د. سامان سۆرانی
نووسەر
مەسرور بارزانی و ئیمارات ئاسۆیەکی نوێی هاوبەشیی ستراتیژی
پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی ئیماراتی عەرەبیی یەکگرتوو تەنیا پەیوەندییەکی دیپلۆماسیی ئاسایی و پرۆتۆکۆڵی نییە، بەڵکو هاوبەشییەکی ستراتیژیی قووڵ و فرەرەهەندە کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش، سەقامگیریی هەرێمایەتی و گەشەپێدانی ئابووری داڕێژراون.
لە روانگەی تیۆریی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانەوە، لە ناوچەیەکی ئاڵۆزی وەکوو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هاوکاریی نێوان هەولێر و ئەبوزەبی نموونەیەکی سەرکەوتووی دیپلۆماسی و بەیەکەوەبەستنی بەرژەوەندییەکانە بۆ بەدیهێنانی ئارامی و گەشەپێدان.
لە سەرانسەری ئەم رەوتی گەشەسەندنەدا، بەڕێز مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رۆڵێکی سەرەکی و دەستپێشخەرانەی گێڕاوە لە گۆڕینی ئەم پەیوەندییانە بۆ هاوبەشییەکی ستراتیژیی درێژخایەن. سەردانە فەرمی و بەردەوامەکانی بەڕێزیان بۆ ئیمارات و پێشوازی لێکردنی گەرم لە بەرزترین ئاستی سهرکردایەتیی ئەو وڵاتە، لە سەرۆکی دەوڵەت شێخ محەممەد بن زاید ئال نەهیان تا جێگری سەرۆکی دەوڵەت شێخ محەممەد بن راشد ئال مەکتوم، نیشانەی رێزێکی قووڵی دیپلۆماسی و متمانەی بەرزی نێودەوڵەتییە بە ئیرادە و دیدگای گەشەپێدانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان. ئەم جووڵە دیپلۆماسییانە رەنگدانەوەی ستراتیژیەتی دیپلۆماسیی ئابووری و تیۆریی بەستنەوەی بەرژەوەندییە ژێرخانییەکانن، کە توانیویانە هەرێمی کوردستان وەکوو کارەکتەرێکی کار و دەستووری رێزلێگیراو، بەرپڕسیار و سەقامگیر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نیشان بدەن.
هاوبەشیی ستراتیژیی نێوان هەولێر و ئەبوزەبی لەسەر چەندین پایەی بەیەکەوەبەستراو راوەستاوە. ئەگەر لە رەهەندی جیۆپۆلیتیکی و دیپلۆماسی بکۆڵینەوە، ئەوا هەردوو لا هاوڕان لەسەر دکتۆرینی ئاسایشی هەرێمایەتی و پێویستیی هێورکردنەوەی گرژییەکان، دژایەتیکردنی توندڕەوی، و بەهێزکردنی کەلتووری پێکەوەژیان و لێبوردەیی. بە لێکۆڵینەوە لە رەهەندی ئابووری و وەبەرهێنان، لەسەر بنەمای تیۆریی کارایی بازار و راکێشانی سەرمایەگوزاریی بیانی، ئەوا کارکردنی کۆمپانیا گەورەکانی ئیمارات لە هەرێم، بەتایبەت لە کەرتەکانی وزە، ژێرخان و بوارە جۆراوجۆرەکانی وەبەرهێنان، سەلمێنەری ئەو راستییەن کە ئیمارات هەرێمی کوردستان وەکوو دەروازەیەکی ئارام و زەمینەیەکی بەپیت بۆ وەبەرهێنانی درێژخایەن دەبینێت. هاوکات، دیدگای سەرۆکی حکوومەت لە چاکسازی و بە دیجیتاڵکردنی دامەزراوەکان، سوودوەرگرتن لە مۆدێلی سەرکەوتووی حوکمرانی و کارگێڕیی ئیمارات لەخۆدەگرێت، کە بەشداریی کارای بەڕێزیان لە لووتکە جیهانییەکان بەڵگەی ئەو هاوکارییە هزری، دامەزراوەیی و کارگێڕییە بەرزەی نێوانیانە.
بەهێزبوونی بەردەوامی پەیوەندییەکانی هەولێر و ئەبوزەبی، بە تایبەتی لە رێگەی کونسوڵخانەی گشتیی ئیمارات لە هەولێر و دیالۆگی بەردەوامی ئاستبەرز، گەرەنتیی ئەوە دەدات کە ئەم هاوبەشییە لە رەهەندی کلاسیکییەکەیەوە بەرەو هاوکاریی فرەچەشن لە بوارەکانی تەکنەلۆژیا، دروستکردنی دەرفەتی کار، و ئاسایشی خۆراك هەنگاو بنێت. هەوڵە بەردەوامەکان و دیپڵۆماسییە کاراکەی سەرۆکی حکوومەت مەسرور بارزانی لەم ئاڕاستەیە، پێگەی هەرێمی کوردستان لە سەر نەخشەی دیپلۆماسیی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی قووڵتر و بەهێزتر دەکات و بنەمایەکی تۆکمە بۆ پاشەڕۆژێکی پرشنگدارتر بۆ هەردوو گەلی کوردستان و ئیماراتی عەرەبی یەکگرتوو دادەمەزرێنێت.
لە رووی مێژوویی و سیاسییەوە، ئەم هاوبەشییە درێژەپێدەری ئەو رێبازە دیپلۆماسییەیە کە لەسەر دەستی باوکی روحی نەتەوەی کورد مستەفا بارزانی بۆ دروستکردنی پەیوەندیی دۆستانە لەگەڵ جیهانی عەرەبی، و روانگەی دووربینانەی شێخ زاید بن سولتانی ئال نەهیان بۆ میانڕەوی و هاوکاریی ناوچەیی بناخەی بۆ دانراوە.
تێکەڵبوونی ئەم دوو قوتابخانە سیاسییە لە سەردەمی نوێدا، لە رێگەی دیپلۆماسیی چالاکی مەسرور بارزانی و هاوئاهەنگیی لەگەڵ سەرکردایەتیی ئیمارات، نەک تەنیا رێزگرتنە لە مێژووی پەیوەندییەکان، بەڵکو گۆڕینی ئەو میراتە مێژووییەیە بۆ هێزێکی سیاسیی هاوچەرخ کە توانای داڕشتنەوەی هاوسەنگیی هێز و بەدیهێنانی سەقامگیریی درێژخایەنی لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە.