زەیدی: رێگە نادەین ئاسمانی وڵاتەکەمان بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێنرێت
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەردانی ناوەندیی ئۆپراسیۆنەکانی فەرماندەیی بەرگریی ئاسمانی کرد، بە مەبەستی بەسەرکردنەوەی سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی عێراق.
بەگوێرەی بەیاننامەیەکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیران، عەلی زەیدی سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لە نزیکەوە ئاگاداری ئەرک و بڵاوبوونەوەی پارچە سەربازییەکانی بەرگریی ئاسمانی بوو. لە کۆبوونەوەکەدا، پلانی ستراتیژیی ساڵانی 2026 تا 2031 بۆ پەرەپێدانی تواناکانی بەرگریی ئاسمانی تاوتوێ کرا، بڕیارە کار لەسەر پەرەپێدانی سیستەمەکانی دۆزینەوە و چاودێری راداری، چەک، و سیستەمی فەرماندەیی و کۆنترۆڵ بکرێت، بە ئامانجی دروستکردنی سیستەمێکی بەرگریی نیشتمانیی تهواوگیر.
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ فەرماندە و ئەفسەرانی بەرگری ئاسمانی رایگەیاند: "بەرگریی ئاسمانی قەڵغانی ئاسمانی عێراق و هێڵی یەکەمی بەرگرییە لە سەروەریی وڵات". ئاماژەی بەوەش کرد، بنیاتنانی هێزێکی چەکداری بەهێز، بنەمایەکی سەرەکییە بۆ ئەوەی وڵات بتوانێت بڕیارە سیاسی و سەربازییەکانی بە سەربەخۆیی بدات.
زەیدی جەختی کردەوە، عێراق رێگە نادات بە هیچ شێوەیەک ئاسمانی وڵاتەکەی ببەزێنرێت یان ئاسایشەکەی تێکبدرێت. هەروەها پەیامێکی روونی ئاراستەی وڵاتانی ناوچەکە کرد و گوتی: "رێگە نادەین خاک یان ئاسمانی عێراق ببێتە شوێنێک بۆ دەستپێکردنی هەر هێرش و دەستدرێژییەک بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ".
لە کۆتایی سەردانەکەیدا، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان رێنماییدا بە دابینکردنی هەموو پێداویستییە تەکنەلۆژی و جەنگییەکانی فەرماندەیی بەرگریی ئاسمانی، بۆ ئەوەی لە بەرزترین ئاستی ئامادەییدا بن بۆ پاراستنی سەروەریی عێراق دوای کشانەوەی هێزە نێودەوڵەتییەکان.