فاتح مەولەویزادە
نووسەر
ریفراندۆم؛ دەنگێک مێژوو نایسڕێتەوە
ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان، کە لە 25ی ئەیلوولی 2017، لە سەردەمی رێزدار جەنابی سەرۆک بارزانی ئەنجام درا، تەنیا رووداوێکی سیاسی نەبوو؛ بەڵکو ساتێکی مێژوویی بوو، کە گەلێک بە دەنگی خۆی ویستی بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆی دەربڕی.
لەو رۆژەدا، خەڵکی کوردستان لە ناو دۆخێکی پڕ لە فشار، هەڕەشە، دژایەتیی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا، بەرەو سندووقی دەنگدان چوون و پەیامێکی روونیان بە جیهان گەیاند. سەلماندیان مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان دەوێت، بە فشار و هەڕەشە دەستبەردار نابن.
بەداخەوە، جیا لە بەغدا بەشێک وڵاتانی دەراوسێ و زلهێزەکان، لەبری گوێگرتن لە دەنگی خەڵک، هەوڵیاندا ئەو دەنگە سیاسییە لاواز بکەن. ئەوەی روویدا، لە سنووری ئەنجامێکی سیاسی فراوانتر بوو؛ چونکە دەنگی گەل بوو، دەنگی گەلیش بە هێزی هیچ دەسەڵاتێک نامرێت.
لەو قۆناخە هەستیارەدا، کارێزما و بوێرییە سیاسییەکەی سەرۆک بارزانی رۆڵێکی گرنگی هەبوو. بێ سڵەمینەوە توانای ئەوەی هەبوو پرسی کوردستان لە چوارچێوەی ناوخۆییەوە بەرەو ئاستێکی ناوچەیی و نێودەوڵەتی ببات.
ریفراندۆم تەنیا دەنگدان نەبوو؛ پەیمانێک بوو لەنێوان گەل و مێژوو. رەنگە سیاسەت بتوانێت هەندێک ئەنجام دواخات، بەڵام ناتوانێت ویستی گەلێک لە مێژوودا بسڕێتەوە. مێژوو دەگۆڕێت، حکوومەتەکان دەگۆڕێن، هاوسەنگییە سیاسییەکان دەگۆڕێن؛ بەڵام ئەو گەلەی جارێک بە دەنگی خۆی وتوویەتی «من خاوەنی چارەنووسی خۆمم»، بە ئاسانی لە یاد ناچێت.