د. سامان سۆرانی
نووسەر
هەرێمی کوردستان و سوریا.. قۆناخێکی نوێ لە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان
دیپلۆماسیی هاوچەرخ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وەرچەرخانێکی بنەڕەتی لە وتاری ئایدۆلۆژییەوە بەرەو واقیعبینیی پێکهاتەیی بەخۆیەوە دەبینێت، بە جۆرێك کە داڕشتنی سیاسەتی دەرەوە لەسەر بنەمای پێویستییە کردارییەکان و بەرژەوەندییە ستراتیژییە هەنووکەییەکان ئەنجام دەدرێت.
لەم چوارچێوەیەدا بڕیاری حکوومەتی سووریا بۆ ناردنی شاندێکی فەرمیی وەزارەتی دەرەوە و کۆچبەران بۆ شاری هەولێر بە مەبەستی رێکارەکانی کردنەوەی یەکەمین کونسوڵخانەی گشتیی وڵاتەکەیان لە هەرێمی کوردستان، ئاماژەیەکی روونە بۆ وەرچەرخانێك لە شێوازی بیرکردنەوەی سیاسی و بونیادنانەوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان.
لە مێژووی هاوچەرخی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا، دیمەشق هیچ جۆرە نوێنەرایەتییەکی فەرمیی لە هەولێر نەبووە و سەرجەم مامەڵەکان لە رێگەی باڵیۆزخانەکەیان لە بەغدا رایی دەکران، بەڵام ئەم هەنگاوەی ئێستا رەنگدانەوەی بەئاگابوونەوەیەکە لە واقیعی سیاسیی ناوچەکە و دانپێدانانێکی کردەیییە بە سەنگ و پێگەی هەرێمی کوردستان وەکوو ئەکتەرێکی سەقامگیر و کاریگەر لە هاوکێشە جیۆپۆلیتیکییەکان.
ئەم وەرچەرخانە دیپلۆماسییە ئەنجامی کەڵەکەبوونی ئاڕاستەیەکی ژیرانە و ستراتیژیی سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێمی کوردستانە.
حیکمەت و ئەزموون و سەنگی سەرۆك مەسعود بارزانی وەکو مەرجەعێکی نەتەوەیی و نیشتمانی، هەمیشە سەقامگیریی و ناوەندێتیی هەولێری وەکو کارەکتەرێکی خۆڕاگر لە ناوچەکە سەلماندووە. لەلایەکی دیکەوە، هەوڵە دیپلۆماسییە بەردەوامەکانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە تایبەت دیداری مێژوویی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، پەلکێشکردنی پەیوەندییەکان بوو بەرەو دروستکردنی کەناڵی ڕاستەوخۆ و دروستکردنی لێکتێگەیشتنی جدی لەسەر ئاستی هەرێمی.
هاوشانی ئەمەش، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەت، لە رێگەی کاراکردنی دیپلۆماسیی دامەزراوەیی و دروستکردنی ژێرخانێکی بەهێزی کارگێڕی و ئابووری، زەمینەیەکی گونجاوی رەخساند تا هەولێر ببێتە ناوەندێکی جێباوەڕی دیپلۆماسی بۆ رێکخستنەوەی هاوکێشە هەرێمییەکان.
لە روانگەی شیکاریی زانستە سیاسییەکانەوە، دروستکردن یان وەگەڕخستنەوەی کەناڵە دیپلۆماسییەکان لەنێوان یەکە سیاسییەکان، بە تایبەت لە قۆناخەکانی دوای تەنگژە و ئاڵوگۆڕی دەسەڵات، لەسەر بنەمای بەعەقڵانیکردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و کەمکردنەوەی تێچووی ئاسایش و کارگێڕی دەست پێ دەکات.
کونسوڵخانە لە فەرهەنگی دیپلۆماسی تەنیا باڵەخانەیەك یان ناوەندێکی رووکەش و ئیداری نییە، بەڵکو ئامرازێکی سەرەکیی دیپلۆماسیی رێکخراو و ئاسانکارێکی راستەوخۆیە بۆ دروستکردنی متمانە و رێکخستنی کارئاسانی بۆ هێزی مرۆیی و جوڵەی ئابووری.
کردنەوەی کونسوڵخانەی سووریا لە هەولێر، کە وەکوو بەشێك لە پەیكەری باڵیۆزخانەی سووریا لە بەغدا کار دەکات، ئامانجی سەرەکیی ئاسانکاری و چارەسەرکردنی ئەو گرفتە یاسایی و کۆنسوڵییانەیە کە هاووڵاتیانی سووریا لە هەرێم رووبەڕووی دەبنەوە، ئەمەش گواستنەوەی پەیوەندییەکانە لە بازنەی ئاڵۆزییە سیاسییەکانەوە بۆ ئاستی بەڕێوەبردنی کارگێڕیی هاوچەرخ و خزمەتگوزاریی بەردەوام.
زیاد لەمەش، ئەم ئاساییکردنەوە کۆنسوڵییە ڕێگە خۆش دەکات بۆ بونیادنانی پەیوەندییەکی ئابووریی هاوچەرخ و فرەرەهەند لە نێوان هەرێم و سووریا.
ژێرخانی ئابووری، پیشەسازی و کشتوکاڵیی هەرێمی کوردستان کە لە ساڵانی رابردوودا گەشەیەکی دیاری بەخۆیەوە بینیوە، لەگەڵ هەڵکەوتەی جوگرافیی هەردوولا، دەکرێت ببنە بنەمایەك بۆ دروستکردنی هاوبەشیی ستراتیژی لە بوارەکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، ئاسایشی خۆراك و بەگەڕخستنەوەی کەرتەکانی پیشەسازی و وزە.
هەماهەنگی لە بواری بازرگانیی ترانزێت، گواستنەوەی ئاسانی کەلوپەل و وەبەرهێنانی هاوبەش لە پڕۆژە ژێرخانییەکان، نەك هەر بارگرانی لەسەر کەرتی تایبەت سووك دەکات، بەڵکو پەرە بە ئاڵوگۆڕی شارەزایی تەکنیکی لە کەرتەکانی کشتوکاڵ و وزە دەدات، ئەمەش هاوکاریی دوولایەنە لە سنووری بەرتەسکی سیاسی و کۆنسوڵییەوە دەرباز دەکات و دەیگوازێتەوە بۆ ئاستێکی ئابووریی کرداری، کە رەنگدانەوەی راستەوخۆی لەسەر خۆشگوزەرانی و سەقامگیریی هەردوولا دەبێت.
دەرئەنجام ئەم جووڵە دیپلۆماسییەی دیمەشق لە چوارچێوەی ستراتیژیی فراوانکردنی نوێنەرایەتییەکانی لە ناوچەکە، بەڵگەی ئەوەیە، کە جیهانبینیی سیاسی بەرەو ئاڕاستەیەك دەچێت، کە سەقامگیریی هەرێمی بەبێ رەچاوکردنی واقیعی مەیدانی و دروستکردنی پردی پەیوەندی لەگەڵ ناوەندە بەهێزەکانی بڕیاردان نایەتە دی.
هەرێمی کوردستان، لە رێگەی گرتنەبەری سیاسەتێکی هاوسەنگ و کراوە، سەلماندوویەتی کە رێڕەوێکی دروست و متمانەپێکراوە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کۆچبەران، هاوکاریی ئابووری و سەقامگیری سنوورەکان. لەبەر ئەوە، دامەزراندنی ئەم نوێنەرایەتییە فەرمییە، لاپەڕەیەکی نوێ لە مێژووی ئەندازیاریی پەیوەندییە هەرێمییەکان هەڵدەداتەوە، کە لەسەر بنەمای واقیعبینی، هاوکاریی تەکنیکی و بەرژەوەندیی دوولایەنە بونیاد دەنرێت.