پیرۆ تاران بە دروستکردنی ئاستەنگ لە گەرووی هورمز تۆمەتبار دەکات
حکوومەتی پیرۆ بە فەرمی بڕیاری دا پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران بپچڕێنێت، ئەمەش بەهۆی تێوەگلانی تاران لە پەرەپێدانی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دروستکردنی ئاستەنگ بۆ جووڵەی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز.
وەزارەتی دەرەوەی پیرۆ لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، بڕیاری بڕینی پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای هەڵوێستی مێژوویی وڵاتەکەیان هاتووە کە هەمیشە پشتیوانی لە ئاشتی نێودەوڵەتی دەکات. لیما، تارانی تۆمەتبار کردووە بەوەی هاندەری پەرەپێدانی ململانێکانە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەبێتە هۆی پەکخستنی هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز، کە یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوە ئاوییەکانی جیهان بۆ وزە و بازرگانی.
ئەم بڕیارەی پیرۆ لە کاتێکدایە، رووبەڕووبوونەوەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا گەیشتوونەتە ئاستێکی باڵا و کاریگەرییان لەسەر ئاسایشی دەریاکان دروست کردووە.
پێشتر کۆمەڵەی بیست (G20) داوای دەستەبەرکردنی کەشتیوانییەکی ئارام و ئازادیان لەو ناوچەیەدا کردبوو. چاودێران پێیان وایە ئەم هەنگاوەی پیرۆ وەک دەوڵەتێکی ئەمریکای لاتین، پەرەسەندنێکی دیپلۆماسی بەرچاوە و نیشانەی ئەوەیە لێکەوتەکانی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سنوورە جوگرافییەکانی تێپەڕاندووە.
پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان هەردوو وڵات بۆ 20ـی تشرینی دووەمی 1973 دەگەڕێتەوە، کاتێک لە سەردەمی شا محەمەد رەزا پەهلەوی و خوان ڤیلاسکۆ ئەلڤارادۆی سەرۆکی ئەو کاتەی پیرۆ دەستی پێکرد. لە حەفتاکاندا ئێران هاوکارییەکی ئابووری بەرچاوی پیرۆی کردووە و قەرزێکی 100 ملیۆن دۆلاریی بۆ پڕۆژەیەکی نەوتی لەو وڵاتە تەرخان کردبوو.
دوای کردنەوەی باڵیۆزخانەی پیرۆ لە تاران لە ساڵی 1977، دواتر بەهۆی کێشەی داراییەوە داخرا و لەو کاتەوە پەیوەندییەکان لە ئاستێکی سنوورداردا مابوونەوە. پێش ئەم بڕیارەی ئێستا، ئێران لە رێگەی باڵیۆزخانەکەی لە ئیکوادۆرەوە سەرپەرشتی پەیوەندییەکانی لەگەڵ پێرو دەکرد.
سەرەڕای پچڕاندنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان، وەزارەتی دەرەوەی پیرۆ ئاماژەی کردووە، پەیوەندییە کۆنسوڵگەرییەکان نامێننەوە و بەردەوام دەبن. ئەمەش بە مەبەستی پاراستنی بەرژەوەندییەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە هاووڵاتیانی هەردوو وڵات. حکوومەتی پیرۆ بە فەرمی باڵیۆزخانەی ئێرانی لە ئیکوادۆر لەم بڕیارە ئاگادار کردووەتەوە.
هۆکاری سەرەکییەکەی پچڕاندنی ئەم پەیوەندییەی نێوان لیما و تاران بۆ پرسی ئاسایشی کەشتیوانی و ناسەقامگیریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگەڕێتەوە.