مافە دەستوورییەکان لە ژێر رۆشنایی پەیامەکەی سەرۆک بارزانیدا

مافە دەستوورییەکان لە ژێر رۆشنایی پەیامەکەی سەرۆک بارزانیدا
مافە دەستوورییەکان لە ژێر رۆشنایی پەیامەکەی سەرۆک بارزانیدا

لە پەیامێکی سیاسیی روون و جەختکەرەوەدا، سەرۆک مەسعود بارزانی لە رێوڕەسمی کۆتاییهاتنی خولی بیستەمینی پەیمانگەی کادیرانی پارتی دیموکراتی کوردستان، جەختی لەسەر بنەما نەگۆڕەکانی پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ کردەوە و رایگەیاند "بەپێی دەستوور داوای مافەکانمان دەکەین، نه زیاترمان دەوێ و نه کەمتر قبووڵ دەکەین". ئەم هەڵوێستە سیاسییە ئاماژەیەکی روونە کە خواستی هەرێمی کوردستان بەخشش یان ئیمتیازی سیاسی نین تا حکوومەتی فیدراڵی بە هەرێمی کوردستانی ببەخشێت، بەڵکو ئیلتزاماتی یاسایی و ماف و شایستەی رەوان کە لە دەستووری کۆماری عێراقی ساڵی 2005دا وەک بەرزترین مەرجەعی یاسایی لە وڵاتدا چەسپێنراون.

ئەگەرچی گەلی کوردستان لە راپرسی نیشتمانیی دەستووردا بە شێوەیەکی بەرفراوان دەنگی بە بەڵێ بۆ دەستووردا، ئەویش بە مەبەستی بنیاتنانی عێراقێکی فیدراڵی، دیموکراتی و فرەیی ئایین و نەتەوە کە تیایدا مافی کورد و هەموو پێکهاتەکان بپارێزێت، بەڵام بەردەوامبوونی سیاسەتی هەڵکشان بەرەو مەرکەزییەت و نادیدەگرتنی سیستەمی فیدراڵی و رێز نەگرتن لە ناوەڕۆکی دەستوور لەلایەن حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی بەغداوە، بووەتە هۆی دروستبوونی دەیان پێشێلکاریی دەستووری. 

لە سەرەکیترین ئەو پێشێلکارییانەش، پەکخستن و پاشگەزبوونەوەیە لە جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستوور و رەتکردنەوەی ئاساییکردنەوە، سەرژمێری و راپرسی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، کە ئەمەش رەنگدانەوەی پەراوێزخستنی یاسایی و دیموگرافیی ئەو ناوچانەیە.

هاوکات لە کەرتی بەڕێوەبردنی نەوت و گاز و سامانە سروشتییەکاندا، دەرنەچوونی یاسای نەوت و گازی فیدراڵی تاوەکو ئێستا وەک بۆشاییەکی یاسایی گەورە ماوەتەوە، لە کاتێکدا دەرچوونی ئەم یاسایە پێویستییەکی حەتمیی دەستوورییە بۆ رێکخستنی تەواوی پرۆسەی بەڕێوەبردنی نەوت و گاز لە عێراقدا، بە شێوازێک کە مافە رەوا و چەسپاوەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ئەم یاسا فیدراڵییەدا بە تەواوی جێگیر بکرێت. 

نەبوونی ئەم یاسایەش رێگەی خۆشکردووە بۆ پێشێلکردنی مافە ئابووری و داراییەکانی هەرێمی کوردستان و بەکارهێنانی شایستە داراییەکان و مووچەی مووچەخۆران وەک کارتی فشاری سیاسی و ئامرازێک بۆ  سزادانی بەکۆمەڵی خەڵکی کوردستان، کە ئەم هەڵسوکەوتە سیاسییە تەواو دژبەری بنەماکانی فیدراڵیزمی ئابووری و شەراکەتی نیشتمانییە.

لە لایەکی ترەوە، سەرەڕای ئەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بەپێی بەندەکانی دەستوور بەشێکی رەسەن و یاسایین لە سیستەمی بەرگریی فیدراڵی، لەم سۆنگەشەوە بەغدا بە بەردەوامی سیاسەتی پەراوێزخستن و بێبەشکردنی لە چەک و شایستەی دارایی پەیڕەو کردووە، ئەمەش هاوشانی تێکدانی بنەما سەرەکییەکانی وەک شەراکەت، هاوسەنگی و تەوافوق لە بڕیارە ئاسایشی و ستراتیژییە نیشتمانییەکاندا.

دەستووری کۆماری عێراق پەیماننامەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسیی گشتگیرە، جێبەجێکردنی تەواوی بەندەکانی بەیەکەوە مەرجی سەرەکیی مانەوەی یەکێتیی ئارەزوومەندانەی وڵات و دەستەبەرکردنی سەقامگیرییە لە عێراقدا، لە دەرئەنجامدا وەک سەرۆک بارزانی ئاماژەی پێداوە، هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک داوایەکی لەدەرەوەی دەستوور نییە، بەڵام رەتیشی دەکاتەوە لەژێر هیچ فشارێکدا هەرێمی کوردستان دەستبەرداری مافە دەستوورییەکانی ببێت، چونکە رازیبوون بە کەمتر لەو مافانەی کە لە دەستووردا ئاماژەیان پێدراوە، دەبێتە هۆی بێهێز بوونی پێگەی هەرێمی کوردستان و لە هەمان کاتدا مەترسییە بۆ سیستەمی فیدرالیزم لە عێراقدا.