فرسەت سەید شکور
نووسەر
80 ساڵ پارتی؛ لە رابەرایەتیی شۆڕشەوە بۆ پاراستنی قەوارەی نیشتمان
ئەمساڵ، 80 ساڵ بەسەر دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستاندا تێدەپەڕێت، حزبێک کە هەموو تەمەنی خۆی بۆ خزمەتی دۆزی رەوای گەلی کوردستان تەرخان کردووە. ئەو حزبەی لەناو خەم و ناسۆری میللەتێکی ستەمدیدە و لەسەر دەستی رابەری نەتەوەیی گەلی کوردستان، مستەفا بارزانیی نەمر هاتە بەرهەم، ئێستا و دوای 80 ساڵ لەوپەڕی لوتکە و فراوانبوونی خۆیدایە. پارتی، دەگمەنترین حزبە لەسەر ئاستی جیهان و ناوچەکە کە دوای تێپەڕینی ئەو زەمەنە فراوانە، هێشتا لە مەیدانی سیاسی و خەباتدا بە تەمەن ئەزمووندارە و بە سیاسەت و ستراتیژیش گەنج و کارامەیە.
مانەوە و بەهێزبوونی پارتی لەسەر کۆمەڵێک پایەی زۆر پتەو و بەهێز خۆی دەنوێنێت؛ لەلایەک پشتئەستوورە بە جەماوەرێکی دڵسۆز و خۆڕاگر کە لە سەختترین قۆناخەکاندا پشتی حزبەکەیان بەرنەداوە، لە لایەکی تریشەوە بوونی رابەر و سەرکردەیەکی وەکو سەرۆک مەسعود بارزانی، کە خاوەن رووئیا و دیدێکی درێژمەودایە بۆ سیاسەت و حوکمڕانی، وای کردووە پارتی خاوەنی پێگەیەکی هێندە کاریگەر بێت کە ئەزموونەکەی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەکی جێگەی بایەخ و لێکۆڵینەوە بێت.
ئەگەر ئاوڕێک لە مێژووی پڕ سەروەریی پارتی بدەینەوە، دەبینین خاوەن مێژوویەکی ئێجگار کاریگەرە و شۆڕشەکانی گەورەترین سەلمێنەری ئەم راستییەن. بۆ نموونە، شۆڕشی ئەیلوولی مەزن توانی بۆ یەکەمجار لە مێژوودا میللەتی کورد لە ژێر یەک چەتردا کۆبکاتەوە و دوژمن ناچار بکات لە رێککەوتننامەی 11ـی ئاداری 1970ـدا دان بە مافە نەتەوەییەکانماندا بنێت، کە ئەمە گەورەترین سەرکەوتنی سیاسی و سەربازی بوو. هەروەها شۆڕشی گوڵان، نموونەی هەستانەوە و بڕوابەخۆبوونی گەلی کورد بوو، کە سەلماندی پارتی و کورد بە هیچ نسکۆ و پیلانێک لەناو ناچن و خەبات تا گەیشتن بە ئامانج بەردەوام دەبێت.
لە سەردەمی راپەڕینی بەهاری 1991ـیشدا، پارتی دەستپێشخەر و داینەمۆی یەکڕیزی بوو. لە دوای سەرکەوتنی راپەڕین، هەر بە دەستپێشخەریی راستەوخۆی سەرۆک بارزانی، بڕیاری گۆڕینی شەرعییەتی شۆڕشگێڕی بۆ شەرعییەتی سندووقەکانی دەنگدان درا، کە بووە هۆی دروستبوونی پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان. دواتر و لە دوای پرۆسەی ئازادیی عێراق لە ساڵی 2003، رۆڵی سەرۆک بارزانی لە نووسینەوەی دەستووری عێراقدا رۆڵێکی مێژوویی و یەکلاکەرەوە بوو، چونکە توانی قەوارەی هەرێمی کوردستان و مافەکانی پێشمەرگە و زمانی کوردی لە دەستووردا وەک مافێکی نەگۆڕ جێگیر بکات.
لە رووی پرۆسەی حوکمڕانیشەوە، پارتی هەمیشە ئەرکی قورسی لە ئەستۆ گرتووە. لە قۆناغی ئاوەدانکردنەوەی گوندە خاپوورکراوەکانەوە بگرە تا دەگاتە دروستکردنی ژێرخانێکی بەهێز بۆ کوردستان. ئەوەی جێگەی تێڕامانە ئەوەیە کە پارتی هەمیشە بەهێزکردنی حکوومەت و دامەزراوە نیشتمانییەکانی خستووەتە پێش بەرژەوەندییە حیزبییەکانی خۆیەوە، چونکە پارتی بڕوای وایە حیزب ئامرازێکە بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتیان و پاراستنی نیشتمان.
یەکێکی تر لە پایە بەهێزەکانی مانەوەی ئەم حیزبە، بریتییە لە دروستکردنی هاوسەنگی و راگرتنی پەیوەندییەکی تەندروست لەسەر ئاستی دەرەوە. پارتی توانیویەتی لە ناوچەیەکی پڕ لە ئاڵۆزی و ململانێدا، پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و زلهێزەکانی جیهان لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی نیشتمانی و رێزگرتنی هاوبەش بونیاد بنێت. پێشوازیکردنی گەورە لە سەرۆک بارزانی و سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکوومەت لە پایتەختە گەورەکانی جیهان، بەڵگەی ئەو متمانە نێودەوڵەتییەیە کە بە سیاسەتی حەکیمانەی پارتی هەیە لەپێناو خزمەتکردنی دۆزی گەلی کوردستان.
ئەم مێژووە پاکە و ئەم خزمەتە بەردەوامە، وایکردووە پارتی لە دڵی جەماوەردا رۆژ بە رۆژ گەورەتر بێت. ئەگەر سەیری ئامارەکانی هەڵبژاردن بکەین، پارتی تاکە حیزبە کە لە هەموو هەڵبژاردنێکدا دەنگەکانی رووی لە زیادبوون کردووە. بەدەستهێنانی زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگ لەسەر ئاستی عێراق و کوردستان، پەیامێکی زۆر روونە بۆ دۆست و نەیاران، کە پارتی حیزبی ژمارە یەکی بێ رکابەرە و خەڵکی کوردستان ئومێدی دواڕۆژی خۆیان تەنها لەم حیزبەدا دەبیننەوە.
لە کۆتاییدا، دەتوانین بڵێین ئامانجی سەرەکیی پارتی لە ئێستا و داهاتووشدا، کارکردنە بۆ مانەوە و پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان. پارتی لە رێگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، هەموو هەوڵێک دەدات بۆ بەهێزکردنی پێگەی سیاسی و ئابووریی هەرێم و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ هاووڵاتیان.
یادی 80 ساڵەی پارتی، پەیمانێکی نوێیە بۆ بەردەوامبوون لەسەر رێبازی کوردایەتی، ئەو رێبازەی کە تا ئەمڕۆش تاکە زامنی مانەوە و سەرکەوتنی گەلی کوردستانە.