی حزبی، پەیامێکی ڕوونی بەرپرسیارێتیی نیشتمانییە، چونکە پرۆسەی حوکمڕانی ناتوانێت پەکی بکەوێت، بەڵکو یەکڕیزیی دامەزراوەیی تاکە زامنی خێراکردنی پرۆسەی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانە.
لە ئەنجامدا، مۆدێلی سەرکردایەتیی مەسرور بارزانی نیشانیدا کە سەقامگیری بەرهەمی ئیرادەیەکی پۆڵایین و تێگەیشتنێکی قووڵە بۆ ڕووداوەکان. حکوومەتی هەرێمی کوردستان توانیویەتی هاوسەنگی لە نێوان چاکسازی لە ناوخۆ و بەرگری لە مافە دەستوورییەکان بێنێتە ئاراوە. ئەم ئاراستەیە هاووڵاتیی کردووەتە خاوەنی ڕاستەقینەی سەروەریی هەرێم، و حوکمڕانیشی کردووەتە هەوێنێك بۆ هەنگاونان بەرەو دادپەروەری، شەفافییەت و ئایندەیەکی گەشتر.