د. سامان سۆرانی
نووسەر
سەرۆك بارزانی و ریفراندۆم ترۆپکی ئیرادە و مانیفێستی سەروەریی نیشتمانی
مێژووی سەربەرزانەی نەتەوەی کورد گوزارشتێکی دلێرانەیە لە ئیرادەی گەلێك، کە بڕیاری داوە لەژێر سایەی هیچ زۆرداری و دەستدرێژییەك کۆڵ نەدات لە خەبات و تێکۆشان.
لە ناوەندی ئەم مێژووە پڕ لە سەروەرییە دۆکترینی بارزانی نەمر وەکوو کۆڵەکە و فەلسەفەی سەرەکیی خەباتی رزگاریخوازیی کورد خۆی بەرجەستەکرد و فەلسەفەیەك کە تەنها لە سنووری شۆڕش و بەرەنگاربوونەوەی رژێمە دیکتاتۆرەکان سنووردار نەبوو، بەڵکو بوو بە نەخشەڕێگەیەکی گشتگیر بۆ بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی نیشتمانپەروەر، دادپەروەر و خۆڕاگر. ئەم دۆکترینە لەسەر باوەڕهەبوونی رەها بە مافی دیاریکردنی چارەنووس، پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی، و بەها بەرزەکانی مرۆڤدۆستی دابین کراوە، کە تێیدا رەوشتی بەرزی خەبات، شوێنکەوتنی دادپەروەری، و رێزگرتن لە کەرامەتی مرۆڤ بوونە مەرجی بنەڕەتیی سەرکەوتن.
ئەم رێبازە سەلماندی کە خەبات بۆ ئازادی بریتییە لە پاراستنی ئاکاری بەرگری و دەستگرتن بە بنەما ئەخلاقییەکانەوە، بۆ ئەوەی ئەو خەباتە ببێت بە هۆکاری مانەوەی رەوایەتیی پرسی کورد لەسەر ئاستی جیهان.
رەهەندێکی سەرەکی و بێوێنەی دۆکترینی بارزانی نەمر، چەسپاندنی کەلتووری پێکەوەژیانی ئاشتییانە و لێبوردەیییە لەنێوان هەموو نەتەوە و ئایینە جیاوازەکانی کوردستان.
بەپێی ئەم هزرە نیشتمانییە، کوردستان لانە و سەنگەری هاوبەشی سەرجەم نەتەوە و ئایین و ئایینزا و پێکهاتەکانی دیکەیە و هەمووان لە سایەی ئاڵای نیشتمان هاوبەشن لە ماف و ئەرکەکان.
ئەم دیدگایە توانیویەتی هەرێمی کوردستان بکاتە پەناگە و دوورگەیەکی ئارام بۆ ئاوارە و پەنابەران و ببێت بە نموونەیەکی درەوشاوەی تەبایی لە ناوچەیەکدا، کە بەداخەوە لە رابووردوودا نغرۆی ململانێی ئایینگەرایی و تایفەگەرایی بوو.
لەسەر بنەمای ئەم رێبازە، دۆزی کورد لە چوارچێوەیەکی ناوچەییی بەرتەسکەوە گوازرایەوە بۆ پرسێکی رەوای نێودەوڵەتی، کە پشت بە زانست، دیپلۆماسی و داوای مافە دەستووری و سروشتییەکان دەبەستێت.
لە درێژەی ئەم خەباتە نەتەوەییەدا و وەکوو درێژەپێدەری راستەقینەی ئەم فەلسەفە پیرۆزە، سەرۆك مەسعود بارزانی مێژوویەکی پڕ لە سەروەری و سەرکردایەتیی حەکیمانەی ئاڕاستەی پرسی نەتەوەیی کردووە.
جەنابیان رۆڵێکی مێژوویی و یەکلایکەرەوەی بینیوە لە پاراستنی سەروەریی نیشتمان و چەسپاندنی پایەکانی قەوارەی سیاسی و دەستووریی هەرێمی کوردستان.
لە هەموو وەرچەرخانە سیاسی، دیپلۆماسی و سەربازییە چارەنووسسازەکان، لە بەرەنگاربوونەوەی قارەمانانەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە فەرماندەیی راستەوخۆی سەرۆك بارزانی لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعشەوە بگرە، تا دەگاتە پووچەڵکردنەوەی پیلانگێڕییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، ئامادەییی بەردەوامیان لە سەنگەرەکانی پێشەوەی بەرگری، سەلمێنەری ئەوە بووە، کە رێبازی بارزانی نەمر قوتابخانەی بڕیاری ئازاد و خۆنەچەماندنە بەرامبەر بە نسکۆ.
لە ترۆپکی ئەم خەباتە رەوایەدا و لە یادی مێژووییی ریفراندۆمی سەربەخۆییدا، سەرۆك بارزانی ریفراندۆمی وەکوو نەخشەڕێگای ئیرادە و مانیفێستی رەوایەتیی گەلی کوردستان نەخشاند.
بڕیارێکی وەرچەرخان، کە تێیدا دەنگی ئازادانەی نەتەوەیەك بۆ سەربەخۆیی و دیاریکردنی چارەنووس بوو بە بەڵگەنامەیەکی حاشاهەڵنەگر لە مێژوودا و سەلماندی کە ئیرادەی نەتەوەیی گەلی کوردستان لە سەرەوەی هەموو هاوکێشەکانەوەیە.
سەرکردایەتیکردنی پرسی کورد لەلایەن سەرۆك بارزانییەوە هەمیشە تێکەڵەیەك بووە لە حیکمەتی سیاسی، نەرمی لە دیپلۆماسیدا، و سازش نەکردن لەسەر بنەما سەرەکییەکانی مافی دیاریکردنی چارەنووس و کەرامەتی نەتەوەیی.
ئامۆژگاری و هەڵوێستە بەردەوامەکانی جەنابیان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە یەکڕیزیی نیشتمانی و تەبایی نێوان لایەنە سیاسییەکان کۆڵەکەی بەهێزی مانەوەی دەستکەوتەکانمانە، و بێ ئەم یەکڕیزییە چاوی تەماحکاران بۆ لاوازکردنی قەوارەی کوردستان تیژتر دەبێتەوە. دەستکەوتەکانی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان لە دامەزراوەییبوون، گەشەپێدان، و بەهێزبوونی پێگەی دیپلۆماسی لەسەر ئاستی جیهان، بەرهەمی ئەندازیاریی ئەو ڕێبازە نیشتمانییەیە، کە بارزانی نەمر تۆوی چاندووە و سەرۆك بارزانی بە حیکمەت و خۆڕاگرییەوە گەشەی پێ داوە.
ئەمڕۆ، وەفاداری بۆ دۆکترینی بارزانی نەمر و خەباتی بێوچانی سەرۆک بارزانی، تەنها لە بەرز راگرتنی یاد و سەروەرییەکانی رابردوودا کورت نابێتەوە، بەڵکو ئەرکێکی نیشتمانی و ئەخلاقیی ئەوتۆی خستۆتە سەر شانی تەواوی تاکەکانی کوردستان تا بە باوەڕێکی بەهێزترەوە بەرەو ئاییندە هەنگاو بنێن.
ئەزموونی دەوڵەمەندی ئەم قوتابخانەیە پێمان دەڵێت کە تەنها بە پشتبەستن بە ئیرادەی رەوای گەل، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، رێزگرتن لە خوێنی شەهیدان، پاراستنی پەیامی ریفراندۆم و بەهێزکردنی دامەزراوە دەستوورییەکان، دەتوانرێت دەستکەوتەکان بپارێزرێن و ئاسۆی رووناکتر بۆ نەوەکانی داهاتووی کوردستان مسۆگەر بكرێت، ئەمە ئەو مەشخەڵە نیشتمانییەیە کە هەرگیز ناکوژێتەوە و وەکوو هێمای ئازادی و سەربەرزی لە ئاسمانی کوردستان دەدرەوشێتەوە.