لۆژیکی دەوڵەتداری مەسرور بارزانی و کارنامەی گەشەپێدانی کوردستان

لۆژیکی دەوڵەتداری مەسرور بارزانی و کارنامەی گەشەپێدانی کوردستان
لۆژیکی دەوڵەتداری مەسرور بارزانی و کارنامەی گەشەپێدانی کوردستان

لە کاتێکدا پێکهاتەی گشتیی عێراق بەدەست دۆسیە ئاڵۆزەکانی گەندەڵی و بەفیڕۆدانی سامانی گشتییەوە دەناڵێنێت، هەرێمی کوردستان وەکوو مۆدێلێکی پێشەنگ لە سەقامگیری و پەرەپێدانی دامەزراوەیی دەرکەوتووە، وەرچەرخانێك کە رەنگدانەوەی ئەو ستراتیژە کارگێڕییەیە کە لە ساڵی 2019وە لەلایەن دەوڵەتمەدار مەسرور بارزانی، سەرکردایەتی دەکرێت.

ئەم قۆناخە نوێیەی حوکمڕانی، توانیویەتی هاوسەنگییەکی تەندروست لەنێوان پاراستنی پێناسە و مێژووی خەباتی نەتەوەیی و پێداویستییەکانی بونیادنانی قەوارەیەکی هاوچەرخ بێنێتە ئاراوە، بە جۆرێك لە روبەڕووبوونەوەی ململانێ و چەواشەکارییە سیاسییەکان، هەمیشە پشت بە "زمانی ژمارەکان" و دیسپلینی کارگێڕی ببەستێت و تەواوی سەرنجی لەسەر جێبەجێکردنی پڕۆژەی گەشەپێدانی راستەقینە بێت.

بێگومان شەرعیەتی ئەم رێبەرایەتییە لە رەمزیەتێکی مێژوویی قووڵەوە سەرچاوە دەگرێت کە بە درێژایی چەندین نەوە لە بەرگریکردن لە ناسنامەی نیشتمانیی کوردستاندا رەگی داکوتاوە. هاوکات سەرۆکی حکوومەت توانیویەتی لایەنی سیاسیی کەسایەتیی خۆی و بەها رەسەنەکانی داکۆکیکردنی نەتەوەیی، لەگەڵ هاوچەرخبوونی ئەکادیمی و پێوەرە نێودەوڵەتییەکان پێکەوە گرێ بدات.

ئەم هاوئاهەنگییە ناوازەیە، بناخەیەکی پتەوی بۆ لەدایکبوونی نەوەیەکی نەتەوەیی نوێ دانا کە بەرژەوەندیی باڵای نیشتمان و هاووڵاتییان دەخاتە سەرووی هەموو ململانێیە ئایدۆلۆژییەکانەوە، ئەمەش بەرەی ناوخۆیی بەهێزتر کرد و هەوڵە دەرەکییەکانی بۆ لاوازکردنی پێگەی سیاسی و قەوارەی دەستووری هەرێم پووچەڵ کردەوە.

لەسەر ئاستی ئابووری، سەرۆکی حکوومەت توانی گۆشەگیری و گوشارە داراییەکانی بەغدا بگۆڕێت بۆ دەرفەتێکی زێڕین بە مەبەستی چەسپاندنی بنەماکانی خۆبژێوی، بونیادنانی ژێرخانێکی دارایی پتەو و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە رێگەی میکانیزمەکانی حوکمڕانیی راستەقینەوە، بەو پێیەی دیدگای سەرەکیی ئەم کابینەیە لەسەر بنەمای بوونی "ئاسایش" بۆ بەدیهێنانی "گەشەپێدان" داڕێژراوە. لەم سۆنگەیەوە، بەهۆی دامەزراندنی سیستمێکی ئاسایشی و سەربازیی هاوچەرخ، ئاستی تاوان و تیرۆر بە شێوەیەکی بەرچاو کەمکرایەوە و سنوورەکان بە لێهاتووییەکی باڵا کۆنترۆڵ کران، ئەمەش وایکرد شارەکانی کوردستان ببنە دوڕگەیەکی ئارام بۆ راکێشانی وەبەرهێنانی بیانی و ناوەندێکی متمانەپێکراو بۆ نێردە دیپلۆماسییە نێودەوڵەتییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەم خواستە نیشتمانییە تەنیا لە سنووری پاراستنی ئاسایشی کلاسیکدا نەوەستایەوە، بەڵکو وەرگێڕدرا بۆ شۆڕشێکی بێدەنگ لە کەرتی ژێرخان، کە نوێکردنەوەی تۆڕە سەرەکییەکانی رێگاوبان، پەرەپێدانی کەرتی وزە بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنان، کەمکردنەوەی بەفیڕۆچوون لە رێگەی سیستمی زیرەکەوە، شان بە شانی هەنگاوی جۆری نرا لە پرۆسەی بەدیجیتاڵکردنی دامەزراوەکان و حوکمڕانیی ئەلیکترۆنی، بەمەش رێگرییەکی سەرەکی لە بیرۆکراسی و گەندەڵیی کارگێڕی کرا.

هاوکات لە رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ژینگەییەکان، پلانێکی ستراتیژیی بۆ بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو لە رێگەی دروستکردنی بەنداوی نوێ و فراوانکردنی تۆڕەکانی ئاوی خواردنەوە جێ بەجێ کرد، بەو پێیەی کە ئاسایشی ئاو، ژینگە و پاراستنی دارستانەکان بە فەلسەفە و کۆڵەکەی داهاتووی نیشتمان بزانرێت، ئەمەش وایکرد لە کۆڕ و کۆبوونەوە نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکاندا داوای گۆڕینی بیرکردنەوەی کلاسیکی بکرێت بۆ کەمکردنەوەی بەفیڕۆچوون و گەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ تا ببێتە سەرچاوەیەکی دیکەی داهاتی نەتەوەیی لە چوارچێوەی ئابوورییەکی سەوزدا.

لەسەر ئاستی پەیوەندییەکانی دەرەوە، دیپلۆماسیی ئابووری بوو بە گرنگترین ئامرازی ستراتیژی بۆ سەرلەنوێ چەسپاندنەوەی پێگەی هەرێمی کوردستان وەکوو کارەکتەرێکی کارا لە سیستمی نێودەوڵەتی و هاوبەشێکی جێی متمانە، ئەم کرانەوە عەقڵانییە لە رێگەی بەشداریکردنی کاریگەرانە لە کۆڕبەندی جیهانیی داڤۆس و سەردانە فەرمییەکان بۆ پایتەختەکانی بڕیار و وڵاتانی کەنداوی عەرەبی رەنگی دایەوە، تێیدا هەرێمی کوردستان وەکوو ناوەندێکی بازرگانی و پیشەسازیی بەڵێندەر و سەربەخۆ لە پشتبەستنی تەواو بە نەوت ناسێندرا، و بۆ یەکەمجاریش پرۆسەی هەناردەکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییە ناوخۆییەکان بۆ بازاڕەکانی جیهان چووە واری جێبەجێکردنەوە.

ئەم جوڵە دەرەکییە هاوتەریب بوو لەگەڵ سیاسەتێکی ناوخۆیی میانڕەو و حەکیمانە لە بەڕێوەبردنی پەیوەندییە ئاڵۆزەکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی لە بەغدا، بە شێوەیەك کە مەسرور بارزانی رۆڵێکی گەورەی گێڕا لە بونیادنانی هاوبەشییەکی بەهێز لەگەڵ بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور و پتەوکردنی هاوکاریی ئاسایشی و چارەسەرکردنی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان، هەموو ئەمانەشی بە رۆحیەتێکی نەرم ئەنجام دا، تا بتوانێت مافەکانی گەلی کوردستان دەستەبەر بکات و پاڵپشتیی سەقامگیریی عێراقیش بێت.

لەپاڵ ئەمەشدا، رەهەندە مرۆییەکان لەم کارنامەیەدا پێشەنگ بوون، بە جۆرێك هەرێم گەورەترین ئەرکی گرتەئەستۆ لە داڵدەدان و بەهاناوەچوونی سەدان هەزار پەنابەر و ئاوارە لە کەمپەکان، دوای پاشەکشەی هاوکاریی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان.

سەرەنجام، ناوی مەسرور بارزانی وەکوو ئەندازیاری رێنیسانسی ئاوەدانی لە کوردستانی نوێ درەوشایەوە، سەرکردەیەك کە لۆژیکی داهاتووی کردە قیبلەنمای حوکمڕانی و قەیرانەکانی کردە دەرفەتی مەزن بۆ گەشەپێدان و چەسپاندنی قەوارەیەکی دامەزراوەیی و بەهێز.