کێشەی کوردستان و بەغدا

کێشەی کوردستان و بەغدا
کێشەی کوردستان و بەغدا

ڕەنگەکانی فاشیزم

ساڵی 2019 لە سەر شەقامێکی بەغدا گەنجێکی ڕەنگخۆشی ڕێکپووشی عەرەب  لە بەردەم کامێراکان داوای دەکرد بودجەی هەرێمی کوردستان ببڕن، کە لێیان پرسی چما؟ وەڵامی ئەوە بوو؛ بۆچی شارەکانی  کوردستان وا ئاوەدانە و بەغدا و باشووری عێراق وا کاولن. ئەو ژنە عەرەبە خۆی بە دەرچوویەکی زانکۆ ناساندبوو کە کاری دەست ناکەوێ و یەکێک بوو لەو سەدان نارازییە عێراقیە کە بۆ ماوەیەک لەسەر شەقامەکانی بەغدا کۆ ببوونەوە، ئەوان بە تشرینییەکان دەناسران و بۆ دژایەتیکردنی گەندەڵی و بەرهەڵستی مافیاکانی دەسەڵات لە بەغدا دەیان ڕۆژ لەسەر شەقامەکانی بەغدا مانەوە. لە پڕ ڕا یەکێک لە داوا سەرەکییەکانیان بوو بە دژایەتی کوردستان. پێدەچی عەرەب بێزارە لە ئاوەدانی کوردستان و بگرە چاوی بە هەوای پاکی کوردستانیش هەلنایێ.

ئەوێ ساڵێ  لە بەغدا بە بەرچاوی هەموو هێزە فەرمی و میلیشیاکان، سەرکردەیەکی عێراقی کە ناوێکی دیاری نێو بازنەی دەسەڵاتی شیعە بوو کۆژرا. ئەمەریکییەکان بە فەرمی ڕایانگەیاند کە هێزەکانی ئەمەریکی ئەو سەرکردەیان کوشتووە. دەسەڵاتی بەغدا و هێزە پڕعەلەمەکانیان زاتی ئەوەیان نەکرد پرتەیەک بکەن، چەندی پێچوو هەر خۆیان هێنا و برد وەک ئەوەی بریارێکی مێژوویی بوێرانەیان دابێ، هەستان هەندێ شەلاتیان کۆ کردەوە و بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستانیان سووتاند و دەهۆلیان بۆ شاکارەکەیان دەکووتا وەک ئەوەی بارەگای پارتی، سەرای پێنتاگۆنە.

ئەگەر داعش دەستکردی دەزگا هەواڵگەرییەکان بووبێ بۆ تێکدانی جڤاکی سوننەی عێراق بەڵام بە ڕای هەندێ چاودێر کاردانەوەی ئەو دۆخە ستەمکارییە بووە کە دەسەڵاتی شیعە لەسەر ناوچەکانی زۆرینە سوننە دا سەپاندبوویان. داعش لە مانگی 6 هەتا مانگی 8ـی 2014 هەموو ئەو دەڤەرانەی کە زۆرینەیان سوننەی عەرەب بوون کۆنترۆل کرد. 

هەر واش بوو شیعەی حاکم بە بەغدا،  لە 2003 هەتا 2014دا، ئەوەی لە دەستیان هاتبوو بە سوننەی عێراقیان کرد، بە هەزاران سوننەی عەرەب ئاوارەی هەرێمی کوردستان ببوون و لێرە ڕێزیان لێ دەگیرا، داعشی سوننە وەک بڵێی کوێرەوەری 10 ساڵەیان بە دەستی کورد بووە، کوتومت پەلاماری کوردستانیان دا و تخوونی یەک شار و گوندی برا شیعە عەرەبەکانیان نەهاتن.

لە سەردەمی شەڕی داعش دا، بەغدا بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕی لە هەمان کاتدا بودجەی هەموو ئەو دەڤەرانەی لە ژێر کۆنترولی برا عەرەبەکانی داعشیان دابوو بە ڕێکی دەنێردرا. 

ئەم نموونانەی سەرەوە هەمووان پێی دەزانن و وەک تۆماری ڕۆژنامەوانی هەن.

کورد هەموو جۆرە دەسەڵاتێکی لە بەغدا بینیوە پاشایەتی، سۆسیالیستی، بەعسی و فیدراڵ و لە هەموویان دا هەڵسوکەوتی فاشیستیانەی عەرەب بەرانبەر کورد بەدی کراوە.

ئەنساری فاشیسزم

لە ساڵانی ڕابردوودا، بەغدا بەردەوام بە ڕەنگی جیا کێشەی بۆ کورد ناوەتەوە و لەم نێوەدا هەندێ کەسی کوردزمان لەسەر هەر دۆسیەیەک بێ، بێ یەک و دوو بە دەنگی جیا پشتگیری بەغدا دەکەن.

ئەمانە کێن و بۆچی بەردەوام بەدوای سنووردارکردنی ئازادییەکانی کورد و کەمکردنەوەی دەسەڵاتی کوردی وێڵن، لە کێشەکانی ئەم دواییەی نێوان کورد و بەغدا، هەندێ سیمای دیار هەن کە لەنێو هندێ حزبی سیاسی یان بزاڤی سیاسی پێگەیشتوون و بەدیار کەوتوون. هەندێکیان بە دەنگی خەڵکی کوردستان ڕۆیشتوونەتە بەغدا و دەبنە ئەندامی پەرلەمانی عێراق، کەچی دژی مافی دەنگدەری خۆی دەوەستێتەوە و ڕۆژێک باس لەو پۆخلاواتەی بەغدا ناکات.

لێرە دوو بابەت هەن کە جێی سەرەنجن؛ ئەرێ دژایەتی کورد و پاڵپشتیکردن بۆ بەغدا بەردەوامی ئەو نەریتەیە کە لە شۆرشی ئەیلول لە شەستەکانی سەدەی رابردوو بە فەرمی دەستی پێکردووە و بۆیان چووتە سەر یان یان دەگەرێتەوە سەر خۆیان کە نرخێکی دیاریان لای فاشیستەکان هەیە.

بابەتێکی دیکە ئەوەیە کە ئەم ئەنسارە لە ڕێگەی حزب یان بزاڤێکی کوردستانی پلەی سیاسیان دەست کەوتووە. ئەوان خۆیان بە نوێنەری خەلکی کوردستان دەزانن، بزاڤە سیاسییەکان خەریکە لە ناو دەچێ کەچی هیچ هەولێک بۆ رێکخستنەوەی بزاڤەکەیان نادەن.

نێزیکی هەموو تاکێکی کورد ئەم نیشتمانەی خۆش دەوێت و هەول بۆ پێشکەوتنی جڤاکی کوردی دەدات باش دەبێ ڕامانێکی لەسەر فاشیزم و ئەنساری فاشیزم هەبێ.