هەڵەی هەڵگرانی ئایین گوزارشت لە حەقیقەتەکانی ئایین ناکات

هەڵەی هەڵگرانی ئایین گوزارشت لە حەقیقەتەکانی ئایین ناکات
هەڵەی هەڵگرانی ئایین گوزارشت لە حەقیقەتەکانی ئایین ناکات

لە جیهانی دیجیتاڵی و سەردەمی تەکنەلۆجیای پێشکەوتوودا، کە تیایدا سنوورەکانی نێوان راستی و ژیریی دەستکرد لێڵ بوون، جارێکی تر پرسی فلتەرکردنی زانیاری و ھەڵوێستی کۆمەڵایەتی دەبێتەوە بە جێگەی مشتومڕ. 

لە چەند رۆژی رابردوودا، بڵاوبوونەوەی دەنگ و نامەی کەسایەتییەکی ناسراوی ئایینی (راست بێت یان دروستکراو) کۆمەڵگەی كرد بە دوو بەرەی دژ بەیەک؛ بەرەیەک کە بەرگری کوێرانەیان دەکرد و بەرەیەکی تر کە رووداوەکەیان بە هەل زانی بۆ هێرشکردنە سەر پیرۆزییەکان، بەڵام کێشە گەورەکە لە خودی رووداوەکەدا نەبوو، بەڵکو لەو "پیلان و ئەنجامەدابوو" کە ئامانج لێی ناشرینکردنی بنەماکانی ئایینە لە رێگەی کەموکوڕی مرۆڤەکانەوە.

پێویستە وەک یاسایەکی جێگیر بیرمان بێت كە: ئایین دەبێت وەک خۆی و لە سەرچاوە رەسەنەکەیەوە وەربگیرێت، نەک لە رەفتاری هەڵگرانی ئایین. خوای گەورە تاک و تەنهایە و ئایینەکەی ناگۆڕێت، بەڵام هەڵگرانی ئایین مرۆڤن؛ مرۆڤیش هەڵە دەکات، دەکەوێتە تاوان و هەندێکجار سەرلێشێواو دەبێت. هەڵەی تاک، نابێت ببێتە هۆی تاوانبارکردنی هەموو ئایین.

ئەگەر ئەو هەواڵانە ساختە بووبێت، بوختانێکی گەورەیە و زیانی گەورە بە کەسان و کۆمەڵگە دەگەیەنێت. ئەگەر راستیش بووبێت، ئەوە تاوانی تاکە، نەک تاوانی ئایین. لە هەردوو حاڵەتەکەدا، گۆڕینی تاوانی تاک بۆ تۆمەتی ئایین، دادپەروەری نییە.
ئەوەی ئەمڕۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەیبینین، تەقەکردنێکی کوێرانەیە بە ناو تاریکیدا. 

زۆر لەوانەی هێرش دەکەنە سەر ئیسلام، ئەم جۆرە رووداوانە دەکەنە پەردەیەک بۆ شاردنەوەی کەموکوڕی و تاوانەکانی خۆیان، یان بۆ ئاسودەکردنی ویژدانی خۆیان لە ئاست پابەند نەبوونیان بە بنەما ئەخلاقییەکانەوە.

بە بۆچوونی من، ئەم جۆرە رووداوانە (راست بن یاخود نا) زۆرجار دەبنە ئامرازێک بۆ ناشرینکردنی وێنەی ئیسلام لەلایەن هەندێک کەسەوە؛ ئەنجامەکە لەلای خەڵک یەک شتە، هەوڵدان بۆ ئەوەی ئایین لە دیدگای کۆمەڵگە بخرێتە ژێر پرسیار، بۆیە دەبێت زۆر ئاگاداربین کە هەست و تووڕەیی، جێگای دادوەری و راستی نەگرێتەوە.

لێرەوە پرسیارێکی جەوهەری و لۆژیکی سەر هەڵدەدات: ئەگەر  ئەم بابەتە پەیوەندی بە كەسێكی ناسراوی دەرەوەی بازنەی ئایینەوە (وەک هونەرمەندێک، وەرزشوانێک، یان سیاسییەک) ئەنجام بدرایە، ئایا هەمان هەڵوێست و هەمان شەپۆڵی هێرش دەبینرا؟ بێگومان نەخێر؛ لەو حاڵەتەدا بابەتەکە وەک "هەڵەیەکی کەسی" تەماشا دەکرا و هەرگیز نەدەبەسترایەوە بە پیشە یان بیروباوەڕەکەیەوە، بەڵام کاتێک بابەتەکە دێتە سەر ئایین، بە مەبەست یان بێ مەبەست، هەڵەی تاک دەکرێتە بیانوو بۆ لێدانی کۆی سیستمە ئەخلاقییەکە.

لە کۆتاییدا، بابەتەکە راست بێت یان چەواشەکاری، گرنگە هۆشیار بین کە نەبینە بەشێک لەو پیلانەی دەیەوێت بڕوابوون بە چاکە و پیرۆزییەکان لە دڵی خەڵکیدا بکوژێت. ئەوەی پێوەرە، پاکی ئایینەکەیە نەک بێعەیبی مرۆڤەکان.