ئازار حسۆ
نووسەر
بانگی ئازادی
ڕۆمان چەمکێکی مودێرنە و ئەوەی ڕۆمان دەنووسێت پێویستە لە ئاست نووسینیدا بێت و کەسێکی مودێرن بێت. "بانگی ئازادی" ڕۆمانێکە دەکەوێتە خانەی ڕیالیزمی دیرۆکی. میران ئابراهام ویستوویەتی دۆخی کوردستان و بزاڤی ڕۆشنبیری و نەتەوەیی کورد لە ڕێگەی گێڕانەوەی خەبات و بەسەرهاتی دوو کاراکتەری سەرەکیی ڕۆمان باس بکات، لە هەمان کاتدا زۆر پرسیار بۆ خوێنەر جێدەهێڵێت.
فەرەج کوڕی کوێخای گۆندێکی نزیک مەریوانە. فەرەج پێنج ساڵان بووە کە لە حوجرەی مزگەوتی گوند لە ژێر دەستی مەلای گوند دستی بە خوێندن کردووە. دانیشتووانی کەلییە بە کوردی دەدوان کەچی مەلای مزگەوت بە عەرەبی خوتبەی دەدا، کەسیش لێی تێنەدەگەیشت! فەرەج دوای مردنی دایکی کە دەبیستێت دەنێردرێتە سنە بۆ ئەوەی ببێتە فەقێ و پاشان ببێتە مەلا، خەنی دەبێت. ماڵ کە جێی حەوانەوەیە، بۆ دەبێ فەرەجی دە ساڵان لێی بێزار بێ؟ فەرەج لەگەڵ دوو هاوتەمەنی لە گوندەوە دەنێردرێنە سنە بۆ ئەوەی لە مزگەوتی (دارولئیحسان) ببنە فەقێ.
میران زۆر بە جوانی باسی ژینگەی بۆگەنی حوجرەکان و بێڕەوشتیی مەلا و فەقێکان دەکات. لەوێ فەرج یاران و تەنبوورەکەی دەناسێت. بە هاوکاریی یاران خۆی و دوو هاوڕێکەی بریار دەدەن لەوێ هەڵێن و بڕۆنە بەغدا. فەرەج و هاوڕێکانی مل دەدەنە ڕێگا تا دەگەنە سلێمانی. (سلێمانیی ئەو کاتە، شارێک بووە لەسەر لێواری گۆڕانکاری. هێشتا بۆنی گوند و سادەیی لێ دەهات بەڵام شەقامە چەوڕێژکراوەکانی شاهیدی هاتوچۆی بازرگانانی عەجەم و عوسمانی بوون).
فەرەج و هاورێکانی مانگێک لە سلێمانی دەبن پاشان بۆ بەغدا وەرێ دەکەون. لە بەغدا دەڕۆنە (مزگەوتی سلێمانی). فەرەج مانگێک لە بەغدا دەبێ، هاوڕێیەتی لە گەڵ یاران بەهێزتر دەبێت و زیاتر دڵی بە دەنگی تەنبوورەکەی یاران دەبێتەوە تا کتێبی دینی.
ڕۆژێکیان باوکی فەرەج و مەلای گوندەکەیان (باوکی دوو هاوڕێیەکەی) بە دوای منداڵەکانیاندا دێنە بەغدا.
فەرەج خۆی پێشانی باوکی نادات و لەگەڵ یاران خۆیان دەدزنەوە. فەرەج لەگەڵ یاران شوێنێک لە بەغدا شک نابەن بۆی بڕۆن. لە پڕ را فەرەج (خودێدای) ئێزدی بیر دەکەوێتەوە.
میران بە خوێنەری دەڵێ؛ تۆی کورد، فەقێش بی، ئەگەر لێت قەوما دەتوانی پشت بە یارسان و ئێزدییەک ببەستی، ئەوان دەتحەوێننەوە.
فەرەج مەلا بەدفەڕەکەی گوندی خۆی بینیوە، کەشی خراپی مزگەوتی دارولئیحسانی بینیوە. کەچی هەر یەک شتی لەبەرچاوە ئەویش ئەوەیە دەبێ ببێتە مەلا! دەڕواتە مزگەوتی ئەعزەمییە لە بەغدا و لەوێ لە تاقیکردنەوەکان دەردەچێت و وەک فەقێ وەردەگیرێت. کە وەردەگیرێ زۆر دڵخۆش دەبێت. (ئەو کاتە هەستم کرد بۆ دواجار دەرگایەکی ڕووناکیم بەڕوودا کراوەتەوە). ماوەیەک لە ئەعزەمیە دەبێت دەزانێ ئەوێش ئەو شوێنە نییە کە دەبێ لێی بێ. لە حوجرەکاندا فێر دەکران کە عەرەب گەورەی هەر دوو جیهان و هەموو نەتەوەکانە. ململانێی شیعە و سوننە، وانەی بێ مانا، فەرج خۆی بزر کردبوو، نەیدەزانی کێیە، وەڵامیشی بۆ نەدەدۆزرایەوە. نەخۆش دەکەوێ و مەلا و فەقێکان دەستی لێ دەشۆن، دیسان یاران و خودێدا فریای دەکەوەن و ڕزگاری دەکەن. بێ ئەوەی فەرەج ئاگای لێ بێ، یاران بریار دەدات هەرسێکیان برۆنە قاهیرە و دەڕۆن. ژیان لای فەرەج هێشتا بریتییە لەوەی ببێتە پیاوی ئایین. ئەو بیری لە هیچ دەرفەتێکی تر نەدەکردەوە. لە قاهیرەش هیچ ڕێگەیەکی تر بە خەیاڵیدا نایەت و بەدوای ئەوەوەیە ببێتە مەلا. ساڵێک لە مزگەوتێکی نزیک قاهیرە دەبێ و پاشان لە ئەزهەر وەردەگیرێ. کە لە ئەزهەر وەرگیرای و بڕوانامەشت وەرگرت تەنیا کەسێکی موسڵمانی و یەک ناسنامەت هەیە و نابێ بە دوای ناسنامەی دیکەدا بگەڕێی. فەرەج کە سروشتێکی کوردانەی هەیە، خەیاڵی وەڵات لە سەری دەرناچێ، بەڵام بیر لە گەڕانەوە ناکاتەوە.
ئێواران لە گەڕەکی کوردان خۆی دەبینێتەوە، شەوان فەلسەفە دەخوێنێتەوە. بیر دەکاتەوە و دەزانێت دەبێ کارێک بکات. فەرەجوڵڵا بڕوای بە هێزی وشە هەیە و کارێکی پیرۆز و گەورە دەکات. لە دوورەوڵاتی، بە بەلەنگازی (چاپخانەی کوردستان) دادەمەزرێنێت. نووسەر ئەوەشمان بیر دێنێتەوە کە یەکەم کتێب کە ویستوویەتی چاپی بکات کتێبێکی (ئیبن تەیمییە) بووە!
عەبدوڵڵا جەودەت لە ماڵباتێکی زازا لە دیاربەکر لە دایک بووە کە چاوی بە دونیا هەڵدێنێت باوکی دەڵێ؛ ناوچاوانی دەخوێنمەوە؛ نووسراوە خزمەتکارێکی گەورەی خەلافەت. دایکی جەودەت بە دەنگێگی نزم گۆرانی بە کوردی دەسترێ و جەودەت تێناگات.
باوکی جەودەت پیاوی دەوڵەتی عوسمانییە و کوڕەکەی فێری زانست دەکات کەچی پێی نەگوتووە کە ئێمە کێین، جارێک شیعرێکی فەقێ تەیرانی بە گوێیدا نەچرپاندووە. مامی جەودەت پیاوی ئایین بووە کەچی ڕۆژێک بەیتێکی جزیری بۆ نەخوێندووتەوە. جەودەت لە ئامەد دەژی و بۆی یەکلا بووتەوە کە دانیشتووی ئیمپراتورییەتی عوسمانلییە. کەچی لە نێوان باوەڕداری و زانستخوازییدا سەرگەردانە، عەبدوڵڵا هەمان پرسیارانەی تورکێکی عوسمانلی کە سوور بووە لە سەر تورکبوونی خۆی بۆ دروست بووە. بیری لێ نەکردووتەوە یان بۆیان نەخستووتە بەردەمی کە کێیە؟ پرسیاری ئەوەی کە ئامەد چ خاکێکە و چۆن خۆی پێناسە بکات نەکردووە. جەودەت هەتا لە ئامەدە گێژێکە کە نە خۆی دەناسێت نە ناسنامەی خۆی دۆزیوەتەوە.
میران ئابراهام بە لێزانی باسی دیاربەکری ئەوسا دەکات؛ (دیاربەکر چوارڕێیانێکی گێژاوی شارستانییەتەکان بوو؛ خوێنی کورد بوو، لە یاسادا عوسمانلی بوو، لە ناسنامەدا عەرەب و ئیسلامی بوو، لە حوکم و شمشێردا تورک بوو) ئێستاش هەر وایە.
جەودەت کە دەڕواتە ئیستانبۆل بۆ خوێندن لە قوتابخانەی پزیشکیی شاهانە، وا دەزانێت کەسێکی زۆر گرنگە. ئاناتۆمی دەخوێنێت و پرسیارگەلی بۆی دروست دەبێ کە پرسیاری ئەو نین. لەوێ ئیسحاق سکووتی کە خەڵکی دیاربەکرە دەناسێت و دەبێتە هاورێی. ئاشنای لۆبۆن، سپێنسەر، … دەبێ. ژووری ئیسحاق پڕ بوو لە کتێبی فەرەنسی، تورکی و هەندێک ئەڵمانی. لەوێ وێنەی ڤۆلتێر دەبینێ، کەچی نە جەودەت و نە ئیسحاق نازانن خانی کێیە. پێویست بوو عەبدوڵڵا کتێبەکانی فیشتە و هێردێر بخوێنێتەوە. عەبدوڵڵا جەودەت یەکەم وتاری لە ژێر ناوی (لە نێوان نوێژ و لۆژیکدا) نووسیوە!
هەمووان دەیانزانی ئیمپراتوریی عوسمانی وا هەڵدەوەرێت. عەبدوڵڵا جەودەت یەکێ لە دامەزرێنەرانی
(کۆمەلەی ئیتحاد و تەرەقی) بوو، عەبدوڵڵا خەون بە کۆمەڵگەیەکی عوسمانیی سکۆلارەوە دەبینێت.
لە کۆبوونەوەکانی کۆمیتەی ئیتحاد و تەرەقی، کەمال ئاتاتورک، ئەنوەرپاشا، … ناسنامەیان هەبوو و سوور بوون لەسەر تورکبوونی خۆیان، لەسەر ئەوەی کە دەبێ سیستەمی نوێ لەسەر بناغەی تورکبوون دامەزرێ. عەبدوڵڵا پێی وابوو دەتوانێت هەوڵ بدات بۆ ئەوەی هەموو گەلانی عوسمانی لە سیستەمی نوێی تورکیا ئازاد بن. عەبدوڵڵا جەودەت خوێندەوارترین کەسی کۆمیتەی ئیتحاد و تەرەقی بوو و مستەفا کەمال ئەوی بە باوکی ڕۆحیی خۆی دەناسی بەڵام گێل بوو و خۆی نەدۆزیبووەوە.
ئەوە گەمژەییە مرۆڤ ڕێنوێنی بە داگیرکەرەکەی بکات و پێی وابێ بە خزمەتکردنی داگیرکەر دەتوانێت مافی دەستەبەر بکات.
جارێکیان دکتۆر عەبدوڵڵا جەودەت ئەفەندی سەردانی ماڵی باوکی لە دیاربەکر دەکات، ئامۆزایەکەی تەمەنی هەژدە ساڵ بوو، خەنجەرێکی لە کەلەکەی توند کردبوو و پێی دەڵێ؛ لەم ڕۆژانە پێویستمان بە تۆیە.
ئامۆزاکەی نازانێت سکۆلاریزم چییە، بەڵام دەزانێ عوسمانی وا دەڕووخێن و کورد دەبێ خۆی ڕێک بخا. ئامۆزا گەنجەکەی خۆی ناسیوە، لە عەبدوڵڵا وریاتر بووە. عەبدوڵڵا هەر لە خەیالی عوسمانیی سکۆلار دابوو و نەیدەزانی بەدرخانییەکان کێن و بۆ دوور خراونەتەوە، نەیدەزانی لەسەر ئەم خاکە داگیرکراوە مێرخاسێکی وەک عبدالسلام بارزانی بێ ئەوەی وێنەی ڤۆلتێری بینیبێت بە گوێگرتن لە دەنگی ناخی خۆی، سروشتی خۆی و جڤاکەکەی ناسیوە، بە سادەیی داوای سەرەتاییترین مافەکانی کوردی کردووە. عەبدوڵڵا دەڵێ؛ دەبێ بگەرێمەوە ئیستانبۆل. ئامۆزا گەنجەکەی پێی دەڵێ؛ (تۆ بۆ ناو و شۆرەت، پشت لە گەلی خۆت دەکەیت!)
عەبدوڵڵا دەگەرێتەوە ئیستانبۆل و لەوێ دەگیرێ، دەخرێتە زیندان و سووکایەتیی پێ دەکرێ. عەبدوڵڵا بیر ناکاتەوە تەنیا دوو کەس لە سەرکردایەتی (ئیتحاد و تەرەقی) دەگیرێن، هەردووکیان کورد بوون. عەبدوڵڵا کە ئازاد دەکرێ، وەک پزیشک لە ئیستانبۆل کار دەکات و هاوکات بە نهێنی وەک سەرکردەی ئیتحاد و تەرەقی خەباتی دەکرد. ئەرێ بەڕاست عەبدوڵڵا ئەسپێک بووە کە بە پەرۆ لاچاوەکانی گیراوە و تەنیا ڕێگەی گەیشتن بە عوسمانلیی سکۆلار دەبینێت؟.
میران ئابراهام بیرمان دەخاتەوە لەم سەردەمەشدا، عەبدوڵڵایەکی تر هەیە کە تەنیا یەک ڕێگە دەناسێت، باوەری بە پێڤاژۆی کۆمەڵگەی دیموکرات لە تورکیا هەیە و پرسیارمان لێ دەکات: تۆ بڵێی کاریگەریی سەدان ساڵ ژێردەستەیی بێ؟
عەبدوڵڵا جەودەت و ئیسحاق سکووتی بۆ ترابلۆس دوور دەخرێنەوە و لەوێ بەرەو ئەورووپا ڕادەکەن، لە ئەورووپاش عەبدوڵڵا هەر لە نێو چوارچێوەیەکی دیاریکراودا بیردەکاتەوە. هەر خەریکی خوێندنەوەی فەلسەفە و بیرۆکە نوێیەکانی ئەورووپا دەبێ، بە دوای دیرۆکی عوسمانلی و کورددا نەدەڕۆییشت. عەبدوڵڵا جەودەت نەیدزانی ناسیۆنالیزم وەک سکۆلاریزم چەمکی مۆدێرنە. نەیدەزانی تەنیا ناسیۆنالیزمە نەتەوە دروست دەکات، ناسیۆنالیزم جیاوازە لە فاشیزم و گەلی ژێردەست نابێتە فاشیست.
یەکەم زەنگی هۆشیاربوونەوەی عەبدوڵڵا جەودەت لە دیداری لەگەڵ عەبدولرەزاق بەدرخان لێ درا. یەکەم جار لەدیدارێکدا باسی زمانی کوردی و کوردستانی لەگەڵ کرا. لەدوای ئەو دیدارەدا پرسیاری ناسنامەی لە خۆی کرد؟ نە تورکم، نە عەرەبم. من کێم؟ ئایا مرۆڤ دەتوانێت بە زمانی یەکێکی تر، خەون بە ئازادیی خۆیەوە ببینێت؟ لەوێ بڕیار دەدا ئەحمەدی خانیش بخوێنێتەوە و دەربارەی برینی کورد بنووسێت.
دووەم دیداری گرنگی عەبدوڵڵا جەودەت کە هاوکار دەبێ بۆ هۆشیاربوونەوەی، لەگەڵ تیۆدۆر هێرتزل دەبێ. کاریگەریی دیداری هێرتزل وای کردووە بیر بکاتەوە و لە نامەیەکدا کە بۆ هێرتزل دەنووسێت باسی (یادەوەری، زمان، مافی گەلێک بۆ ناونانی خۆی) دەکات. لەوێ بۆ یەکەم جار بە دڵێکی پڕ لە حەسرەتەوە دەفتەری یادداشتەکانی دەکاتەوە و دەنووسێت؛ ئەز کوردم.
کە بۆ دواجار ئیسحاق سکووتی بە نەخۆشی دەبینێت، هەردووکیان گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی کە ئیتحاد و تەرەقی ماڵی ئەوان نەبوو، هەرچەندە خۆیان ئاڤایان کردبوو. تێگەیشتبوون کە دەبوو شەڕی کوردبوونیان کردبا. عەبدوڵڵا جەودەت تا ڕادەیەک لە دۆخی دەوروبەری گەیشتووە بەڵام هێشتا نازانێ چ بکات. هەڵدەستێ گۆڤاری ئیجتیهاد بە تورکی و فەڕەنسی دەردەکات، یەکەم ژمارەی ئیجتیهاد وتارێکی لەسەر پێویستیی جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت تێدایە. پارچە نووسینێکی دەربارەی زمانی کوردی و پەروەردە تێدایە. لە ئەورووپا دەزانن عەبدوڵڵا جەودەت کوردە بەڵام بەوە دەناسرێ کە دەیەوێ لە ڕێگەی عەقڵ و ژیرییەوە، ئیسلام ببووژێنێتەوە! عەبدوڵڵا جەودەت خوویەکی خراپی گرتووە و بەردەوام لەگەڵ پیاوانی عوسمانلی و تورکە گەنجەکان دادەنیشێت. مستەفا کەمال لە دانیشتنێکدا بە عەبدوڵڵا جەودەت دەڵێ؛ (ئەو گەلانەی بڕیار لە چارەنووسی خۆیان نادەن و دەسەڵات بنیاد نانێن، دەبنە بەشێک لە مێژووی ڕابردوو). لەو دیدارەدا مستەفا کەمال وەک فاشیستێک قسە دەکات و نکۆڵی لە کورد دەکا کەچی عەبدوڵڵا ڕۆژی دواتر نامەیەکی بۆ دەنووسێت و دەڵێ: من ناسیۆنالیست نیم! عەبدوڵڵا جەودەت لە زانکۆی جنێڤ قوتابییەکی ئێرنێست ڕێنان دەبینێ کەچی بە دوای تیوورییەکانی ئێرنێست ڕێنان لەسەر نەتەوەدا نەگەڕاوە.
ئەو زۆر جار بیر لە دایکی و لە دیاربەکر دەکاتەوە و قسەی ئیسحاقی هاوڕێی بیر دێتەوە (من و تۆ گەڕانەویەک بۆ دیاربەکر قەرزارین)، بەڵام پێدەچێت بوێریی بڕیاردانی نەبێت. پەیوەستبوون بە زێد و خاکی باب و کالان، هەستێکی پیرۆزە و هۆشیاریی گەرەکە، عەبدوڵڵا پەیوەست نەبوو.
بەشداریی لە کۆبوونەوەی بیرمەندە جووەکان دەکات. بیر لەوە ناکاتەوە کە ئەو یەکێ لە دامەزرێنەرانی (ئیتحاد و تەرەقی) بوو، پێویستە ڕێکخراوێک یان دامەزراوەیەکی کوردی دابمەزرێنێت. هۆشیاری بریتییە لە خۆناسین و هەوڵدان بۆ گەییشتن بە ئامانجێکی پیرۆز.
عەبدوڵڵا نە دەگەڕێتەوە کوردستان، نە ڕێکخراوێکی کوردی دادەمەزرێنێت، بیر لە ئەوە دەکاتەوە بڕواتە قاهیرە. لە نامەکەیدا بۆ فەرەجوڵڵا داوا دەکات کە هاوکاریی بکات، دەنووسێت: بڕیارم دابوو پردێک بم لە نێوان ئەو ڕۆحە ئەوروپایییەی پێی سەرسامم، ئەو جیهانە عوسمانییەی ناتوانم وازی لێ بهێنم و لێی دابڕێم) .
لێرە میران ئابراهام پێمان دەڵێ؛ هێشتا عەبدوڵڵا نەگەیشتووەتە هۆشیاری، خۆی نەدۆزیوەتەوە.
بەرلەوەی عەبدوڵڵا جەودەت بڕواتە قاهیرە، فەرەجوڵڵا تێکەڵ بە کوردی خوێندەواری وەک ماڵباتی بەدرخانییەکان بووە، لە ڕووی فیکری نەتەوەییەوە گەشەی کردووە. عەبدوڵڵا جەودەت کە دەگاتە قاهیرە، سەرسام بە هزر و خەباتی فەرەجوڵڵا و بازنەی کوردانی قاهیرە دەبێت و ئەویش تا ڕادەیەک خۆی دەدۆزێتەوە. بەیەکەوە و بە هاوکاریی بەدرخانییەکان ئەوەندەی دەزانن و دەتوانن کاری باش دەکەن کە نووسەر لە ڕۆمانەکەیدا باسی کردووە.
ئەوان هیچ ڕووداوێک ناخوڵقێنن.
کوردانی قاهیرە لەگەڵ یەکتری کۆ دەبوونەوە و قسەیان دەکرد، بەڵام نەدەگەیشتنە ئەوەی یەک وتار، پەیامێکی سەردەمیانە بنووسن.
نووسەر پێمان دەڵێ ئەوان چەند خوێندەواریش بن هەر خاو مابوونەوە. عەبدولرەزاق بەدرخان و عەبدوڵڵا جەودەت کە لە سەفەرێکی ئیستانبۆل دەگەڕێنەوە؛ فەرەجوڵڵا دەیابنینێت، لەوێ عەبدوڵڵا جەودەت بە دەنگێکی پڕ متمانەوە دەڵێ؛ لە ئیستانبۆل ئەفسەرانی گەنج و خوێنگەرمی تورکم بینی، بۆ هاوکاریی لەگەڵ کورد، دڵ و دەرگایان کراوە بوو. نووسەر لە زمانی کارەکتەرەکەیەوە باسی شەریف پاشای خەندان دەکات؛ لە ١ ی ئازاری ١٩٢٠دا نامەیەکی بۆ ئەنجوومەنی کۆنفڕانسی ئاشتی نووسیبوو و ئاراستەی (کۆمەڵەی نەتەوەکان)ی کردبوو و داوای مافی گەلی کوردی کردبوو. بەڵام دوای دوو مانگ شەریف پاشا لە ٢٣ی نیسانی ١٩٢٠دا دەنووسێت؛ (بەوپەڕی دڵسۆزییەوە بۆ تەختی پیرۆزی خەلیفە، دەست لە پۆستی سەرۆکی شاندی کوردی هەڵدەگرێت). نووسەر بیرمان دەخاتەوە کە ٩٧ ساڵ دوای شەریف پاشا، لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ بەشێکی هێزی سیاسیی کوردستان لە ڕێفراندۆم پاشگەز بوونەوە و ملکەچی بەغدا بوون.
فەرەجوڵڵا لە قاهیرە دواهەناسە هەڵدەمژێ و عەبدوڵڵا جەودەت دوا دیمەن کە دەبینێ ئیستانبۆلە، هیچ کامیان ناگەرێنەوە زێدی خۆیان.
میران لە پێشاندانی وێنای ڕۆمان خافڵ نەبووە و توانای دەڕبرینی خۆی پێشان دەدات؛ (کاتێک گەیشتمە سەر گۆڕەکەی، لەو بێدەنگییەدا لە نادیارەوە گوێم لە سۆزێکی ئەفسووناوی بوو. ڕاچڵەکیم. چەند ساتێک گوێم هەڵخست تا دەنگەکەم ناسییەوە؛ دەنگی تەمبوور بوو. بە ڕیتمێکی دڵتەنگ و قوول، وەک هەڵمێک لەسەر گۆڕەکەی بەهیە بەرز دەبوویەوە. پاشان دەنگی ‘یاران’ .. بەڵێ، ئەوە ‘چەمەریی یاران’ بوو، ئەو ئاوازەی بەهیە بۆی باس کردبووم و بۆی چڕیبووم. دوو دەنگی دیکە تێکەڵ بە دەنگی یاران دەبوون، کچێک و کوڕێک … یان دوو کچ بوون. وەک دەنگێک لە قووڵایی مێژووەوە، دەنگێک لە ئەزەلەوە.
میران ئابراهام وەک بەدرخانییەکان، فەرەجوڵڵا و عەبدوڵڵا جەودەت بڕوای بە هێزی وشە و نووسین هەیە. لەم ڕۆمانەدا پرسی زمان، ناسنامە، هۆشیاری، ماف و نەتەوە دەخاتە بەردەم خوێنەر. میران باسی چەمکێکی مۆدێرن (کوردایەتی) دەکات و بە خوێنەرانی دەڵێ؛ سەردەمیانە بیر بکەنەوە و لە ڕابردوو وانە وەرگرن و بنەماکان فێر بن. پێمان دەڵێ؛ دیرۆک بخوێننەوە کە ئێمەی کورد بە قسەی داگیرکەران و بە ناوی دینەوە چیمان کردووە و شەرمەزاری کوردی جوو، ئێزدی و مەسیحین.
میران ئابراهام دەڵێت؛ وەک کورد، وەک نەتەوە با چیدی لەگەڵ خەم و ئازارەکانمان شیوەن نەگێرین. با ئیرادەکانمان کۆ بکەینەوە و بانگی ئازادی نەتەوەیەک بدەین.