ئاسایشی هەرێمی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێگەی ستراتیژیی هەرێمی کوردستان

ئاسایشی هەرێمی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێگەی ستراتیژیی هەرێمی کوردستان
ئاسایشی هەرێمی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێگەی ستراتیژیی هەرێمی کوردستان

گۆڕانکارییە خێرا و ئاڵۆزەکانی دوای 7ی ئۆکتۆبەری 2023 و رووداوە سەربازییەکانی نێوان ئیران و ئیسرائیل، بەڕوونی ئاماژەن بۆ دەستپێکی قۆناخێکی نوێ لە هاوکێشەی ئاسایشی هەرێمی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لە کاتێکدا جیهان بەرەو چارەکی دووەمی سەدەی بیست و یەکەم دەڕوات، ناوچەکە هێشتا رووبەڕووی گرفتێکی کەڵەکەبوو دەبێتەوە، کە دەکرێت ناوی لێ بنێن "کەم و کوڕیی ئاسایشی".

ناکرێت باس لە داهاتووی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و رێکخستنە ئاسایشییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکرێت، بێ تێگەیشتن لە چەمکی "کۆمەڵگەی ئاسایشی هەرێمی" و رەنگدانەوەی لەسەر قەوارە و ئەکتەرەکانی ناوچەکە، بە تایبەت لەسەر هەرێمی کوردستان.

بەپێی تیۆری باری بۆزان سەبارەت بە "تێکەڵەی ئاسایشی هەرێمی"، دروستبوونی سیستەمێکی ئاسایشی کۆمەڵەیی کارا پێویستی بە تێگەیشتنی هاوبەش هەیە لەسەر سێ پرسیار، چی دەپارێزرێت؟ کێ هەڕەشەیە؟ و کێ چەمکی ئاسایش دیاری دەکات؟

مێژووی حەوت دەیەی رابردووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەریخستووە، کە کولتوورێکی ئاسایشی نائاسایی سەری هەڵداوە کە رێگر بووە لە دروستبوونی هاوپەیمانییەکی جێگیر.

هۆکاری ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ گۆڕانی جەمسەربەندییەکان و پەیماننامەکانی وەکو "رێککەوتننامەی ئیبراهیمی"، کە تێگەیشتنی دەوڵەتانی بۆ چەمکی "دوژمن و هاوپەیمان" بەتەواوی گۆڕیوە، ئەمە بێجگە لە باڵادەستی روانگەی سەربازی و خۆپڕچەککردن لەسەر حیسابی ئاسایشی خۆراك، وزە و ژیریی دەستکرد.

لە لایەکی ترەوە بێ ئومێدییەك بەرامبەر بە رێکخراوە هەرێمییەکانی، وەکوو کۆمکاری عەرەبی، بەهۆی کێبڕکێی جەمسەرەکان درووست بووە.

هەرێمی کوردستان وەکوو ئەکتەرێکی سەقامگیر و کارای ناوچەکە، کە لە رووی دەستورییەوە سەنگی خۆی هەیە، بە هۆی گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییە کەوتووەتە ناو جەرگەی ململانێکان.

بە دڵنیاییەوە ناکرێت ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە ئاسایشی عێراق و دەوروبەرەکەی جیا بکرێتەو، چونکە بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێم لەم قۆناغەدا گرێدراوە بە دابینکردنی ئاسایشی رەها و پاراستنی قەوارەی دەستووری.

ئێمە پێمان وایە لە سایەی ململانێی هێزە هەرێمییەکان (ئێران، تورکیا و ئیسرائیل) لەسەر خاکی عێراق، بەرژەوەندیی باڵای هەرێم لەوەدایە، نەکەوێتە ناو هیچ ململانێیەکی سەربازیی راستەوخۆ و رێگری بکات لەوەی خاكی کوردستان ببیێت بە مەیدانی یەکلاکردنەوەی حسابی هێزە دەرەکییەکان.

هەروەها ئێمە پێمان وایە کوردستان دەتوانێ کارتەکانی بەهێزی خۆی بەکار بهێنێت، بۆ نموونە، لە کاتێکدا وزە بووەتە کارتی سەرەکی لە دروستکردنی هاوپەیمانییە نوێیەکان، پاراستنی ژێرخانی وزەی هەرێمی کوردستان و سەربەخۆیی ئابووری، فاکتەرێکی یەکلاکەرەوە دەبن بۆ مانەوەی سیاسی و بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی لەگەڵ هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان.

پێویستە هەرێمی کوردستان توانای سەربازی و تەکنەلۆژی خۆی هاوشێوەی وڵاتانی ناوچەکە زیاد بکات، چ پەیوەست بێت بە هێزی پێشمەرگە، یان بە تۆکمەکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و ئاسایشی دیجیتاڵی، بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە نائاساییەکان.

ئەوەی دەخوێندرێتەوە، داهاتووی ئاسایشی هەرێمی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو فرەجەمسەری و هاوپەیمانیی کاتی دەڕوات، بۆیە تاکە رێگە لەبەردەم پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێمی کوردستان تێگەیشتنە لەم کولتوورە ئاسایشییە گۆڕاوە و بەکارهێنانی دیپلۆماسیی هاوسەنگە.

پێویستە هەرێمی کوردستان وەکوو فاکتەری سەقامگیری لە ناوچەکە کارایانە کار بکات، تاوەکو لە هەر چوارچێوەیەکی ئاسایشی کۆمەڵەیی نوێدا، کە لە داهاتوویەکی نزیك شێوە دەگرێت، پێگە و مافە دەستوورییەکانی بە پارێزراوی بمێننەوە و هەنگاو بەرەو ئایندەسازی و نیشتمانسازی و دەوڵەتسازی بنێت.