شێرکۆ حەبیب
نووسەر
ئایا بەغدا بەهێز بێت، لە بەرژەوەندیی هەولێرە؟
لە هەر قۆناخێکی نوێی سیاسیی عێراق، پەیوەندیی نێوان بەغدا و هەولێر دەبێتەوە بە یەکێک لە گرنگترین پرسیارەکانی داهاتووی عێراق و کوردستان. ئەمجارەش پرسیارەکە تەنها ئەوە نییە کە پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێم چۆن دەبێت، بەڵکو پرسیارێکی قووڵتر لە پشت ئەو پەیوەندییەوە هەیە: کوردستان چۆن دەتوانێت لەگەڵ بەغدایەکی بەهێز هاوبەشی و هاوڕێی سیاسی بێت، بەبێ ئەوەی مێژووی ناخۆشییەکانی ڕابردوو دووبارە ببنەوە؟
بۆ کورد، وشەی (بەغدای بەهێز) هەمیشە وشەیەکی سادە نەبووە. لە مێژووی نوێی عێراقدا، بەهێزبوونی دەسەڵاتی ناوەندی زۆرجار لەگەڵ زیادبوونی فشار لەسەر کوردستان هاوتا بووە، بۆیە پێویستە کورد تەنها بە گوێگرتن لە دروشمە سیاسییەکان نەڕوانێتە داهاتوو، بەڵکو بە ئەزموونی مێژوویی خۆی.
لە سەردەمی شۆڕشەکانی بارزان، ئەم ئەزموونە بە ڕوونی دیار بوو، کاتێک حکومەتی عێراق خۆی بەهێز دەبینی و پشت بە هێزە بیانییەکان، لەوانەش هێزەکانی ئینگلیز، دەبەست، هەڵسوکەوتی لەگەڵ کوردستان زۆرجار لەسەر بنەمای هێز و سەرکوتکردن بوو. بەڵام کاتێک دەسەڵاتی ناوەندی لە قۆناغێکدا خۆی لاواز دەبینی، دەرگای گفتوگۆی دەکردەوە و هەوڵی نزیکبوونەوەی لەگەڵ کورد دەدا.
هەمان شت لە میانەی شۆڕشی ئەیلولیشدا بە شێوەیەکی دیارتر خۆی نیشان دا. هەر کاتێک بەغدا هەستی بە لاوازی دەکرد، دروشمەکانی وەک (کورد و عەرەب برانە) و گفتوگۆ و چارەسەری سیاسی دەهاتنە پێشەوە، بەڵام کاتێک دەسەڵاتی ناوەندی خۆی لە شوێنێکی بەهێزتر دەبینیەوە، هەمان ئەو پەیوەندییانە بە بە هێرشی زۆر دەگۆڕدرا.
ئەم مێژووە وای کردووە کورد بەغدای بەهێز تەنها بە پێوەری ژمارەی هێزە چەکدارەکان و توانای ئابووری نەبینێت، بەڵکو بە پێوەری چۆنیەتی بەکارهێنانی ئەو هێزە هەڵیبسەنگێنێت.
بەغدای بەهێز، ئەگەر بەغدای دەستوور و یاسا بێت، دەتوانێت هۆکاری ئارامی و جێگیریی هەموو عێراق بێت. بەڵام ئەگەر بەهێزبوونی بەغدا بە مانای لاوازکردنی هەرێم، پشتگوێخستنی مافە دەستوورییەکانی کورد، یان بەکارهێنانی هێز بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییە سیاسییەکان بێت، ئەوا بۆ کوردستان دڵەراوکێیەکی ڕاستەقینە دروست دەکات.
دوای 2003؛ مێژوو دەبێت بگۆڕێت
دوای ساڵی 2003، عێراق هەلی نوێی مێژوویی بۆ ڕەخسا. دەستووری ساڵی ٢٠٠٥ عێراقی بە سیستەمێکی فیدراڵ ناساند و هەرێمی کوردستانی بەشێکی دەستووریی عێراق دانا. ئەمە دەبوو بنەمای پەیوەندییەکی نوێ لە نێوان بەغدا و هەولێر بێت، پەیوەندییەک کە تێیدا مافەکان بە هێز لەبەرچاو نەگیرێن، بەڵکو بە دەستوور و یاسا پارێزراو بن.
بەڵام لە ساڵانی دوای 2003دا، کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بە تەواوی چارەسەر نەکراون. ماددەکانی دەستوور کە پەیوەندییان بە هەرێم و مافەکانییەوە هەیە، هەموویان بە شێوەیەکی تەواو جێبەجێ نەکراون و هەندێک بابەتی سەرەکی، وەک کێشەی ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم، سامانە سروشتییەکان و پەیوەندیی دارایی، بوونەتە سەرچاوەی بەردەوامیی ناکۆکی.
کێشەکە لێرەدایە: کوردستان لە دوای ٢٠٠٣ هەوڵی داوە زۆربەی ئەو گرفتە سیاسییە و دەستوورییە بە ڕێگای گفتوگۆ و دامەزراوەکانی دەوڵەت چارەسەر بکات، بەڵام ئەنجامی هەموو ئەو هەوڵانە بە ئاستی ئەو چاوەڕوانییە نەگەیشتووە.
کاتێک مووچە و بودجە و مافە داراییەکانی هەرێم دەبنە بابەتی کێشە و ناکۆکی، ئەوا بابەتەکە تەنها ژمارەیەک لە بودجە نییە، بەڵکو پەیوەندییەکی سیاسییە کە دەبێت لە چوارچێوەی دەستووردا چارەسەر بکرێت.
کوردستان نابێت داوای مافەکانی لە دەرەوەی دەستوور بکات کە هەڵبەتە بەو شێوازە دەستووریە مامەلەی کردوە، بەڵام لە هەمان کاتدا نابێت ئەو مافانەشی کە دەستوور بۆی دیاری کردوون، ببنە بابەتی گفتوگۆی بێکۆتایی.
کورد لە بەغدای بەهێز ناترسێت، لە بەغدای بێ پابەندی دەترسێت
لەوانەیە جیاوازییەکی زۆر هەبێت لەنێوان ئەو دوو وتەیە: (کورد لە بەغدای بەهێز ناترسێت) و (کورد لە بەغدای بێ پابەندی بە دەستوور دەترسێت)
کوردستان پێویستی بە عێراقێکی بەهێز هەیە، عێراقێک کە دامەزراوەکانی بەهێز بن، یاسا لەسەرووی هەمووان بێت، سنوورەکان پارێزراو بن، ئابووری پێش بکەوێت و دەسەڵاتی یاسایی تەنها دەسەڵاتی بەکارهێنانی هێز نەبێت.
بەغدای بەهێز دەتوانێت پشت و پەنای کوردستان بێت، ئەگەر ئەو بەهێزییە لەسەر بنەمای هاوبەشی و دەستوور دروست بونیاد نرابێت، بەڵام ئەگەر بەهێزیی بەغدا بە هەژمارکردنی لاوازیی هەولێر دروست بکرێت، ئەوا پەیوەندییەکە دەگاتە شوێنێک کە کوردستان ناچار دەبێت لە هەر هەنگاوێکی بەغدا بپرسێت: ئەم هەنگاوە بۆ بەهێزکردنی عێراقە یان بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵاتی هەرێم؟ ئەم پرسیارە لە مێژووی کورددا بەبێ هۆ نییە.
هەولێر دەبێ چی بکات؟
لە قۆناخی ئێستادا، هەولێر پێویستی بە سیاسەتێکی ڕوون و جێگیر هەیە. نە دەکرێت پەیوەندی لەگەڵ بەغدا تەنها لە کاتی قەیراندا چالاک بێت، نە دەکرێت هەموو کێشەیەک ببێتە ملمێلانێکی سیاسی.
هەولێر دەبێت بەردەوام پشت بە دەستوور ببەستێت و لە هەمان کاتدا دەرگای گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بە کراوەیی بهێڵێتەوە. چونکە ئەگەر چارەسەری کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بە ڕێگای سیاسی نەبێت، ئەوا هیچ ڕێگایەکی تر ناتوانێت جێی گفتوگۆ و یاسا بگرێتەوە.
لە هەمان کاتدا، یەکڕیزیی کوردی گرنگتر لە هەر کاتێکدا بۆ ئەوەی کورد بدەتوانێت لە بەغدا مافە دەستوورییەکانی خۆی بەهێزتر بپارێزێت کە لە ناوخۆی خۆیدا لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی گشتی ڕێک بکەوێت.
ئەمە بە مانای یەکدەنگی لەسەر هەموو شتێک نییە، بەڵکو بە مانای ئەوەیە کە لە بابەتە نیشتیمانییەکاندا، ناکۆکیی سیاسی نابێت ببێتە هۆی لاوازبوونی هەڵوێستی کورد لە بەغدا.
گرنگە بەغدا مێژوو بخوێنێتەوە
ئەم پرسیارە تەنها ئاراستەی هەولێر نییە. بەغداش دەبێت بزانێت کە مێژووی پەیوەندیی نێوان کورد و دەسەڵاتی ناوەندی لە عێراق مێژوویەکی پڕ لە زامە، ئەگەر بەغدا بەڕاستی دەیەوێت عێراقێکی بەهێز دروست بکات، پێویستی بە کوردستانێکی بەهێز هەیە، نە کوردستانێکی لاوازکراو، عێراق بە یەکدەستیی زۆرەملێ بەهێز نابێت، بەڵکو بە هاوبەشیی هەموو پێکهاتەکانی بەهێز دەبێت، ئەو بەغدایەی کە دەستوور جێبەجێ دەکات، مافەکانی هەرێم دەپارێزێت و کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر دەکات، دەتوانێت متمانەی کوردستان بەدەست بهێنێت، بەڵام ئەو بەغدایەی کە هەر کاتێک بەهێز دەبێت، مافەکانی هەرێم لەبیر دەکات، ناتوانێت بە هێزی تەنها متمانە دروست بکات.
ئێستا کاتی گۆڕینی ئەو مێژووەیە
کاتەکە هاتووە کە پەیوەندیی بەغدا و هەولێر لە قۆناخێکی نوێدا پێناسە بکرێتەوە، قۆناخێک کە تێیدا بەهێزی عێراق و بەهێزی کوردستان بەرامبەر یەکتر دانەنرێن، بەغدای بەهێز دەتوانێت کوردستان بترسێنێت، ئەگەر مێژوو دووبارە بکرێتەوە، بەڵام دەتوانێت کوردستان دڵنیابکات، ئەگەر دەستوور ببێتە بنەمای هەڵسوکەوت، کوردستانیش نابێت لە بەهێزبوونی عێراق بترسێت، بەڵکو دەبێت هەوڵ بدات ئەو بەهێزییە لە ناو چوارچێوەی دەستوور و فیدراڵیزمدا ئاراستە بکرێت.
لە کۆتاییدا، کێشەکە ئەوە نییە کە بەغدا بەهێز بێت یان نەبێت؛ پرسیاری سەرەکی ئەوەیە:
بەغدا بۆ چی بەهێز دەبێت؟ ئەگەر بۆ پاراستنی دەستوور، یاسا، هاوبەشی و هەموو پێکهاتەکانی عێراق بێت، بەهێزی بەغدا دەتوانێت بەهێزی هەموو عێراق بێت. بەڵام ئەگەر بەهێزی بەغدا بە نرخی لاوازکردنی هەولێر بێت، ئەوا مێژوو هێشتا وانەکانی خۆی لەبیر نەکردووە، ئەمڕۆ پێویستە بەغدا لە مێژوو فێربێت، چونکە عێراقی نوێ نابێت بە دووبارەی مێژووی کۆن دروست بکرێت، بەڵکو بە چارەسەرکردنی زامەکانی مێژوو و دامەزراندنی متمانەیەکی نوێ لە نێوان بەغدا و هەولێر، و ئەگەر پێداچوونەوەیەک بۆ مێژوو بکەین دەبینین ساتێک بەغدا بەهێز بوو نەیتوانیوە سەرکەوتن بەدەست بهێنێت بەرامبەر هێزەکانی پێشمەرگە مێژوو ئەو شایەدیە دەدات.