ستراتیژی مەسرور بارزانی بۆ قۆناخی پاش کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا

ستراتیژی مەسرور بارزانی بۆ قۆناخی پاش کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا
ستراتیژی مەسرور بارزانی بۆ قۆناخی پاش کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا

لە مێژووی هاوچەرخی عێراقدا، کەم رووداو هەیە کە بە ئەندازەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان رەهەندی قووڵی جیوپۆلەتیکی هەبێت. لە چوارچێوەی تیۆریی سیستەمی نێودەوڵەتی ، کە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، هەموو بەش و پێکهاتەکانی ناو سیستەمێك بەیەکەوە بەستراون و گۆڕانکاری لە یەك لایەندا کاریگەریی راستەوخۆ لەسەر هاوسەنگیی گشتی دروست دەکات، ئەم هەنگاوە وەرچەرخانێکی بنەڕەتییە. کشانەوەی هێزەکان دەتوانێت داهاتووی ئاسایش و سەقامگیریی سەرجەم پێکهاتەکانی وڵات، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، بخاتە قۆناخێکی پڕ لە ئاڵنگاری و پرسیاری چارەنووسسازەوە.

لە دیدگای زانستیی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانەوە، کشانەوەی هاوپەیمانان چەمکی کلاسیکی (بۆشایی دەسەڵات) دەهێنێتە ئاراوە، بۆشاییەك کە ئەگەر بە میکانیزمی دامەزراوەیی پڕ نەکرێتەوە، دەبێتە ژینگەیەکی لەبار بۆ گەشەسەندنی تەوژمە توندڕەوەکان و تێکچوونی سەقامگیریی پێکهاتەیی. لە هەمان کاتدا، سەروەریی راستەقینە تەنیا بە چۆڵکردنی بنکەکان یان لێدوانی روکەش نایەتە دی، بەڵکو مەرجی سەرەکی بریتییە لە توانای دامەزراوەیی دەوڵەت لە مۆنۆپۆلکردنی توانا سەربازییەکان و کۆنترۆڵکردنی تووندوتیژی لە تەواوی خاکی وڵاتدا.

هەرێمی کوردستان بەهۆی پێگە جیۆستراتیژییەکەیەوە، رووبەڕووی دۆخێکی تەنهایی ستراتیژی دەبێتەوە. لادانی چەترە بەرگرییەکان و سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە بنکە ستراتیژییەکان، مەترسییەکی جددی لەسەر ژێرخانی وزە و ناوەندە حوکمڕانییەکان دروست دەکات. لێرەدا، قەیرانەکە تەنیا لە ململانێی زەمینیدا کورت نابێتەوە، بەڵکو پاراستنی ئاسایشی ئاسمانی و رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی درۆنی و مووشەکییە لە سایەی لاوازیی توانای هەواڵگریی سەربەخۆدا. هاوکات، مەترسیی بەکارهێنانی عێراق وەکوو گۆڕەپانی پێکدادانی هێزە هەرێمییەکان، پێویستیی بە ستراتیژێکی بەرگریی نیشتمانیی تۆکمە هەیە.

لەناو ئەم هاوکێشە ئاڵۆزەدا، دیدگای سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، لەسەر بنەمای "واقعبینیی ستراتیژی و پاراستنی سەقامگیریی هاووڵاتییان" بونیادنراوە. 

سەرۆکی حکوومەت جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەرکی لەپێشینەی حکوومەت پاراستنی ئارامی و دڵنیابوونەوەی هاووڵاتییانە لە داهاتوویان، کە ئەمەش تەنیا بە گوتاری سیاسی بەدی نایەت، بەڵکو پێویستی بەم هەنگاوە پراکتیکیانەی خوارەوە هەیە:

• گواستنەوە بۆ خۆبژێویی سەربازی: کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا دەبێت ببێتە دەرفەتێك بۆ پەرەپێدانی هێزی پێشمەرگە و گواستنەوەی قەوارەی هەرێم لە پشت بەستن بە دەرەوە بەرەو قۆناخی خۆبژێویی سەربازی و توانای خۆماڵی.

• پاراستنی ئاسایشی ئابووری و ژینگەی وەبەرهێنان: هەبوونی چەترێکی ئارام بۆ وەبەرهێنانی ئابووری و پاراستنی ژیانی رۆژانەی هاووڵاتییان، پێویستی بە هاوبەشیی ستراتیژی و رێوشوێنی پێشکەوتووی تەکنیکی و بەرگری هەیە.

• گرێدانی ئاسایش بە خۆشگوزەرانییەوە: خەرجییەکانی بەرگری و هەنگاوە ئەمنییەکان دەبێت راستەوخۆ لە خزمەتی ژیان و گوزەرانی رۆژانەی هاووڵاتییان و پاراستنی بەرهەمی ماندووبوون و قوربانیدانی خەڵکی کوردستاندا بن.

• هاوسەنگیی دەستووری و دیالۆگی نیشتمانی: رێگری لە دروستبوونی بۆشایی ئەمنی تەنیا لە رێگەی پابەندبوون بە هاوسەنگییە دەستوورییەکان و دیالۆگی بنیاتنەر لەگەڵ بەغدا دەکرێت، بۆ ئەوەی بڕیاری ئاسایشی لە کێشمەکێشی حزبی پاک بکرێتەوە و پارێزگاری لە قەوارەی دەستوریی هەرێم بکرێت.

ئاوڕدانەوەی سەرۆکی حکوومەت بۆ ئەم قۆناخە، دیدگایەکە کە ئایندەی عێراق و هەرێمی کوردستان بە ژیریی سیاسی و رەفتاری واقعبینانە گرێ دەدات.
 
ئەگەر ئەم کشانەوەیە نەبێتە مایەی لێکتێگەیشتنی ستراتیژی و نیشتمانی، ئەوا دەبێتە دەروازەیەك بۆ قەیرانی قوولتر، بۆیە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرکردایەتیی مەسرور بارزانی، بە پلانی تۆکمە و کارکردنی بەردەوام، هەوڵ دەدات سەقامگیریی هەرێم وەك فاکتەرێکی سەرەکیی ئارامی لە ناوچەکەدا بپارێزێت.