سەڵاح بەکر
نووسەر
لێدوانی ئۆفلاین
دیارە غافڵ بووین لە دەستکەوتێکی یاسایی بێوێنە: "هەڵوەشاندنەوەی دەستوور بە لێدانی کوشندە لەبەردم کامێراکاندا!"
بەڕێز پارێزگاری کەرکووک بە بۆچوونێکی سحراوی سەرساممان دەکات کە گوایە ماددەی 140 "نەماوە". وەک ئەوەی ئیرادەی ملیۆنان هاووڵاتی بە "لێدوانێک" بسڕدرێتەوە! بەڕێزیان دەبێت باش بزانێت کە خۆی بە ڕێکەوتنێکی گوماناوی و تاریکولێلی شەوانەی هوتێلی ڕەشید بووە پارێزگار، تا ئەو رادەیەی رەنگە تا ئێستاش بۆ خۆیشی سەیر بێت کە چۆن گەیشتووەتە ئەو کورسییە!
دیارە لای جەنابیان پێشێلکردنی دەستوور بووەتە خوو و سەربووردی ڕۆژانە؛ جارێک بە ئامادەبوونی لە کۆڕبەندی شارەکان بە زمانی تورکی وەک ئەوەی لە پارێزگایەکی دراوسێ فەرمانڕەوایی بکات نەک کەرکووک، و جارێکی تریش بە راگەیاندنی "مردنی" ماددەی 140!.
بۆ بەڕێزیان وەبیر دێنینەوە کە دادگای باڵای فیدراڵی بە بڕیاری (103/اتحادية/2019) ئەم مەتەڵەی یەکلاکردووەتەوە؛ کە تێیدا جەختی کردووەتەوە ماددەی 140 بەکارە و بە جاریی دەمێنێتەوە تا قۆناخەکانی (ئاساییکردنەوە، سەرژمێری، راپرسی) جێبەجێ دەکرێن.
دەستوور بە جەڵتەی قسەکردن نامرێت، و بڕیاری دادوەریش بە ئاواتی سیاسی هەڵناوەشێتەوە. خۆزگە کۆپییەکی لە "دەستوورە نوێ " یەکەی پێدەداین تا بزانین ئەم ماددەیە چۆن بە هەوادا بەڵام بووەتەوە؟ ئەگەر هەڵوەشاندنەوەی ماددەکان بەم ئاسانییە بێت لە رێگەی شاشەکانەوە، ئیتر بۆچی خۆمان بە پەرلەمان و دامەزراوەکانەوە ماندوو بکەین؟ چاوەڕێی لێدوانی داهاتوو دەکەین تا بزانین دوای هەواڵەکان کام ماددەی تر بەسەر دەچێت!.