کەژان محەممەد کەریم
ئەندامی پەرلەمانی کوردستان
خەبات و تێکۆشانی 80 ساڵەی پارتێک و سەرۆک و رابەرێک لە پێناو پاراستن و مانەوەی میللەتێک بۆ سیاسەتی بنیادنانی دەوڵەتێک:
یادی 80 ساڵەی خەبات و تێکۆشانی پارتێکی نیشتمانی و نەتەوەیی دەکەینەوە. هەشتا ساڵ تەمەن بۆ هەر پارتێکی سیاسی ماوەیەکی گرنگە، بەڵام لە چوارچێوەی مێژووی سیاسیی کورددا، ئەم بۆنەیە مانایەکی قووڵتری هەیە، چونکە لەگەڵ دامەزراندنی ئەم پارتە، پرسی کورد و خەباتی رزگاریخوازیی کوردستان پێی نایە قۆناغێکی نوێوە.
ساڵی 1946 پارتی لە سەردەمێکدا دامەزرا کە پرسی کورد تا رادەیەک لە چوارچێوە سیاسییەکانی ناوچەکە دوورخرابووەوە و خواستی سەربەخۆیی و ویستی ئازادیی کورد رووبەڕووی بەربەستی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی بووبووەوە. بۆیە ناکرێت یادی هەشتا ساڵەی دامەزراندنی پارتی تەنیا بە چاوی یادکردنەوەی پارتێکی سیاسی سەیر بکرێت، بەڵکو پێویستە خوێندنەوەیەکی وردی ئەو گۆڕانکارییە بنەڕەتییانە بێت کە سیاسەتی کوردی لە خەباتی رزگاریخوازی و ناساندنی پرسی کورد و مانەوە بۆ هەبوونی هەرێمێکی سەربەخۆ و بنیادنانی دەوڵەتێکی سەردەمیانەدا بەدی هێناوە.
خاڵی جەوهەریی سەرکەوتنی ئەم پارتە، هەبوونی رێبەر و سەرۆک مەسعود بارزانییە کە تەنیا هەوڵ و خەباتی بۆ بەدەستهێنان و زامنکردنی مافە نەتەوەییەکانی گەلەکەیەتی، هاوشان لەگەڵ هەبوونی مەبدەئی خزمەتکردنی ئەم پرسە لە لایەن پێشمەرگە و کادر و ئەندامانی ئەم حزبەوە.
ئەگەر سەیرێکی مێژووی عێراق بکەین، لەگەڵ ئەوەی کە حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق هیچ کاتێک و لە هیچ سەردەمێکدا ویستی چارەسەرێکی بنەڕەتییان بۆ داواکارییە رەواکانی کورد لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا نەبووە، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە بە پێی پێویستیی سەردەمەکە بەردەوام بووە لە خەبات، جا ئەو سەردەمە پێویستی بە گفتوگۆ و دانوستان بووبێت یاخود شۆڕش و ململانێ، کە ئەم خۆگونجاندنە یەکێکە لە خاڵە جەوهەرییەکانی کارکردنی پارتی.
لە تەمەنی هەشتا ساڵەی پارتیدا، توانای مانەوە و خۆگونجاندن و بەردەوامیدان بە خەبات و تێکۆشان لەگەڵ ئەوەی کە جیهان لە سەردەمی جیاوازدا چەندین گۆڕانکاریی گەورەی هەرێمی و نێودەوڵەتی بە خۆیەوە بینیوە، دەرخەری حیکمەتی گەورەیی سەرکردایەتیی ئەم پارتەیە لە مەلا مستەفا بارزانی، باوکی رۆحیی کورد و دامەزرێنەر و پێشڕەوی ئەم پارتەوە بۆ سەرۆک و رابەر مەسعود بارزانی.
مێژوو شاهیدە کە پارتی دیموکراتی کوردستان لە دامەزراندنییەوە تەنیا هێزێکی سیاسیی چەکداری نەبووە، بەڵکو قوتابخانەی پێگەیاندنی نەوەیەکی نیشتمانپەروەرە کە بنەماکانی پاراستنی مافەکانی کورد و کوردستانی و سەربەخۆیی بناغەی ئەم پێگەیاندنەیە لە سەردەمی شاخەوە بۆ ئێستا، هاوشان لەگەڵ پێویستیی پێکەوەژیان کە لە ئێستادا هەرێمی کوردستان یەکێکە لە نموونە ناسراوەکانی پێکەوەژیان لە ناوچەکەدا.
ساڵی 1946 پارتی دیموکراتی کوردستان لە سەردەمێکدا دامەزرا کە تاکی کورد لە هەوڵ و تێکۆشانی بۆ ناساندنی خۆی و نەتەوەکەی بوو، بەڵام دوای زیاتر لە سێ چارەکە سەدەیەک و لە ساڵی 2026، دوای هەشتا ساڵ لە خەبات، ئێستا کوردستان و تاکی کورد لە راستییەکی تەواو جیاوازدان کە ئەویش هەبوونی پەرلەمان و حکوومەت و دامودەزگای مەدەنی و ئەمنی و لە هەمان کاتدا هەبوونی نوێنەرایەتی لە وڵاتانە، کە بۆ گەیشتن بەم رۆژە هەزاران شەهید و قوربانیدان هەبووە.
ئەرکی هەر نەوەیەک لە هەر سەردەمێکدا جیاوازە؛ ئەگەر نەوەی 1946 رووبەڕووی ئەو پرسیارە بووبنەوە کە ئایا چۆن دەتوانن ناسنامەی نەتەوەیی و سیاسیی کورد و مافە رەواکانی بپارێزن و خەبات لە پێناو مانەوەی بکەن، لە کاتێکدا نەوەی 2026 رووبەڕووی پرسیارێکی جیاوازتر دەبێتەوە کە ئەویش ئەوەیە، ئایا لەگەڵ پاراستنی ئەو دەستکەوتانەی کە تا ئێستا هەن، چۆن بتوانێت دامەزراوەکانی بەهێزتر بکات کە گۆڕانکارییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان نەتوانن ببنە مەترسی بۆی، بگرە بەهێزتریان بکەن و دوا نەکەون لەو پێشکەوتنە خێرایەی کە جیهان پێیدا تێپەڕ دەبێت.
بەردەوامیدان بە تێکۆشان لە پێناو سەربەخۆیی و دەوڵەتسازی، وەڵامی ئەو پرسیارەیە کە پێویستە ئەم نەوەیە بەردەوامی بە خەباتی نیشتمانیی خۆی بدات بۆ گەیشتن بە دەوڵەتی کوردستان و هەنگاوەکانی هاوشانی پێشکەوتنەکانی جیهان بێت. لە هەمان کاتدا، پاراستنی ئەم قەوارەیە و چالاککردنی دامەزراوەکانی و بەردەوامیدان بە فرەچەشنکردنی سەرچاوە ئابوورییەکان و گرنگیدان بە کەرتی تایبەت و پەرەپێدان بە دیپلۆماسییەتی هەرێمی و نێودەوڵەتی پێویستە لە کارە پێشینەییەکان بێت.
لە کۆتاییدا دەبێت دان بەو راستییەدا بنرێت کە هەر وەک چۆن پارتی سەرکردایەتی و خاوەنداریەتیی شۆڕشەکان و دەستکەوتەکانی هەمیشە لە ئەستۆ گرتووە، بە هەمان شێوە لەم قۆناغەشدا کە سەردەمی ژیریی دەستکرد و تەکنەلۆژیایە، پاراستنی ئەم دەستکەوتانە و بنەبڕکردنی گەندەڵی و بەرەوپێشچوونی ئەم هەرێمە هاوشانی پێشکەوتنەکانی جیهان، پارتی لە ئەستۆی گرتووە و بەردەوام کاری بۆ دەکات، بە رێبەرایەتیی سەرۆک مەسعود بارزانی کە هەشتا ساڵی تەمەنی لە خزمەتی گەلەکەیدا و بۆ بەهێزکردنی پێگەی کوردستان بووە.