فاتح مەولەویزادە
نووسەر
نیشانەی پیۆسی نۆیەم؛ دانپێدانان بە رۆڵی مێژوویی سەرۆک بارزانی و پەیامێک بۆ پێکەوە ژیان
بەخشینی «نیشانەی پاپا پیۆسی نۆیەم» بە جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی لە 20ی ئابی 2026، نابێت تەنیا وەک رووداوێکی پڕۆتۆکۆلی یان رێوڕەسمێکی دیپلۆماسی وێنا بکرێت؛ بەڵکوو ئەم هەنگاوە دانپێدانانێکی بەرزی ڤاتیکانە بە رۆڵی سیاسی، نەتەوەیی و مرۆیی سەرۆک بارزانی لە پاراستنی ئاشتی، ئازادیی ئایینی و مافەکانی پێکهاتە جیاوازەکان.
«نیشانەی پیۆسی نۆیەم» لە 17ی حوزەیرانی 1847 دامەزراوە و یەکێکە لە بەرزترین نیشانە چالاکە پاپاییەکانی ڤاتیکان. ئامانج لە بەخشینی بە هەر کەسایەتییەک، رێزلێنانە لەو کەسایەتییانەی بە کردار خزمەتی ئاشتی، مرۆڤایەتی، کۆمەڵگە، پەیوەندیی نێودەوڵەتی و نزیککردنەوەی نێوان گەل و ئایینەکان دەکەن. بۆیە ئەم نیشانە تەنیا بە پێگەی سیاسیی کەسێک نابەخشرێت؛ بەڵکوو هەڵوێست، کردار و کاریگەریی مرۆیی و نێودەوڵەتیی وەرگرەکە لەبەرچاو دەگیرێت.
پێشتر ژمارەیەک لە سەرکردە و کەسایەتییە دیارەکانی جیهان، ئەم نیشانەیە، یان یەکێک لە پلەکانیان وەرگرتووە؛ لەوانە شا چارڵسی سێیەمی بەریتانیا؛ خوان کارلۆسی یەکەم، پاشای پێشووی ئیسپانیا؛ جاک شیراک، سەرۆکی پێشووی فەرەنسا؛ سێرجۆ ماتاریلا، سەرۆک کۆماری ئیتالیا؛ هەروەها جۆرجۆ ناپۆلیتانو و فرانچیسکۆ کۆسیگا، سەرۆک کۆمارانی پێشووی ئیتالیا. بوونی ئەم ناوانە وەک کەسایەتی لە ناو لیستی وەرگرانی نیشانەکە، بایەخ و گرنگی تایبەتی هەیە، هەر ئەم هەنگاوەش دەرخەری ئاست بەرزی سیاسی و دیپلۆماسیی وەرگری نیشانەکە دەردەخات.
بە پێشنیازی کاردیناڵ لوئیس ڕافائیل ساکۆ، پاپا لیۆی چواردەیەم ئەم نیشانەی بە جەنابی سەرۆک بارزانی بەخشی. نیشانەکە بە ناوی پاپا پیۆسی نۆیەمە و لەلایەن پاپا لیۆی چواردەیەمەوە بەخشراوە؛ پاپا فرانسیس پێشتر بە ئاشکرا ڕێزی لە هەڵوێستی بارزانی و گەلی کوردستان لە پاراستنی مەسیحییەکان و پێکەوەژیانی ئایینی گرتبوو.
هەڵبژاردنی سەرۆک بارزانی بەرهەمی هەڵوێستێکی کاتی یان بڕیارێکی سیاسیی رۆژانە نییە؛ بەڵکوو ئەنجامی رێبازێکی درێژخایەنە، کە جیاوازیی ئایینی و نەتەوەیی بە سەرچاوەی دەوڵەمەندیی کۆمەڵگە دەزانێت.
لە سەردەمی هێرشی داعشدا، کوردستان دەرگاکانی بە رووی هەزاران مەسیحی، ئێزدی، کاکەیی و لێقەوماوی پێکهاتەکانی دیکە کردەوە. لە هەمان کاتدا، پێشمەرگە بە قوربانیدان بەرگریی لە خاک، ژیان و کەرامەتی مرۆڤەکان کرد، بەبێ ئەوەی ئایین یان ناسنامەی نەتەوەییان بکاتە پێوەری مامەڵەکردن.
گرنگی ئەم نیشانە بۆ کورد لەوەدایە، کە هەڵوێستی مرۆیی کوردستان لە چوارچێوەیەکی جیهانیدا ناسێنراوە. ڤاتیکان، وەک دامەزراوەیەکی رۆحی و دیپلۆماسیی کاریگەر، بە بەخشینی ئەم نیشانە ئەو راستییەی دووپات کردووەتەوە کە، کوردستان دەتوانێت لە ناوچەیەکی پڕ لە ناکۆکیی ئایینی و نەتەوەییدا، نموونەی پێکەوەژیان و قبوڵکردنی جیاوازییەکان بێت.
لەبەر ئەوە، ئەم نیشانە تەنیا رێزلێنان لە سەرکردەیەک نییە؛ بەڵکوو رێزلێنانە لە رێبازێک، لە قوربانیی پێشمەرگە و لە کولتووری میوانداری و لێبووردەیی گەلی کوردستان. پەیامی کۆتایی نیشانەکە روونە: سەرکردایەتیی راستەقینە بە فراوانی دەسەڵات ناپێورێت، بەڵکوو بە توانای پاراستنی مرۆڤ، کەرامەت، ئاشتی و مافی جیاوازبوون دەپێورێت؛ ئەو بەهایانەی کە سەرۆک بارزانی کردوونی بە بەشێکی دیار لە ناسنامەی سیاسی و مرۆیی کوردستان.